له‌سه‌رهێل 102
شه‌ممه‌ 21 پووشپه‌ڕ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شەهید عەبدولكەریمی بيگزادى

تێكۆشانی بێ وچانی خەڵكی بەشخوراوی كوردستان بە درێژایی مێژوو نەپساوەتەوە و لە قۆناغە جۆراو جۆرەكانی خەباتدا بە شێوەی جیا جیا بە گژ زاڵمترین و بە دەسەڵاتترین ڕژێمی دژی گەل و دژی ئینسانیدا چووە، وە هیچ هێزێك نەیتوانیوە لەو ڕێگا پیرۆزەدا بی گەڕێنێتەوە. بە خەبات و تێكۆشان ڕۆڵە بە شەرەفەكانی گەلی كورد، پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان لەو ماوەدا توانیویانە هەموو پیلان و دەست درێژییەكانی ڕژێمی بە ناو ئیسلامی پوچەڵ بكەنەوە و لە بەرانبەر ئاگری بێ ئامانی تۆپ و خۆمپارە و بۆمب دا، شێرانە ڕاوەستاون و لە شەرەف و گیان و ناموس و ماڵی گەلەكەیان پاسەوانیان كردووە. ئەو ئاگرە بێ ئامانەی كە دوژمنانی ئێمە لە كوردستان هەڵیان گیرساندووە بە هۆی گیانبازی قارەمانانەی پێشمەرگە كورد پەروەرەكانی كوردستان لە گیانی خۆیان بەر بۆتەوە و تا ئێستا هەزاران هەزاریان لە ناوی دا بۆتە خۆڵەمێش وە هەتا هێرش و تەجاوەز زۆرتر بێ ڕق و تووڕەیی كۆمەڵانی زۆر لێكراوی كوردستان زیاتر دەبێ و ڕۆڵە دلێرەكانی كورد باشتر و زۆرتر لە دەوری خەبات كۆ دەبنەوە.
لەم ڕێگەیەدا گەلەكەمان ئامادە بووە و ئامادەیە باشترین و دڵسۆزترین ڕۆڵەی خۆی فیدا بكاو بیاننێرێتە ناو كۆڕی سەروەرە نەمرەكانەوە.
ئەو سەروەرانەی كە نامرن و هەمیشە زیندوون. یادی ئەمجارەمان یادی سەروەرێكی تر كە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لە شەڕی پادگانی بانەو گەمارۆدانی لەلایەن قارەمانەکانی کوردستانەوە لە 6ی بانەمەڕی 1359دا بە دەستی دوژمنان شەهید بوو، ئەویش شەهید عەبدولکەریمی بيگزاديە.
ئەو ڕۆڵە تێكۆشەرە لە ساڵی 1340 دا لە بنەماڵەیەكی دەست كورت و هەژار لە شارە خنجیلانەكەی شاری بانە چاوی بە ژین پشكووت. دەست تەنگی و كوێرەوەری باوكی، هەر لە منداڵییەوە ئەركی خستە سەر شانی كەریم، ئەویش دەبێ شەریكی ئەو ژیانە تاڵە بێ، بە هۆی ئەوەوە كە دوا بەرەی ماڵەوە بوو، زۆریان خۆشدەویست. لە تەمەنی 7 ساڵیدا خستیانە بەر خوێندن. كاك كەریم لە منداڵانی گەڕەك دا گەلێك وریا و خۆشەویست بوو. هاوڕێكانی كە زۆرجار تەنگ و چەڵەمەیان بۆ پێش دەهات شەهید كەریم بەو پەڕی دڵسۆزی و موحیببەتەوە بۆی چارەسەر دەكردن. ئەم لاوە شۆڕشگێڕە هەر لە منداڵییەوە هەستی بە زوڵم و زۆری ڕژێمی شایەتی كرد بوو، بە هەموو جۆرێك بەرانبەر بەو نیزامە ئیعترازی دەكرد، بۆ وێنە لە ساڵی 1351دا لە كاتێك دا كەپۆلیسی شا دەیویست براكانی ببەن بۆ زیندان لەگەڵ پۆلیسەكان بەرەنگار بۆوە و زۆریان لێدا.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئۆقرەكەی و بە فیداكاریەكانی بێت

ڕێکه‌وت: 2020-05-12 13:15:56






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین