له‌سه‌رهێل 87
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادێك لە شەهید كاك عەبدولكەریم حوسێنی و هاوڕێیانی لە 21ی خەرماناندا!

بابەشێخ حوسێنی
خەرمانان ئەو مانگەیە كە سازمانی خەبات ی تێدا دامەزرا، هەر لەو مانگەدا شۆڕەسوارانی چاونەترس،دوژمن بەزێن،خاوەن بڕوا، خاوەن ئیرادەو خاوەن بەڵێن گیانیان فیدای ئازادی گەل و نیشتمان و شۆڕشی ئازادیخوازانە لە بەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی كردو بە خوێنی سورو ئاڵیان، ڕەوایی خەباتی مافخوازانەی گەلی كورد لە سەر ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران یان مۆركرد.
لە 21ی خه رمانان بیرەوەری شه‌هاده‌تی شه‌هید سه‌ید عه‌بدولكه‌ریم حوسه‌ینی و هاورێیانی دەكەینەوە كە بە قامەتی مەردانەو هەڵمەتی شێرانەیان دەیان جار لوتی دوژمنیان لە عەرزداو هیمەتی گەلی كوردیان بەرانبەر بە ستەمگەران و داگیركەران سەلماند.
بەڵێ‌ ،له‌شۆرشی ئازادیخوازی كوردستان رۆڵه‌ی قاره‌مان ونه‌به‌ز وكه‌م وێنه‌ و ده‌گمه‌ن گیانی له‌پێناو نیشتماندا فیداكردوه‌, ئه‌و رۆڵه‌ قاره‌مان و ده‌گمه‌نانه‌ی كه‌ هیچ كات ئاماده‌ نه‌بوون ژیان و ئاسووده‌یی هه‌ڵبژێرن و سه‌ر بۆ دوژمنانی ئازادی و دوژمنانی گه‌ل دانه‌وێنن.
كوردستانی داگیركراو و ئازادی لێ زه‌وتكراو, مه‌یدانی تێكۆشانی خه‌باتكارانی راسته‌قینه‌یەو كەله‌به‌رانبه‌ریانداسته‌مگه‌رانی دژمن به‌ئازادی و مرۆڤایه‌تی سەنگەریان بۆ توانەوەی نەتەوەی كوردو بە چۆك داهێنانی گرتوە‌,مه‌یدانی له‌گیان بووردوویی و له‌ژیان بووردوویی تێكۆشه‌رانی گیان له‌سه‌رده‌ست بووه‌, له‌به‌رانبه‌ریشدا كه‌سانی ژیان خۆشه‌ویست و ته‌ممه‌ڵ وهیچ له‌ ده‌ست نه‌هاتوو لە بەر ڕەنجی تێكۆشەران و قاره‌مانانی رووسوور و چاونه‌ترس و دژمن به‌زین, خەریكی عەیش و نۆش بوون, جێگەی داخە كه‌سانی بێ باوه‌ر به‌شۆرش و خوازه‌ڵۆكی به‌ر دیوانی رژیمی ئاخوندی كه‌بۆ ده‌ست كه‌وتنی جیگه‌و مه‌قام له‌دیوانی رژیمدا بوون, له‌سه‌ر حیسابی خه‌بات وقاره‌مانی وگیانی رۆله‌كانی كوردستان.
ئەوانەی كه‌ لە ژێر ناو،‌خوێن وفیداكاری و گیان بازی قاره‌مانانی گه‌ل،بە ژیانی ئاسایی‌ خۆیان سەرقاڵ بوون و تەنانەت‌ ده‌وروبه‌ریشیان مێشێك میوانیان نه‌بوەو له‌ماوه‌ی شۆرشدا هیچ له‌كه‌یف وسه‌فای خۆیان نه‌نا, به‌وحاله‌ش گه‌ره‌كیان بوو له‌سه‌ر خوێنی رۆڵه‌كانی كورد مه‌عامه‌له‌ بكه‌ن بو دوارۆژی خۆیان وخانه‌واده‌ و ده‌وروبه‌ریان و سوارشه‌پۆلی خوینی قاره‌مانان بن.
به‌ڵێ نیشتمانی ره‌نگینمان ره‌نگینتره‌ به‌خوێنی شه‌هیدانی سوورخه‌ڵات سه‌ربه‌رزتره‌ به‌قاره‌مانیی شه‌هیدان و تێكۆشه‌ره‌دلسۆزه‌كانی ریزی تێكرای لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان,ئه‌وقاره‌مانانه‌ی ته‌نیائازادی نیشتمان وبه‌خته‌وه‌ره‌ گه‌لیان مه‌به‌ست بوو.ئه‌وان ده‌ستیان له‌ژیان وئاسوده‌یی خۆیان هه‌ڵگرت بوئه‌وه‌ی نیشتمان ئازادبێ ودانیشتوانی به‌خته‌وه‌ربن.
ئەم کاروانەی بە راوەستاوی و خۆراگری سەربەرزانە ماوەتەوە و درێژە بە رێگای پیرۆزی دەدا.
ئای برایانی شیرینم کاک عەبدوالکەریم، کاک سالح، کاک خەلیل، ئەگەر ئێوە، لە ناومان رۆیشتن بە جەستە بەڵام بیرەوەریتان، و کرداری شۆرشگێڕانەتان بۆ ئێمە وەک چۆڵە چرای رێگای تێکۆشان لە پێناو ئازادی درەوشاوەیە، قارەمانی و نەبەزیەکانتان لە مەیدانەکانی نەبەرددا بۆ ئێمە هەوێنی خەبات و کۆڵ نەدانە، فەرماندەیی و لێهاتوویی کاک عەبدولکەریم، چالاکی و نەبەزیی لە مەیدانی نەبەردا، ترسێكی ئەوتۆی خستبویە دڵی دژمنەوە، كە لە کۆڕی یاراندا، لە کۆڕی هاونیشتمانان دا بەردەوام باس دەکرێ. کێ هەیە، باسی نەکا، چۆن پێگەکان و هێزو ستوونەکانی دژمن لە جێ جێی کوردستان بە فەرماندەیی کاک عەبدولکەریم و بە هاورێیی و هاورێبازانی شەهیدی چۆن لە ناو دەچوون.
بەڵێ ئەم کاروانەی بە راوەستاوی و خۆراگری سەربەرزانە ماوەتەوەو درێژە بە رێگای پیرۆزی دەدا، لە ئیمانی پتەو و فیداکاری و خوێنی شەهیدان و ئەوین و خۆشەویستی هاوباوەڕان بە ئازادی و رزگاریە، بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشە سەندن و بەرەوپێش چووندایە.
گومان نیە، رێبازێک رۆڵەی نمونەی وەک کاک عەبدولکەریم حسینی و کاک سالح رەسووڵی و کاک خەلیل پاشایی و، مامۆستا سەید خەلیل و مامۆستا ئارام، کاک تەها سوور، کاک حسین کەریمی، کاک تۆفیق کەریم پوور، کاک خەلیل رەشاش، کاک عەبدواڵە هەمزە، کاک خەلیل خۆش کەلام، کاک عەتا سنەیی، کاک رەحمان قادری، کاک شاخەوان و دەیان شەهیدی نمونەیی لە سەر رژابێ، تا سەرکەوتن و رزگاری بەردەوام دەبێ.
لە 21ی خەرمانان رۆژی شەهادەتی، کاک عەبدولکەریم و کاک خەلیل پاشایی و کاک سالح رەسووڵی، ماتەم دامان دەگرێ، فرمێسک لە چاومان قەتەیس دەمێنێ، لە هەمان کاتدا، هومێدەکانمان بە ئازادی و رزگاری و بەرەو پێش چوونی جووڵانەوەی رزگاری خوازی کورد و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران زیاتر دەبێ، چونکە قارەمانانی بەنرخ و کەم وێنە لە پێناویاندا شەهید بوون.
ڕێکه‌وت: 2019-09-13 09:47:36
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی