له‌سه‌رهێل 82
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادێک لە شەهیدانی ١٨ی رەزبەر!

رێبوار حوسێنی
پاییز، وەرزی خەزان و هەڵوەران، وەرزی زەردیی رەنگ و سەردی هەناسە و تاسەی دەست لێک بەردانە، هەر چەند پڕ لە رەنگ و روالەتی ئاڵو واڵایە، سەد ئەوەندەش وەرزی ماتەمە . رەزبەر یەکەم مانگی ئەم ورزە گەرچی بۆجوتێر و رەزەوان مانگی بەرو بووم و رەنێو هێنانی رەزانە، بەڵام رەزبەرە و سەرەتای وەرزی خەمانە. هەر وەک چۆن تین و تاوی گەرمای هاوین رەنگ و رووی سەوز و تەڕ و پاراوی چڵ و گوڵانی بەهاری بەرەو وشکی و ژاکان و دۆشدامان هەڵدەگێڕێ،کزەی سەرد و زەردی رەنگ و تەمی تەماوی سەر دوندو کەلان، گەڵا و گوڵ و لق و پۆپی دار و روەکان بە ئاهی سەردی سروشت
زەرد هەڵدەگێڕێ و لاسک و لەش و لاری گوڵان دەکاتە قانگەلاشک و پەڵاس و بەرەو زەندۆڵ و لاشیوان راپێچیان دەدا و بەدەم گێژەڵوکەی سەر هەڵگرتوی پێدەشت و لاپاڵانیان دەبا . گەڵای سەر باڵای شلک و لاوێنی نەمام و داری بەبەری باخچەکان بە چنگی بێ بەزەیی و دەست لێکبەردان.دەڕنێ و خونچەی پڕ بۆن و بەرامەی سەرخەڵف و چڵان بەدەستی ناهومێدی و دڵ تەنگی هەڵدەقەنێ و دادەڕنێ. ئەمە حوکمی سروشتە و، چارەنووسی نەمان و تیا چوونە و مردن و تا سەر نەمان باجی ژیانە ، چارەنووسی گشت گیانلەبەر و روەک و بە هێز و بێ هێز و ورد و درشتە. کێ بەرز و بە هێزە لەبەر دەم خەزان و رەزبەری خیلقەت و سروشت دا لارە مل و ئەژنۆ شل و پشت بێ هێز و چاو بێ تین و مات و مەلول و سەر کزە.
لە پێدەشتەکانی شۆڕشی رەوای کوردستاندا ، گەلێک باخی وەرز و چاخی پڕ نەمام و داری باڵا بەرزی فیداکاری و خۆ ڕانان، بەرەو بەرزی ئاسمانی رزگاری لە بەر تینی خۆری تێکۆشانی باوەڕ بە یەکسانی و رزگاری،گەشەیان کرد و بە دەستی باخەوانی خەباتی نەتهوایەتی ئەم قۆناغەی گەلەکەمان، گوران و لق و پۆپ و چل و پەلیان هاویشت وباڵایان کرد و گەڵا و گوڵیان دا. لە باخچەی فیداکاری وخوین خەلات کردن بۆ سەربەستی و رزگاری نەتەوە و نیشتمانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دا، گەڵیک نەمامی هیوا و شەتڵی گوڵی سەربەستی نێژران تا بە بۆن و بەرامە و رەنگ و رواڵەتیان ژینگەی کوردەواریان پێ بۆن خۆش رازاوە بێ . بەڵام دوای هەر ورزی ناشتن و بەرهەم هێنان و رەنێو هاتن و بالا کردنێک، دەستی پیسی ناکامی و شەختەی شوومی وەرزی خەزان و هەڵپاچین، زەرد و لاواز وسەرچڵی کردون و بەرەو دنیای نەمان و پوانەوە ی بردون و پەل و پۆو لاسک و باڵا و چڵ و گوڵی بەرەو زەندۆڵ و لا شیوان بردون. لە ١٨ی رەزبەری ساڵی 1364 خەزانی نەمان و شەختەی ناکامی لە باخچەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی دا و، خونچەی سەر چڵی چوار گولێ خۆش رەنگ و بۆ و چوار داری بە بەری ئاوات و چوار نەمامی خۆش رسکاوی بالای هەڵکشاوی، بەرەو خەزان و نەمان برد. چوار رۆڵەی کورد، چوار پارتیزانی ئازا ، چوار پێشمەرگەی بە هەڵمەتی گۆڕپانی تێکۆشان و بەرخودانی لە ریزی هێزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران، بەرەو کاروانی شەهیدانی سورخەلاتی کوردستان بەرێ کرد. شەهیدان: شەهید عومەری فەرج، شەهید رەحمان كەریم پوور، شەهید حامید قادری و شەهيد تالب مورادی، ئەو چوار پێشمەرگە بە ورە و باوەرە بوون کە دوای شەرێکی قارەمانانە و نابەرانبەر لە نێوان گوندی بڵەسەن و گەورەدار، بە دەستی جاش و پاسدارەکانی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی شەهید بوون و بە خوێنی خۆێان لە باخچەی خەباتی رەوای گەلەکەماند، نەمامی بەختەوەری و بە ئاکام گەیشتینی شۆرشی رەوای نەتەوەکەمان پاراو کرد . هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو چوارە شەهیدەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و هەموو شەهیدانی کۆن و نوێی کورد و کوردستان.
ڕێکه‌وت: 2019-10-22 07:51:36
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی