له‌سه‌رهێل 98
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید عەزیز عەبباسی

خاكی ڕازاوەی كوردستان دیمەنی جوانی خۆی لە ڕەنگی خوێنی شۆڕەلاوەكانی گەلی بەشخوراوی كورد وەرگرتووە. شۆڕشی ڕەوای گەلەكەمان نەخشێنەری ئەو تابلۆ ڕەنگاورەنگەیە كە هەموو بینەرێك مات و سەرسام دەكات و هیچ كات لە تەماشا كردنیان تێرنابن. خوێنی گەشی كوڕی كورد هەر كە لە دەست زۆرداران و سەرەڕۆییان وەجۆش هات هەڵ دەچێت و بە سەرخاكی پیرۆزی نیشتمانە جوانەكەیدا دەڕژێت هەر بۆیە پەڕپەڕی مێژووی خەباتی بێوچانی ئەم قۆناغەشمان بە خوێنی هەزاران شۆڕە سواری گۆڕەپانی خەبات وتێكۆشان ڕەنگاوە.
ئێمە لێرەدا یادی شێرە پیاوێكی نەبەزو نەترس دەكەین كە بوو بە ئاودێری باخچەی خەباتی گەلەكەمان. شەهید عەزیز عەباسی كوڕی مەلا ئەحمەد خەڵكی قوتوری شیمالی كوردستان دووهەمین شەهیدی بنەماڵە، كوڕە كوردێكی موسڵمان و داوێن پاك بوو كە لە بنەماڵەیەكی ئایینی ونەداردا چاوی بە دنیای پڕ لەمەینەت و بەشخوراوی كوردستان هەڵێناو لەگەل ژیانی بێ بەشیدا ڕووبەڕوو بوو.
شەهید عەزیز هەتا کەلاسی دووهەمی ڕاهنمایی دەرسی خوێند.
پاش هێرشی ڕژێم بۆ سەر كوردستان و پاش ئەوەی هەستی بە زوڵم و زۆری دوژمنانی كورد و بەشخوراوی و ژێر چەپۆكی گەلەكەی كرد، لە تەمەنی 15ساڵیدا چەكی شەرافەتی پێشمەرگایەتی لە شانكرد و ماوەیەك لە ڕیزی هێزێكی موخالفی ڕژێم بەربەرەكانی كرد.
بەڵام پاش ئاگاهی و لێكدانەوە و تەجرووبە بە ڕێگای ڕاست و ڕەسەنی سازمانی خەبات ی وەك باشترین ڕێگا بۆ گەیشتنی گەلەكەی بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی هەڵبژارد و بە شانازییەوە هاتە ناوڕیزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران و شان بە شانی برا پێشمەرگەكانی لە زۆر عەمەلیاتی بەر چاودا بەشداری هەبوو. شەهید عەزیز پێشمەرگەیەكی ڕاست و لە سەرەخۆ و ئازاو بەورە و باوەڕ بوو، لای خەڵكی ناوچەكان خۆشەویست بوو. شەهید عەزیز ماوەیەك لە ناوچەكانی بانە خەریكی ئەركی پێشمەرگایەتی بوو و لە مانگی بەفرانباری 1363 دا چووە ناوچەی سەردەشت و لەوێ لە هێزی سەردەشت دا شان بە شانی پێشمەرگەكانی ئەو هێزە دژی دوژمنانی گەلەكەی قارەمانانە شەڕی كرد و لە چەند عەمەلیالت دا ئازایانە بەشداری كرد. هەتا لە رۆژی 11/رێبەندان/1363 دا لە كاتێكدا كە دوژمن هێرشی هێنابوە سەر گوندەكانی نستان و دەورووبەر لە گەڵ براكانی دیكەی پێشمەرگە بە گژ دوژمنی پەلاماردەدا چوون و شەڕێكی قارەمانانەیان لەگەڵ كرد و پاش گەیاندنی زەرەرو زیانێكی گیانی وماڵی بە دوژمن بە گوللەی تاوانباران پێكرا وگیانی پاكی بە خاكی نیشتمان سپاردو بە شانازییەوە ماڵئاوایی لەگەڵ هەموو هاوسەنگەرانی كرد.

بژی هێزی قارەمانی پێشمەرگە كە بەخوێنی خۆیان ئاوەدانی بۆ نیشتمان دێنن
ڕێکه‌وت: 2020-01-31 09:03:13
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی