له‌سه‌رهێل 84
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید تاهیر خزری
بەختەوەری و سەربەرزی بۆ هەتا هەتایە بۆ ئەوانەیە كە ساتەكانی نێوان بوون و مردنیان بە سەرەتای ژیانی بێ برانەوە دەبڕێتەوە، شانازی بۆ ئەوانەی كە چۆڕە نەوتی چرای هەناسەی سەر دونیای پڕ لە ستەم و تاوانیان لە شەوەزەنگی خەبات و تێكۆشاندا بە گژە بای گڕی دەسەڵاتی داگیر كەر كڵپە دەكا و پەیكەری گەوهەریان بە نووری ئەوینی خودایی دادەگیرسێ و تەرمی بە خوێنیان كە لە كورەی شۆڕشی بێدادیدا بە ئاگری ستەم و تاوان كڵپە دەكا و فریشتەی گیانی پیرۆزیان بەرەو بەرزی بارەگای ئیلاهی و بۆ لای مەنزڵگای ئەبەدییەت رێ دەگرێ، بەڵێ ئەوانەی گۆی سەركەوتنی مەیدانی ژیان دەبەنەوە لە دوایان ژیانی سەر زەوییان سەرەتای ژیانێكی بێ بڕاوانەیە، ئەوانە ئەو شەهیدە سەربەرزانەن كە لە پێناو وەدەست هێنانی ویستە رەواكانیان دا لە پانتایی بە گژدا چوونەوەی زاڵم هاوار دەكەن و كوردانە هەڵمەت دەبەنە سەر دامودەزگای ستەم و ستەم پەروەری و لەو رێیەدا دەكەونە داوی داگیركەرانەوە و بە دەستی دوژمنان دەكوژرێن، شەهید سەید تاهیر خزری، كوڕی سەید ئەحمەد خەڵكی ماوەڵۆى ناوچەی سەردەشت پێشمەرگەیەكی قارەمان و فیداكار دژی بەكرێگیراوانی رژێمی خومەینی خوێن رێژ بوو، كە بەو پەڕی فیداكارییەوە 5 ساڵ پێشمەرگایەتی بۆ گەلەكەی كرد و بە سەربەرزییەوە لە رێی شۆڕشدا شەهید بوو. رۆژی 19ی خاكەلێوەی 1364 كە پێشمەرگەكانی خەبات لە ناوچەی سەردەشت لە نزیك گۆمەكورتەك لە سەر جادەی مەهابادـ سەردەشت دەیانویست بە ناو مەیدانێكی میندا تێپەڕن لە حاڵێكدا كە سەید تاهیر بریندارێكی بە كۆڵەوە بوو كەوتە سەر مین و بە توندی بریندار بو، قاچێكی لە دەستدا، بەڵام لەو كاتەدا كە ورەی پێشمەرگەكان زۆر لە سەرەوە بوو،هەموو خۆشەویستەكانی كاك سەید تاهیر كەوتنە تەقەڵا بۆ ئەوەی بتوانن گیانی ئەو رۆڵە شۆڕشگێڕەی گەل بپارێزن، خەڵكی ئازا و بە هەستی ناوچە یارمەتی زۆریاندا بۆ گواستنەوەی ئەو برا پێشمەرگەیە بەرەو ناوەندی شۆڕش. لە رێگادا كاك سەید تاهیر گیانی پڕ بایەخی پێشكەش بە باوەر و نیشتمانەكەی كرد و لە سەعاتەكانی ئاخری شەودا شەهید بوو. وە لە گۆڕستانی گوندی بانەزێڕ درایەوە بە نیشتمانی دایك و داوای لێكرا كە وەك ئەمانەتێك بی پارێزی. شەهید سەید تاهیر 25 ساڵ تەمەنی بە هەژاری لەم دیواودیوی كوردستانی گەرمێن و كوێستان بردە سەر. بارودۆخی ژیانی شەهید سەید تاهیری ئازا و نەبەز و خۆڕاگر بارهێنابوو. هەر بۆیە لە ریزی هەرە چۆست و چالاكەكاندا ناو دەبرا. شەهید سەید تاهیر گیانێكی لە دەستدا لە پێناو باوەرەكەیدا، ئێمە پێشمەرگەكانی خەبات خۆشەویستەكانمان لە دەست ئەدەین، ئێمە خەڵكی كوردستان، رۆڵە ئازاكانمان لە دەست ئەدەین بۆ ئەوەی ئەو رێبازە بە خوێن رەنگاوە تا لە گۆڕنانی هەموو ستەمەكان و تا ئاوەدان بوونەوەی كوردستان، هەر پڕ رێبوار بێ.


شەهیدە سەربەرزەكانمان لە دڵی میللەتی شەهید پەروەر هەموو كات دەژین
ڕێکه‌وت: 2020-04-09 20:33:45
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی