له‌سه‌رهێل 92
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قادری
چەندی خەباتی گەلەكەمان ڕەوایە چەندی باوەڕ بە نا ڕەوایی ستەم و خەباتی ڕەوا دێت و پتەوتر دەبێ، چەندی ڕۆڵە بە نرخەكانی كوردستان نرخی خەباتیان لە لا سەردەكەوێ، چەندی داخ لە دوژمن لە دڵی یەكەیەكەی گەلەكەمان ڕیشە دادەكوتێ و ڕیشەی ئەو داخە بە هەموو ڕەگی لەشماندا ڕیشاژۆ دەكا، چەندی پێ ڕاست بێ، ڕێی خەباتی خوا پەسەندانە لە بەر چاوی جەماوەردا گەش و ڕونتر دەبێ، چەندە ڕۆڵە گیان لە سەر دەستەكانی كوردستان نۆرە بڕی لە یەكتر دەكەن بۆ كۆڕی شەهیدان، چەند كاروانی شەهیدان دەخەنە دڵی پیاوانی بە شەرەفەوە، چەندە ڕێبوارانی ڕێی شەهادەت دڵی ئازادیخوازیان بۆ دەبێتە پرد لە بواری مەردانەگیدا، چەندە ڕیزی شەهیدان درێژ دەبێتەوە، سەرێكی لە مەیدانەكانی خەباتی ڕەوای گەلی كوردە و سەرێكی لە خزمەت بە مافی مرۆڤایەتی و دادپەروەریە، چەندە فرمێسكی سووری دایكانی ڕوسوور بە بارهێنانی قارەمانانی كۆڕی شەهادەت بنكی هەڵاڵە برایمە ئاو دەدا، چەندە باوكانی قارەمان شانازی دەكەن بە ڕۆڵەی قارەمانیان لە دیواری شەهیدانی كوردستان لە بەهەشتی بەریندا، چەندە لاوان، كیژان و كوڕان، ڕۆژانی هەینی ڕوو دەكەنە كۆڕی شەهیدانی سوور خەڵات، باوەش بە كێلیان دا دەكەن و خۆزگەیان پێ دەخوازن، چەندە دڵانی بە ئەمەك یادی شەهیدانی جوانە مەرگ دەكەن چەندە هەڤاڵان، هەڤاڵانی ڕێی شەرەف و كوردایەتی بە یادی شەهیدی مەیدان گەرم دادێنن و دوژمن لە خوێن دەگەوزێنن، چەندە گۆڤار و ڕادیۆی كورد لە خەبات و گیانبەخت كردن دەدوێن و بە باڵای شەهید هەڵ دەڵێن، ئەی شەهیدی سوور خەڵاتی خەباتی خوێناوی!
ئەی گیانبەخت كردوو لە ڕێگای كوردایەتی، تۆمان لە بیرە و تیشكی باوەڕی ڕوناكت لە دڵماندا ئاوا نابێت. ئەی شەهیدی ڕێی حەق و ئازادی هەر چەند، كە چەند وەرزە بە سەر شەهادەتی تۆدا تێدەپەڕێ، بەڵام گیانمان سات ناساتێك وەك پەروانە بە دەوری گۆڕی پڕ لە ئیمان و باوەڕت دادەگرێ. ئەی شەهیدی نەمر بێچوە شێری چاو نەترساو ئەی ڕۆڵەی بە وەفا لە ڕێی شەرەف و دۆستایەتیدا، لە ڕێی پشتیوانی لە حەق و حەق پەرەستاندا، یادی تۆ چركە ساعەت دڵە و بێ یادی تۆ دڵ لە كار دەكەوێ. تۆ لە دڵی نزیكان و هەڤاڵانت ئاوا نابیت و یادت سروەی دڵی پر لە خەم و پەژارە و هاودەمی دەربەدەری و ئاوارەیمانە. گۆڕی بە سامت نوێنەری هەڤاڵانی ماڵ لە هەندەرانە، هەڵاڵەی سووری سەر گۆڕت ئاڵای سووری مەیدانی قارەمانی و شەهادەتە و چقڵی چاوی دوژمنی گەل و داگیركەرانی نیشتمانە. یادی ئەمجارەمان یادی شەهیدی نەمر عەبدوڵا قادری یە، شەهید عەبدوڵا كوڕی فەقێ كەریم لە ساڵی 1332 دا لە دێی یاكوباوای ناوچەی بانە لە بنەماڵەیەكی وەرزێر لە دایك بووە. خوێندنی سەرەتایی لە مەدرەسەی گوندەكەیان خوێند، پاشان لە بەر یەك تەنی باوكی ناچار بە دەست هەڵگرتن بوو لە خوێندن و خەریكی كاری وەرزێری بوو. شەهید عەبدوڵا قادری لاوێكی ڕاست و بە ئیمان بوو. جێی دڵنیایی خێزان و هەواڵانی بوو. لاوێكی دەست پاك و دڵ پاك و چالاك بوو. لە ڕاپەڕینەكانی پاییز و زستانی 1357 دا دژ بە ڕژێمی شا وێڕای لاوە بە شەرەفەكانی ناوچە هاوبەشی كرد. كاتی سەركەوتنی شۆڕشی خەڵكی ئێران، شەهید عەبدوڵا وێڕای لاوە خوێن گەرمەكانی ئاوایی خۆیان چەكی پێشمەرگایەتی لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین وەرگرت و ئامادەی هەموو پێ سپێردراوێك بوو. هەر بۆیە بە یەكێك لە دڵسۆزانی ئەو ڕێبازە دەناسرا، لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕشی كوردستاندا هەر خاوەن باوەڕانی شەهید عەبدوڵا بوون كە سازمانی خەباتیان پێك هێنا و نەیان هێشت ڕێگەی كوێر بێتەوە. شەهید عەبدوڵا لە جەنگی پادگانی بانەدا بە دڵ بەشداری كرد و ئاواتی بوو كە بە فیداكردنی خۆی و هەڤاڵانی و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان پادگانی بانە هەڵكەنن. بە داخی گرانەوە لە 8/2/1359 دا بە ڕاكتی فرۆكەی دوژمن، خۆیی و ئامۆزاكەی بە ناوی حەسەن قادری بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشتن و تەرمی پیرۆزیان بۆ گۆڕستانی پڕ بە پیتی یاكوباوا لە بەرانبەر ئاواییە قارەمان پەروەرەكەیان خرانە گۆڕی شەرەف و سەربەرزیەوە. 

هەزاران سڵاو لە گۆڕی شەهیدانی خۆرهەڵاتی كوردستان

 
ڕێکه‌وت: 2020-04-26 07:45:06
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی