له‌سه‌رهێل 97
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕۆڵی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا

جەعفەر بەهرامی
ژنان نیوەی کۆمەڵگەن بەڵام بەردەوام هەوڵ دراوە بۆ كەم رەنگ كردنەوەی رۆڵ و نەقشی ئەو تووێژە گرینگە لە كاروباری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی. هەر چەند ئەم هەڵسوكەوتانە لە حاست ژنان لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیابووە، بەڵام ئەوندە روونە لە هەموو كۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەتا پێش ئاڵووگۆرە ئابووریەكان و بەتایبەت رێنسانس لە ئوروپا و ئەمریكا ژنان بە شێوەیەكی بێ بەزەییانە تووشی چەوسانەوەو بێ مافی دەبوون. ژنان لەلایەن تاجرەکان و دەڵاڵەکان و کەسانی هەلپەرەست ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە و وەکوو کۆیلە و بوونەوەیەرێكی بێ ماف کەڵکیان لێ وەرگرتوون. 
لە دوای پێشكەوتنی پیشەسازی و رێنسانس لە وەڵاتانی رۆژئاوایی، وردە وردە ژنان واریدی كەرتی ئابووری بوون و لە دوای ئەوەش رێگەیان بۆ بەشی سیاسی و كۆمەڵایەتی پێ درا و توانیان بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر كاریگەری لەسەر كۆی پرس و بابەتەكان دروست كەن و مافە زەتكراوەكانیان قۆناغ بە قۆناغ بەدەست بێنن. 
لە ئێستاشدا وەك هەموو لایەك شاهیدن ئەو پێشکەوتووییانەی وەدەست هاتوون بوونە هۆی ئەوەی ژنان لە بریارە چارەنووسسازەكانی وەڵاتان دەور بگێڕن و لە چەندین وەڵات نەقشی رێبەرایەتی كردنیان وەئەستۆ گرتووەو مێژوویەكی زێرینیان تۆمار كردووە. 
ئەوەی مەبەستی بابەتەكەی منە ئەوەیە كە هێشتاش لە هەندێک لە وڵاتانی ئاسیایی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێ مافی و چەوسانەوەی ژنان بەشێوەیەكی بەرچاو لە ئارادایە، لە وەڵاتانی ئەفغانسان، پاکستان و ئێران رەگەزی مێینە لەگەڵ چەندین دیاردەی هەژێنەری وەك بەزۆر بە شوودان، گەورە بە بچووك و ژن بە ژنە دەبنەوە یان ئەوەی كە لە تەمەنی ژێر پازدە ساڵ لە بازارە تایبەتەكاندا سەودایان پێوە دەكرێ. 
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا ژنان وەکوو کەرەستەیەك بۆ خزمەتی پیاو چاوی لێدەکرێ، بەپێی قانوونی ئەو دەسەڵاتە دوو ژن بە یەک پیاو حیساب دەکرێت. ژنان ناتوانن لە بریاری سیاسی وەڵاتدا دەوریان هەبێ و بەگشتی ئاخوندان ژن بە بوونەوەرێكی نوقستان كە توانای بریاردانی لە هیچ بارێكدا نیە، پێناسە دەكەن. ئەو خوێندنەوە نا ئینسانیەی ئاخوندانی دواكەوتوو لە حاست ژنان دۆخێكی بۆ ژنان خولقاندووە كە ئەو تووێژە گرینگەی كۆمەڵگەی ئێران زیاتر لە هەر سەردەمێكی دیكە تووشی گرفت و تەنگ و چەڵەمەی جیددی بن، ئەوەش كارێكی كردووە لە خەسارە كۆمەڵایەتیەكاندا ئافرەتان بەرزترین پلە تۆمار بكەن. بۆ وێنە ئاماری خۆكوژی ژنان لە ئێران و كوردستان تا دێ زیاتر دەبێ. كەم رۆژ هەیە هەواڵ و راپۆرتی تایبەت بە خۆكوژی ژنان لە شار و ناوچە جیاجیاكان نەبیستین.
هاوتەریب لەگەڵ چەوسانەوەی سیستماتیكی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئێران، بەداخەوە كەلتووری پیاو سالاری و بە سوننەتی هێشتنەوەی كۆمەڵگەی ئێران، بارگرانی زیاتری بۆ ژنان ساز كردووە. وەك دەبینین دۆخی ژنان لە كۆمەڵگەی ئێران بەردەوام قەیراناوی، ناخۆش و حەستەمتر دەبێ.
هەر بۆیە باشترین رێگە بۆ دەربازبوون لە كۆی قەیرانەكان و بەتایبەت قەیرانی سیاسی و دەسەڵاتی ئاخوندان لە ئێران كە سەرچاوەی زۆربەی كێشە و قەیرانەكانە، پێویستە ژنانی ئێران و كوردستان هاوشان لەگەڵ چین و تووێژەكانی دیكە لە خەبات بۆ روخانی رژیمی ئاخوندان، هاتنەدیی فەزایەكی ئازاد، دەسەڵاتێكی دادپەروەر و یەكسانیخواز دەوری خۆیان بگێرن.


 
ڕێکه‌وت: 2020-05-19 09:41:28
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی