له‌سه‌رهێل 102
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕۆڵی ژنان لە چالاكیە مەدەنی و سیاسیەكاندا لە کوردستان

ئامادەكردن و نوسینی: فرمێسك ڕەزایی
لە مێژە ژنان لەکوردستانی ئێران وێڕای چەوسانەوەیان لەلایەن کۆمەڵگە و لەوە خراپتر سەرکوتی لەڕادەبەدەریان بەهۆی یاسای ڕژیمی ئێران، قەت ئەرکەکانی خۆیان وەکو مرۆڤێک لە بیر نەچوەتەوە و تەنانەت سەرەڕای ئەوەی هەوڵیان داوە بۆ وەرگرتنی مافە ڕەواکانی خۆیان، مافی ژینگە و ئاژەڵ و تەنانەت پیاوانیان پاراستووە و لەم ڕێگایەشدا قوربانیان داوە وگیانی خۆیانیان خستووەتە مەترسیەوە.
ئەو وێنە و کورتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو دەبنەوە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ژنان چەندە بەهێزو چەندە خۆڕاگرن.
هەموومان ئاگادارین کە ژنان لە دونیای ڕاستەقینەدا بە هەموو ئەم کۆسپانەی لە ڕێگایاندا هەیە بەڵام هەر ماندوونەناسانە لە هەوڵی پاراستنی خاک و نەتەوەدان.
بەندیخانەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە ژنانی چالاک و خەمخۆری کوردستان پڕ بووە.
کەم کەس هەیە نەزانێت ئەشکەنجەکان لە ئاستی ژنان چەندە نامرۆڤانەیە، بەڵام ژنانی نەبەزی کوردستان خۆڕاگرتر لە هەمیشە بوون.
لە مێژە ژنانی کوردستان خۆیان بە ڕەگەزی خوارتر و دوهەم نازانن هەربۆیەش لەهەموو خۆپیشاندانەکان لە پێشەوەی جەماوەر بوون.
ڕەنگە هەمووان بزانن لەو کاتەوە كە کۆرۆنا وەک هەموو جیهان، ئێران و کوردستانیشی گرتووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەستێنێ ،ژنان کۆڵان بە کۆڵان وڵاتیان خاوێن کردوەتەوە، ئەو ژنانە کە زۆربەیان ئاستی خوێندنی باڵایان هەیە، بە پێکهێنانی کەمپەین و پەڕەپێدانی یەکگرتویی لەنێوان چینی لاوان و خوێندکارانی کۆمەڵگە هەوڵیان داوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، هەروەها خەمخۆری ئەو هاووڵاتیانە بوون کە بەهۆی کۆڕۆناوە باری ئابوریان لە دۆخێکی نالەباردا بووە. 
ڕژیم بێبەزەییانە ئاگری بەرداوەتە سروشت و دارستانەکانی کوردستان، لێرەشدا ژنان بەهەموو توانایانەوە دەست بەكاربوون و شان بە شانی پیاوان دەستیان كردووە بە كوژاندنەوە و پاراستنی ژینگە و دارستانەكانی كوردستان.
ژنان لەئێران و كوردستان بەتایبەتی زیاتر لە هەر چینێکی تری ئەو وڵاتە، هەست بە چەوساندنەوە دەکەن، ئەوان دەزانن خۆکوژی کچێکی تەمەن شازدە ساڵە بۆچیە؟ دەزانن کوژرانی ژنێکی خاوەن دوومنداڵ بەدەستی پیاوەکەی چ هەستێکی هەیە، دەزانن کاتێک ژنێک تەنیا بەتاوانی ئەوەی لەخۆی ومافەکانی بەرگری کردووە و لەلایەن ڕژیمەوە بێڕێزی پێ دەکرێ و لە بەندیخانە دەکرێ، چ هەستێکی هەیە، هەربۆیەش زیاتر لە هەریەك لە پێكهاتەكانی تری کۆمەڵگە هەست بە ئازارەکان دەکەن و ناتوانن بێ هەڵوێست بن.
ژنانی قارەمانی کوردستان لەم ماوەدا بەگیان و دڵ چونە هانای ئەو کۆڵبەرانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمەوە تەقەیان لێ دەکرا،
ئەمانەش شتگەلێكی نوێ نین، ئەم ژنانە پەروەردەی دەستی دایکانێکن کە کاتێک پێشمەرگە لەشاخ بو، لە نانی خۆیان و بنەماڵەیان دەگێڕاوە بۆوەی نان بگاتە دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان .
بێگومان جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی، پێویستی بەم ژنانەیە و هەر ئەم ژنانەن کە ڕێبەران و کەسانی هەڵکەوتویان پەروەردە کردووە.
ڕێکه‌وت: 2020-06-06 08:57:39
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی