له‌سه‌رهێل 77
سێ‌شه‌مه 8 ره‌زبه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
دیاردەی خۆکوژی و هۆکانی!

جەعفەر بەهرامی

لەکۆمەڵگایەکدا کە بەردەوام قەیرانە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان ئێخەی خەڵكەكەی دەگرێ، خۆکوشتن یەکێک دەبێ لە دیارترین دیاردەکان. ئەوە ئەو كاتەیە كە مرۆڤەكان هیچ هیوایەک بۆ ئاڵوگۆڕ،یان داهاتوویەكی باشتر بۆ خۆیان نابینن و بە بن بەست دەگەن، خۆکوشتن بە تاكە چارەسەری دەبینن.
لەم ڕۆژانەدا بەردەوام لە راگەیەنەكان و دونیای مەجازی دا هەواڵ و راپۆرتی زۆر لەسەر خۆکوژی بڵاودەبێتەوە و گوێمان لێدەبێت، کەسانێک لەشارە جیاجیاکانی وڵات لە ژن، پیاو، پیر، لاو و منداڵ کە هەریەکەو بەشێوەیەک خۆیان دەکوژن. منداڵێکی یازدەساڵە بەحەبی متادۆن خۆی دەکوژێت، کەم ئەندامێک لەبەردەمی بونیاد شەهیدی رژیمدا خۆی دەسووتێنێت، موعەلیمێک لە بوشێهر خۆی هەڵدەواسێت، کرێکارێک لە ئەهواز لە بیرە نەوتێکدا خۆی دەخنکێنێت، ژنێک لە میترۆی تاران خۆی فڕێ دەداتە بەرقەتاری میترۆ و هەروەها لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین مێردمنداڵ لەشاری سەقز بەهۆی جیاجیا کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە. خۆکوشتن كۆتایی هێنانە بە ژیان بەبێ دەنگی بەڵام هۆ و هەنگاو و هاوارێكی بەرزە بۆ دەربڕینی بێزاری لە دۆخێكی خراپ و چەقبەستوو و قەیراناوی كە هیچ هیوایەكی بۆ تاكەكان نەهێشتووە.
لەساڵی 97 و لەکاتی پەرەسەندنی قەیرانە ئابووریەکان، یەکێک لە بەرپرسانی ڕژیم باسی لەوە کرد کە زیادبوونی خۆکوشتن لە ئێران زۆر مەترسیدارە، دەتوانین بڵێین کە ئاماری خۆکوژی لەم ڕۆژانەدا لە ئێران بەرێژەیەكی بەرچاو بەرز بۆتەوە.
بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری ڕژیمی ئێران لەساڵی ڕابردوودا سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان داوەتە خۆکوشتن 4627کەس بوون کە ئەم ژمارەیە بەنیسبەت ساڵی 95 (5) لەسەد زیادی کردووە. لەو رێژەیە 3262کەسیان پیاو بوون و 1365کەسیشیان ژن بوون. هەر بەپێی ئامارە ڕەسمیەکانی پزیشکی دادوەری ڕژیم، زۆرترین ئاماری خۆکوژی لەم مانگانەدا ڕوویانداوە؛ مانگی گەلاوێژ 466کەس، مانگی پووشپەڕ424، مانگی بانەمەڕ420کەس. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵنامەی ئاماری پزیشکی دادوەری ڕژیم لەچاو ساڵی ڕابردوو ژمارەی خۆکوشتن لە چەند پارێزگای ئێران زیادی کردووە، کە ئامارەکان لەم پارێزگایانە بەم جۆرەیە؛ پارێزگای تاران796کەس، پارێزگای فارس348کەس، خوزستان306کەس، ئازەربایجان276کەس و کرماشان235کەس.
هەروەها ئەو پارێزگایانەی کە کەمترین ئاماری خۆکوشتن تیایاندا ڕوویداوە بریتین لە: خوراسانی باکوور 17کەس، سمنان18کەس. هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگاکانی ئێران سنە لەڕووی خۆکوژی لەڕیزی 14دە هەمین پارێزگادایە، جێگری تەندروستی زانکۆی زانستی پزیشکی باسی لەوە کردووە کە لەباری ڕەگەزیەوە ژنان زۆرترین ئاماری خۆکوشتنیان هەبووە و لەباری تەمەنیشەوە زیاترین ئاماری خۆکوشتن لەنێوان 15بۆ 35بووە. هەر لەسەر ئەو بابەتە ناوبراو باسی لەوە کردووە کە 48 لەسەدی ئەو کەسانەی کە خۆیان کوشتووە سەڵتن و 50لەسەدی دیكە خێزاندارن. هەر بەپێی ئامارەکان ژماڕەی ئەوژنانەی خۆیان دەکوژن ژنی ماڵەوەن، لەم ژمارەیەش تەنیا 163کەسیان لەدەرەوە کاردەکەن. زۆبەی ئەو کەسانەش لەڕێگای حەب خواردنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
ئەم ئامار و ژمارانە ئەگەر چی بەپێی بڵاوكراوەكانی رژیمی ئاخوندیە و ئامارەكانی دامودەزگاكانی رژیم هیچ كات ژمارە و رێژەی راست و دروست نادەن بەڵام بەو پێیەش بێ، ئاماری خۆكوژی لە ئێراندا زۆری پەرەسەندوە. هەروەك لە پێشدا ئیشارەمان پێدا، بەرزبوونەوەی ئاماری خۆكوژی لە ئێران دەگەرێتەوە بۆ پەرەسەندنی بێكار و هەژاری و برسیەتی كە ئەو دیاردانە و پەرەسەندنیان بەرنامەی هەڵە و ناكارامەیی دەسەڵاتی ئێرانە. دەسەڵاتێك خەڵكی بە هەژاری و برسیەتی هێشتووەتەوە بەڵام بە ملیاردها پووڵ و داهاتی ئەو خەڵكە هەژارە خەرجی هێزی سەركوت، بەرنامەی چەك و چۆڵی سەربازی، پشتیوانی لە تاقم و دەستەی تیرۆریستی و دەستێوەردان لە كاروباری وەڵاتان دەكات.
بێ گوومان رژیمی ئاخوندی رژیمێكی دژی خەڵكی و نارەوا و نامەشروع و مەترسیدارە بۆ مرۆڤایەتی و تاكە رێگەی رزگاری و گەیشتن بە كەناری بەختەوەری و ئارامی خەڵكی ئێران لە روخانی دەسەڵاتی ئاخوندی و جێگیربوونی دەسەڵاتێكی خەڵك پەسەند و دیموكراتیك و دادپەروەرە.
ڕێکه‌وت: 2020-06-22 21:07:55
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی