له‌سه‌رهێل 117
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەری گەل:  شەهید محمد ڕەسوڵ فروغی ناسراو بە (  هێرش )

یادی سەروەران یادی سەروەری گەل:  شەهید محمد ڕەسوڵ فروغی ناسراو بە (  هێرش )

 سیامەند

کێن ئەوانەی کە لە ڕێگەی نیشتمان و بۆ گەیشتن بە ئازادی گیانی خۆیان فیدا دەکەن؟ کێن ئەو مرۆڤانەی کە لە ڕێگای ئاسایشی خەڵکەکەیان و بۆ لەناوبردنی ستەم و زاڵمان، لە ماڵ و ژیان و هەموو ئاواتەکانیان چاوپۆشی دەکەن؟ بێگومان جیاوازی نێوان خەباتکاران و ئەوکەسانەی کە هەربیر لە خۆیان و ژیانی خۆیان دەکەنەوە، زۆرە. ئەوەش ژیانێک کە لە ژێردەسەڵاتی زوڵم و بوونی هەڕەشە و مەترسی لەسەر شەرەفی خۆیان و هاونیشتمانانیان هەیە. بێگومان ڕەوا نیە کەسانی خەباتکار و بەشدار، لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، کە لە ڕێگای ئازادی نەتەوەو دیمۆکراسی و مافی ڕەوای خەڵک تێدەکۆشن ،لەگەڵ کەسانی بێ ئیرادە و ترسەنۆک بەراورد بکرێن. ئەوانەی  هیوایان ئازادی و گەیشتن بەمافەکانیان و ئازادی نەتەوەیانە، لە کوێ و ئەوانەی وا بێ ئیرادە و بێ باوەڕن لە کوێ. بێگومان ئەوانەی لە ڕێگەی ئازادی گەل و نیشتمان گیانیان فیدا دەكەن سەربەرزو  ڕوسووری دونیاو ئاخرەتن وئەوانەی بێ‌ ئیرادەو بێ‌ باوەڕن سەرشۆڕی ئەم دونیایەو ئاخرەتن. سازمانی خەبات پێشەنگی  بەشێکی  بەرچاوی خەڵکی کوردستانە، کە لە ماوەی دەسەلاتی سەركوتگەری ئاخوندەكان و لە خەباتی بێوچان و پڕ لە شانازی خۆی، دەیان دەستکەوتی بێ وێنەی بەدەست هێناوەو گیانی دەیان ڕۆڵەی فیداکار، خۆڕاگر و نیشتمان پەروەری پێشکەشی کورد و کوردستان و جوڵانەوەی ئازادیخوازی دژبە ڕژیمی سەرکوتگەری ئاخوندی کردوە. بەڵێ ڕێبوارانی ڕێگەی سەربەرزی و ئازادی لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، وەکو کەسانی بلیمەت و کەسانێک کە بێجگە لە ئازادی و بەختەوەری خەڵک و ڕزگاری و خەبات دژی ڕژیمی سەرکوتگەر و ناڕەوای ئاخوندی، ئامانجێکی دیکەیان نیە. بەڕاستی ئەم کەسانە دەبێ وەکو گوڵی سەرسەبەد و جێگەی ئۆمیدو هیوای خەڵک چاویان لێ بکرێن. بۆ ناسینی کەسایەتی و ژیاننامەی، خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات نوسینێکی دورو درێژی  پێویستە، ئەو قارەمانانە بە گیان فیدایی، ڕاست و دروستی خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردیان ئاشکرا کرد. شەهیدان، نەک هەر خۆیان ،تەنانەت بنەماڵەشیان، خاوەن بیرو هزری شۆڕشگێرانەن و لە کاتی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان سەبوریان هەبوە و بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان شانازیان کردوە. ئەم شێوە بیرو بۆچونە مایەی دڵگەرمی و دڵخۆشی بوە و ڕێگەی ئەستەمی خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی ئەم شەهیدانە، ئاسانتر و هێز و توانایان بۆ درێژەدان بە خەبات زۆرتر بوە. شەهید کاک محەممەد ڕەسوڵ فروغی ناسراو بە "هێرش"یەکێک لە شەهیدانی بلیمەت و سەربەرزە، کە بە خوێنی خۆی، ڕەوا بوونی ڕێگەی پڕ لە شانازیمانی سەلماند. بەلًێ‌ جارێکی دیکە سازمانی خەبات کە پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی  پاک و بە دوور لە بیرو هزری نامۆیە،خوێنی یەکێک لە ڕۆڵە بەهێز و نەبەزەکانی پێشکەش بە خەباتی دژبە ڕژیمی ئاخوندی کرد.

 شەهید محەممەد ڕەسول فروغی کوڕی ماموستا مەلا "ساڵحی فروغی "بەردەڕەشی" لە ساڵی ۱۳٥٥ کۆچی خۆری، لەبنەماڵیەکی نیشتمان پەروەر لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و قۆناغی دواتری لە شاری بانە تەواوکرد. شەهید هێرش پێش پێوەندی كردن بەڕیزەکانی سازمانی خەبات، وەکو کەسێکی نیشتمان پەروەر لەگەڵ سازمانی خەبات هاوکاری دەکرد و لە هەر کات و شوێنێکدا  بۆی بلوایە،کارو چالاکیەکانی سازمانی خەباتی ڕادەپەڕاند. شەهید هێرش لە ماوەی پێشمەرگایەتی خۆی، وەکو پێشمەرگەیەکی وەفادار و دڵسۆز، ئەرک و چالاکیەکانی خۆی بەباشترین شێوە جێبەجێ دەکرد. کاک هێرش بە دوای کۆتایی هێنانی  دەورەی سیاسی و نیزامی ، لە بەشی ڕادیۆ دەنگی خەباتی کوردستانی ئێران، کارو چالاکی  وەکو کادرێکی دڵسۆز چالاک دەست  پێ کرد. شەهید هێرش کەسایەتێکی، خۆش قسەو دڵسۆز لە لای هاوسەنگەرانی خۆشەویست بوو، هەمووان ڕێزیان لێدەگرت.

 شەهید هێرش نمونەی کەسێکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەێیکی چالاک بوو. بەڵام بەداخەوە سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ۱٦ی پوشپەڕ هەتاوی، لە کاتی مەئموریەتی تەشکیلاتی لە ناوچەی سەرشیو"ی سەقز شەهید کرا. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە شەهید بوونی کاک هێرش فروغی یەکێک لە کادرە دڵسۆزو چالاکەکانی خۆی لەدەستدا. هەروەها بە شەهیدبوونی کاک هێرش ئەرکی هاوباوەڕان و هاوسەنگەرانی بۆ بەردەوامی ڕێگەی پیرۆز و خەباتی مافخوازانەی گەل، گرنگتر  كرد. هەزاران سڵاو بۆڕۆحی پاکی شەهید محەممەد ڕەسوڵ فروغی (هێرش)کادری نمونەو وەفاداری گەلی کوردستان و سازمانی خەبات و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
ڕێکه‌وت: 2020-07-07 15:26:44
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی