له‌سه‌رهێل 175
یه‌ک شه‌مه‌ 9 سه‌رماوه‌ز 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
له‌ ئه‌رشیڤی دیمانه‌کانی مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینی، یه‌وه‌..

وتوووێژی بەڕێز مامۆستا سەید جەلالەددینی حوسەینی لەگەڵ گۆڤاری k21

سازدانی دیمانه‌: ئه‌حمه‌د سه‌فا

مامۆستا سەید جەلالەددین حوسەێنی یەکێک لە کەسایەتیە شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، پیاوێکی ئایینیەو لە مێژ ساڵە دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکات و بۆ مافی نەتەوایەتی گەلەکەی تێدەکۆشێ، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەند کەس لە مامۆستایانی هاوبیری لە دوای شۆڕشی سەرانسەری گەلانی ئێران و لەگەڵ دەسپێکی سیاسەتی نامرۆڤانە و کورد کوژی کۆماری ئیسلامی(سازمانی خەباتی کوردستان)ی دامەزراندووە تایبەتمەندی ئەو رێکخراوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە یەکەم ڕێکخراوی سیاسیە کە باوەڕی بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام هەیە بۆ دابین کردنی مافی نەتەوایەتی کورد تێدەکۆشێ و دژ بە کۆماری ئیسلامیە، تەنانەت جگە لە ڕووخانی ئەو ڕژیمە و هاتنە سەر کاری نیزامیکی فیداڕاڵی دیموکرات لە پێرەوەکەشی داهاتووە، کە دانوستان و وتووێژ لەگەڵ ئەو ڕژیمەی ڕەت کردوتەوە، لە لایکی تر سازمانی خەبات بە ڕێکخراویکی سیاسی دینی ناژمێردری، چونکە مەسەلەی نەتەوایەتی و دەردو مەینەتی کورد ئەساسی تێکۆشان و خەباتی بەردەوامیەتی لەم قۆناغەداو زیاتر خۆی بە ئامانجەکانی کۆمەڵەی(ژ.ک)لە ساڵانی دووری سەدەی ڕابردوو دەبەستێتەوە.

ماموستا شێخ جەلالی حوسەینی لەگەڵ سیاسەتوانیەکەی شاعرێکی بە توانا و نوسەریکی زمان پاڕاو، کوردی زانێکی سەرکەوتوە. ئەو لایەنە ئەدەبییەی خەباتی مامۆستا با بۆ دیمانەێکی تر بێت.

پرسیاری ۱: ژیانی بنەماڵەیی و شوێنی لە دایک بوون و خوێندن بە گشتی و دەرەجەی خوێندن و مەلایەتیمان بۆ باس بکە؟

وەڵامی۱_ ناوم جلال الدین حۆسەینی کوڕی خوالێ خۆش بوو زانای خواپەرەست شێخ صاڵحی واژەیی بەرزەنجەییم، ڕۆژی جومعە ۲٦ ڕەجەبی ۱۳٤٦ کۆچی ی مانگی لە گەڕەکی خواروی شاری بانە لە دایک بووم لە شەش حەوت ساڵیدا نراومە بەر خوێندن لە خزمەت باوکی ڕەحمەتیم دا قورئان و فارسی و بەراییەکانی نەحوو و سەرفم خوێندوە و دوای کۆچی باوکم چوومە فەقییەتی، چی عیلمی لە مەدرەسەکانی کوردستان دەخوێندران من خوێندومن لە ناوچەکانی سەردەشت و بانە و موکوریان و مەهاباد و شنۆ و لاجان و پشدەرو مەریوان خوێندومە و ئیجازەی مەلایەتیم لە لای خوالێخۆش بوو زانای بەناو بانگ ماموستا مەلا باقری مەریوان وەرگرتووە، ساڵێک لە ناوچەی بۆکان مەلا بووم، دوایی هاتمەوە شاری بانە سەر ئەو مزگەوتەیکە باوکی ڕەحمەتیم تەدریس و ئیمایەتی لێ دەکرد. ۲٤ ساڵ تەدریسم کردوە و ناتوانم پلە بۆ خۆم دیاریکەم ئەوەندە دەزانم کە شاگردو فەقی لێم ڕازی بوون و تا ئەندازێک لە ناو مەلاکاندا بەرچاو بووم.

پرسیاری۲: پەیوەندی سیاسی و هۆی سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی جەنابت چی بووە؟

باوکی ڕەحمەتیم وەک زۆرینەی خەڵکی کوردستان، پەهلەوی و حکومەتەکەی ناخۆش دەویست، بە هەموو بزوتنەوەیەکی چکۆڵەی کوردیش وەک بزوتنەوەی سوێسنەکانی بەری سەردەشت دڵخۆش بوو. ڕوداوەکانی شێخ مەحمودی لە پشتی کتێبان نووسییوەو بەڕێزە و بە مەلیکی ناو دەبرد و (دامت سطوتەی) بۆ نووسییوە ئەوە لەسەر دڵی ئێمە شوێنەواری کوردایەتی دادەنا.

پرسیاری٣: مێژوی (ژ.ک)، چۆنیەتی پێوەندی، شوێنی پێوەندی، دەورت لە ژ.ک ئەو کەسانەی کە دەتناسین، بیوگرافی ئەوکەسانەی کە لەگەڵت بوون بۆمان باس بکە؟

کۆمەڵەی ئازادی خوازی کوردستان ۱۳۱۷ کۆچی خۆری ۱۹۳٨ زاینی پێکهێندرا بوو لە ۱۳۲۰ کۆچی خۆری ۱۹٤۱ زاینی کرا بە کۆمەڵەی ژیانەوە کورد ژ،ک. کۆمەڵەی ژ،ک لەسەر چوار کۆڵەکە دانرا بوو، ئیسلامەتی، کوردایەتی، شارستانیەت، سوڵح و ئاشتی، بەشێوەیەک، کە هەموو قانوون و مەرام نامەکانی لەگەڵ شەریعەتی موقەدەسی ئیسلام تەتبیق دەکرێ، ئەمجارێ دەخرێتە کار. کۆمەڵە ژ،ک پڕ بە پێستی کوردەواری بوو دەی توانی بێ نامۆیی تێکڕای گەلی کورد بهێنێتە ڕیزی موبارزەو خەباتەوە بۆ ڕزگاری کوردستان و گەڵەکەی، چونکە هەموو ویستەکانی گەلی کوردی تێدا بوو.
بەهاری ۱۳۲٤ ی کۆچی خۆری لە بانەوە چومە موکریان کە چووم باس هەر باسی کۆمەڵەی ژ.ک بوو، بەڕێنوێنی ماموستا شێخ عزالدین و خوالێ خۆش بوو حاجی ڕەحماناغای ئیلخانی زادە (موهتەدی) ئامادە بووم بچەمە کۆمەڵەی ژ.ک وە. لەگەڵ دوو فەقێی ڕەفیقم سید تاهیری شەریفی واژەیی و مەلاساڵح خۆڕخۆڕەیی چوینە بۆکان بۆ لای مەلا عبداللەی حەسار باسی کۆمەڵەی ژ.ک ی بۆ کردین و حەوت سوێندی داین: بەخودا و قورئان و پێغەمبەر(ص) شەمشیرەکەی حەزرەتی عومەرو چەند سوێندیتر کە لە بیرم نەماون، زۆر شادمان بووین کەوتینە دنیایێکی ترەوە. فەقیێکی حەڤدە هەژدە ساڵە بووم، جۆی لە دڵسوزی بۆ کوردو بۆ کۆمەڵەی ژ.ک باسکردنی کوردایەتی، هیچ دەوریکی تەشکیلاتی پێ سپێراووم نەبووە، تەنیا بیوگرافی دوو ڕەفیقەکەم دەتوانم بڵەم: سەید تاهیری شەریفی دەستی لە خوێندن هەڵگرت و دانیشت خەریکی کاسبی بوو، دوایی لە سوێرویی ڕەبەت مەلا و کەشاوەرز بوو ۱۳۳٨ کۆچی خۆری کە لە سەرانسەری کوردستان دەوڵەتی شا خەڵکی گرت سید تاهیریش گیرا و دوای نزیک بە چوارساڵ بە نەخۆشی ئازادکرا و دوای سێ چوار ساڵ فەوتی کرد، مەڵا صاڵحی خۆڕخۆرەش لە ناوچەی سەقز مەلا بوو، ڕژیمی ئاخوندان زۆریان بۆ هێنا بوو کە هاوکاریان بکا، نەی کرد، ناچار دەستی لە مەلایەتی هەڵگرت و لە سەقز دوکانی دانا، واش لە کۆڵی نەبونەوە لە زیندانا بە شکەنجە شەهیدیان کرد.

پرسیاری ٤: بوونی ژ.ک بە حیزبی دمکرات هۆکەی، ڕوانگەی جەنابت لەو کاتەدا، لەگەڵ ح د ک کەوتن، چالاکی، هاوڕیانت، شوێن و پلەت لە حیزبدا؟
ژ.ک نەکراوە بە حیزبی دمکرات بەڵکو حیزبی دیموکڕات داڕێژراوێکی تایبەت بوو بە بەرنامەی کوردستان لەگەڵ بەرنامەی تەورێز دەبوو یەک بن. ژ.ک ویستێکی جیاواز بوو لەگەڵ ویستی شۆڕەوییەکان نەدەهاتەوە، من هیچ کات سەر بە حیزبی دیموکڕات نەبووم گەنجێکی ۱۷ ساڵە بووم وەک زۆران لە قوڵایی کارەکە و ئاڵوگوڕەکە نەدەگەییشتم هەر لەسەر باوەڕی ژ.ک بووم و چالاکیێکی ڕەسمیم نەبووە تا شوێن و پلەم ببێ.

پرسیاری٥ : کاتی پێک هێنانی کۆمار لە کوێ بوویت؟ ڕات چ بووە؟ لەو یەک ساڵەی تەمەنی کۆمار جەنابت چکارە بووی؟

کاتی پێک هێنانی کۆمار لە دیێ حەمامیانی بۆکان فەقێ بووم لە بەهاری ۳٥ دا بە فەقێیەتی چومە مزگەوتی بازاڕی مەهاباد زۆرم هاتوچوی دەفتەری ڕۆژنامەی کوردستان دەکرد بۆ لای سەید محەمەد حەمیدی و مەلاحەسەنی قزڵجی، شیعرم دادەنا بووم دەبردن دەستە شیعرێکی سەرەتاییانەیان لە ڕۆژنامەی ژمارەی ٦۱ دا بۆ چاپکردم ، هیچ کارە نەبووم.

پرسیاری٦: ڕات لەسەر کۆمار و تێک چوونی کۆمار چیە؟

کۆماری کوردستان مانای گەیشتنی ئەو گەلە بە مافی خۆ بەڕێوەبردن، بۆ کەسێک کە خوازیاری ئازادی گەلەکەی بێ پێک هاتنی کۆمار زۆر خۆشە هیچی ناگاتێ بەڵام، جەماوەری کوردستان بەمەفادی کۆمەڵەی ژ.ک دڵخۆش تربوون و ئەویان بە خۆماڵیتر دەزانی، زۆری پێ نەچوو زۆران لەوانەی کە بە گەرمی لە کۆمەڵەی ژ.ک هەڵدەسوڕان پاشەکەشیان کرد بە تایبەت کە لە بەهاری ۲٥ دا هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی شەوڕەوویان لە ئازەربایجان بیستبوو کۆماریان بە بێ پشتیوان زانی بوو کە بە ئومێدی پشتیوانی ئەوان کۆمار پێک هاتبوو، ناهومیدی کەوتبوە دڵی زۆران، تەنانەت هێندێ ئەرکانی حوکومەتی کۆماریش کەوتبوونە چارەسەری کاری خۆیان. پێشەوای ڕەحمەتیش لە بیری چارەسەری کاری میللەتەکە دا بوو وەک پێشەوەری نەڕۆیشت، چەندی بۆیکرا هەوڵی دا کەس زیان نەبینێ هەرچەند بە بەڵێنی ڕژیمی شا دڵنیا نەبوو، بەڵام پێی وابوو ئەگەر بڕوا خەڵکێکی زۆر لەناو دەچن، پێ نەچوو دژمنی بێ عەهد گرتی و لە دادکای بێداد دا موحاکمە کرا قارمانانە وێستا بە ئەندازیەک کە بەجەنگێکی خوێناوی چەند ساڵە ئەوندە ورەی دژمنی پێ نەدەشکا و خۆی و گەلی کورد ئەوەندە پێی سەربەرز نەدەبوون. ڕوحی خۆی و هەموو شەهیدانی کۆمار شاد.

پرسیاری۷: چالاکی سیاسی و نەتەوەیی لە ساڵانی حکومەتی موسەدیق و دەورت لەو سەردەمە چی بووە؟

دوای میللی کردنی نەفت، موسەدیق دەیویست نیزامی سەڵتەنەتی ئێران بکا بە مەشروتەی ڕاست، حکومەتی ئێران ببێتە حکومەتێکی پارلمانی لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا دەریبهێنێ و شا ببەسترێتەوە بە مەجلیسەوە و مەجلیس سەربەخۆ بێت لە بڕیاردان دا، موسەدیق نەیدەویست شایەتی نەمێنێ و نەیدەویست نیزامی ئێران بکاتە کمونیستی بەڵام حیزبی تودە دەستی کرد بە شیعاری کمونیستی و ئەمریکاو دەوڵەتە سەرمایەدارەکانیان داچەڵەکاند و ئەوانیش خۆکەوتن، بەسەر لەشکر زاهیدی کودەتا و ئینقلابیان کرد لە دژی موسەدیق و ئیسلام خوازان، شایان دوای هەڵاتن گێڕاوە سەر دەسەڵات، شیعارە ناوەختەکانی حیزبی تودە نەیانهێشت بەرنامەی موسەدیق بێتەجێ و توشمان نەبێ بە توشی ڕژیمی وەلایەتی فەقیهەوە. ئاڵوگۆڕێک ئەگەر ببوایە لەسەرەوە بۆ هەموو ئێران دەبوو، من فەقی و دەرس خوێنی تودە نەبووم تا تێکەڵ بەو دروشم و شیعارانە بم، خۆ باسێکیش لە کوردایەتی لە ئارادا نەبوو.

پرسیاری٨: چالاکی و پێوەندیت لەگەڵ بزوتنەوەی چەکداری ٤٦ _٤۷ لە کوردستانی ئێران هەبووە؟

بەر لە ئینقلاب جێ ئیعتمادو باوەڕی هەموو موخالیفانی شا بووم زۆر نهێنیان لای من دەدرکاند و ڕژیمی شا منی بە موخالیفی خۆی و دۆستی دوژمنانی خۆی دەزانی و تەبلیغاتی کوردایەتی، دژایەتی ڕژیمی شام دەکرد بە سەروو، دەروو، بۆ دەرباز کردنی قاچاغان بە پێی توانا هەوڵم دەدا بەڵام لەگەڵ هیچ حزبێک نەبووم.

پرسیاری۹: چالاکی سیاسی لە سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەوری جەنابت لە بانە تا شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چی بووە؟

کاتێ ڕاپەڕین لە ئێران لە دژی ڕژیمی شا دەستی پێ کرد و ڕاپەڕینەکە لە شارەکانی غەیری کورد بوو بەڕاپەڕینی جەماوری، دەبوو لە کوردستانی ڕاپەرین جەماوەری بێ. لە کوردستان چەند مەلایێک کە بە ئینقلابی و کورد و ناخۆشەویستی ڕژیمی سەڵتەنەتی ناسرا بوون، کەوتنە پێش خەڵکی ئازادی خوازەوە، من یەکێک بووم لەو مەلایانە کە بە ئینقلابی و ناڕازی دەناسرام و شیعری میللی و ئینقلابیم دەنوسی و دەکەوتە دەستی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان. خەڵکی بانە لەو هەلە زێڕینەدا چاوەڕوانی من بوون کە بکەومە پێشیان و ڕاپەڕین لە ناوچەی بانە دەست پێ بکا. ئەوەبوو لە بەخاکسپاردنی دوو لاو هەردووک بە ناوی ناسر لە ژێر تەراکتۆردا یەکیان مرد و ئەوەی تریان قسوری ژاندارم بووە هۆی مردنی، شەوێ بردماننە گۆڕستانی سڵمان بەگ، دوای بە خاک سپاردنیان قسەم بۆ خەڵک کرد، دوای قسەکانی من جەوانەکان دەستیان کرد بە دروود گوتن و شیعار دان تا ناو شار. دوای ڕاپەڕین نەپساوە، دەهاتنە بەر دەرگای من و پێشیان دەکەوتم و وتاری پڕ حەماسە و ئاورینم دەدا. ڕاپەڕین بە شێوەیەک گەرم و گوڕ بوو کە لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستان گەرمتر بوو هەر زوو چەکمان هێنا ناو شار. مەترسی ئەوە دەکرا کە ڕووداوی پاوە لە بانە تیکرار ببێتەوە ئامادە باشیمان ڕاگەیاند تا دڵنیا بووین کە بەرنامەیێکی وەک بەرنامەی پاوە لە بانە ناکرێ لە ئارادابێ، ئەمجار شارمان ئاسایی کردەوە. خەڵکی بەشەرەف و ئازاکەی بانە بە هەموو چینەکانیەوە لە تەزاهورات وڕێپێوان و دەربڕینی ئاڵوگۆڕ خوازی بە دڵ بەشدار بوون و هاوڕەنگی و هەودەردیان لەگەڵ شارەکانی کوردستان دەکرد. کە هێزەکانی ڕژیم لە سەردەشت وسەقزو بۆکان و سنە تەقەیان لە خەڵک کرد و خەڵکیان کوشت، بۆ هەموو شارەکان بە ژمارەیێکی زۆرەوە، دەچووین و لە هەموویان قسەم بۆ خەڵک دەکرد. لە یادمە کە بۆ سەردەشت نزیک بە ٨۰ ماشین چووین و ژماریەک کلاشینکۆف و دەمانچەمان پێ بوو. هەواڵی گەرموو گۆڕی و ڕێک و پێکی بەرنامەی ڕاپەڕین لە بانە، بە هەموو ناوچەکانی کوردستان گەیشتبوو. لە زۆر جێگای کوردواریەوە خەڵک بۆ بینینی گەرم و گۆڕی و ڕێک و پێکی ڕاپەڕینی خەڵکی بانە دەهاتن. ئەوەی لە دەستم هات کردم هیچ بە چاو لێکەریی لە جەنابی ماموستا شێخ عزالدین نەبوو، وەک یاسین سەردەشتی دەنوسێ، ئەوەی کردومە لە ڕێ کوردایەتی و حەق پەرەستیدا لە سەر باوەڕ بووە و ئەوەی لەمەولا لە دەستم بێ، لەسەر باوەڕ دەبێ و منتەنی سەرکەس نیە ئەوەش بۆیە دەڵەم کە ناڕەوایە لە زەحمەت و کاری کەس تەعبیری خراپ کرێ ئەو جۆرە هەڵوێستە ناڕەوا و ناڕاستانە من سارد ناکاتەوە لە کاری ڕەواو پێویست، وا چاکە کەس لە نوسیندا چێو لە تاریکی نەکوتێ. تا دوای هاتنی ڕاپەڕین و سەرکەوتنی ئینقلاب کۆبونەوە لە مزگەوتەکان دەوامی بوو کە شاپوور بەختیار ڕۆیی و دوامیی پێتەکی شا و حوکمەتەکەی باری کرد، خەڵک بە هیوا بوو چی لە پادگان دایە بکەوێتە دەستیان، بەڵام من داوام لە خەڵک کرد وا چاکە پادگان دەست لێ نەدەین، سوپاسی ئەو خەڵکە حەق ناسەی بانە دەکەم کە بە قسەیان کردم. کەسانی جێی باوەڕم بۆ ئاگاداری لەوێ داناو فەرماندەی گورهانەکەمان کە نەفەرێکی سنەیی بوو لەوێ هێشتەوە. پێم وابوو دەبێ ڕاوەستین جێداری حکومەتی شا لە مەرکەزەو ببینین کە چۆن دەبێ هەڵوێستی. من لە پاییزی زووەوە بەرپرسی شۆڕای شار بووم کە پێکمان هێنا بوو، دواییش ناوەکە گۆڕا، بوو بە مەسئولی کومیتە. شارەوانی لە ژێر دەستی کومیتەدا بوو و ئەمنیەتی شار دەپارێزرا. تەنانەت ژماریەک چەکدارمان ناردە سنە بۆ پاراستنی تەلەڤزیوون و ئوستانداری.
لە بەهاردا چوومە سنە و داوام کرد لە دەوڵەتی تازە سازی خومەینی کە چواڕسەد بڕنەومان بداتێ، بۆ پاراستنی مەرز، حازر نەبوون بیدەن، هەڕەشەم کرد کە پادگانی بانە هەڵدەگرم و دێمە سەر پادگانی سەقز، دوای نزیک بە سەعاتێک جواو موافقە هاتەوە، لە هەنگی ژاندرمری چوارسەد بڕنەوی تازەم وەرگرت بە چل هەزار فیشەکەوە، بردمە پادگانی بانە، دوای چەند ڕۆژ بەپێی لیست دامنە دەست خەڵکی دێهات. لە مانگی بانەمەڕدا لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و دوستان بە مەبەستی تەبلیغات سەفەرێکی جنوبی کوردستانم کرد، لە سەقزو بۆ سنە و کامیاران و ڕەوانسەر و جوانڕو پاوە و نودشەو نەوسود و دزڵی و مەریوان لە هەمووی قسەی کوردایەتی و یەکگرتوییم بۆ خەڵکی ئەو ناوجە کرد. لە هاوینی ئەو ساڵەش دا سەفەرێکی ترم کرد، تا ڕەوانسەر و وەلەدبەگی ڕویشتین، بەڵام بەهۆی تەقینەویەک لە بازاڕی بانە کە بریندارو کوژاوی لێکەوتەوە گەڕاینەوە. لە ڕەمەزانی ١٣٥٨ دا نزیک ۷۰ پێشمەرگە چووم بۆ تیلەکۆ بۆ سوڵحی نێوان کەشاوەرزو کۆنە فئوداڵەکانی ئەو ناوچەیە کە چەپەکان بە شەڕیان دابوون و ژماریەک کوژراو لە هەردوکلا، لە چایخانە سێ ڕێیانی تیکاب مابوونەوە و بە خاک نەسپێرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕژیم زانیبووی ئێمە بۆ سوڵح چوین نە بۆ شەڕ، هێزیکی زۆری پاسدار هێنا بە سەرماندا و ناچار بە شەڕ هاتین لەگەڵیان، ژماریەکی زۆریان لێ کوژراو گیرا و فەرماندەکەیان بە برینداری گیرا، ئێمە بێ زیان بووین و تەنیا بە تەقینەوەی خەشابێک بریندارێکی سووکمان بوو. بەو شەڕە زانیمان کە ڕژیم سوڵح و ئاشتی و حەقی میللەتی کورد ناناسێ، جا ئەمجارە چەکی پادگانمان بە نیسبەت زۆری و کەمی بەسەر ئەحزابدا دابەش کرد. دەفتەری مامۆستا شێخ عزالدینیش یەکێک بوو لەو لایەنانە و فەرماندەکەی پادگانمان جواب کرد.

پرسیاری۱۰: لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی ئێوە،پێوەندیتان بەلایەنەکان،پێوندی لەگەڵ مامۆستا شێخ عزالدین، ڕای ئەو کات و ئیستات سەبارەت بە هێزە سیاسیەکانی ئەو کاتە لە حیزب و کۆمەڵە تا دەفتەری مامۆستا شێخ عزالدینمان بۆ باس بکە؟

وەک لە پێشەوە گووتم، لە ڕەمەزانی ساڵی ١٣٥٨ دا ڕژیم لە ئێرانشای ناوچەی تیلەکۆ پیلەی بە ئێمە گرت و شەڕی پێ فرۆشتن، دوای شەڕی بەهاری سنە، ئەوە دووهەم شەڕێک بوو کە ڕژیم سەپاندی بەسەر کوردستان دا. لە ۲٨ی گەلاوێژ دا فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرچوو، هێرش بەرینی هێنا بۆ سەر کوردستان. لە ڕاستیدا موقاوەمەتێکەی بەرچاو نەکرا، چونکە هێزەکان یەک هەڵوێست نەبوون، چەپی مائویی و غەیرە هەر یەک لە هەوایێک دەی خوێند، شیعار و پلاکاردەکانیش دڵی خەڵکی تا ئەندازێک لە موبارزە و کوردایەتی سارد کردبوەوە. لە ڕاستیدا هێزیکی بارهاتوو سەر دەرچوو نەبوو، بەربەرەکانێکی ئەوتوو نەکرا، شارەکانی کودستان هەموو گیرانەوە، تەنیا بانە و سەردەشت مابوون. ماموستا شێخ عزالدین و دوکتر قاسملو و فوئادی موستەفا سوڵتانی هاتنە بانەو دوای ماویەک بەرەو سەردەشت ڕویشتین. پێمان وا بوو کە هێزەکانی ڕژیم لە کەلیخانەوە بۆ بانە هێرش دێنن، بەڵام لە جادەی قەرەژدابانەوە، جادەی مەریوان هێرشیان هێنا، تا سێ چارەکە سەعات بەر لە گەیشتنیان بۆ ناوشار، لە شاردا بووم، لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگە بەرەو ئاواییەکانی ڕۆژئاوای شار ڕۆیشتم. ڕژیم شاری گرتەوە. ماموستا شێخ عزالدین دوکتەر قاسملو چوونە لای مام جەلال و ئێمەیش پەڕینەوە بەری کوردستانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە خاو و خێزانی پێشمەرگە. پێویستە بگوترێ کە زووتر لەسەر داوای دەوڵەتی عێراق پێوەندیمان بە دەوڵەتی عێراقەوە گرتبوو. دوای دامەزراندنی هەموو ماڵە پێشمەرگەکان گەڕاینەوە وەڵات، هاوڕێکانی پێشوو کۆبونەوە ژمارەیەک خوازیاری پێشمەرگەیی بە ڕیزەکەمان زیاد بوون، تا ئێمە گەڕاینەوە ڕژیم تەواوی پادگان و پاسگاکانی لە زۆرینەی ناوچەکان ئاوەدان کردبوەوە.گوردانی گاردی جاویدانی بە هەموو ناوچەکان دا وەک مانۆڕ و هەڕەشە دەگەڕاو ئەم شار و شاری دەکرد، تا لە ڕۆژی جەژنی قوربان دەهەمی خەزەڵوەر پێشمەرگەکانی دەفتەری مامۆستا شێخ عزالدین لە جادەی سەردەشت و بانە لە دوجێگەلێان داو لە دەروازەی شاری بانە بەریان پێ گرت، نزیک بە هەفتا ئوتومبیلی ئەرتەشی، لەوێ لەکارخران و سووتان و ژماریەکی زۆریان لێ کوژراو بەدیل گیرا، هێندێک لە سەربازەکانی ئەو گوردانە گەیشتنە پادگان. بە ئیقراری چریکە فیداییکان وجودی نیزامی لەو شەڕەداهەر ئی ماموستا شێخ عزالدین بوو، دەفتەری ماموستا ٨ شەهیدی داو دیلەکانی ئەو شەڕە تا ئازاد بونیان لە دەست دەفتەری ماموستا دا بوون، هیچ لایەنێکیتر شەهیدی نەبوو، هیچ دیلیان لە دەست دا نەبوو. هەڵوێستی من لە ڕاست شەڕی داسەپاو ئەوە بوو کە دەبێ لە بەرانبەری دا موقاومەت بکرێ.

پرسیاری ١١:  پێکهاتنی هەیئەتی نوێنەرانی خەڵکی کورد( دەورو ڕاو بۆچونی جەنابتان لەو کات و سەردەمەدا چۆن بوو) ؟

لە هەر ناوچەیەکی کوردستانی ئێران کەسێک و دووکەسی ناسراو بە هەستی کوردایەتی و تا ئەندازەیەک سەر دەرچوو، بانگکران بۆ مەهاباد لە سەرەتای خاکەلێوەی ١٣٥٨ کۆچی خۆری دا. من و عەبدوڵا ئیقدامی لە بانەوە چوین دیمان جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی، مامە غەنی بلوریان و دکتۆر قاسملو و کاک سەلاحی موهتەدی و غەفوری حاجی سەعید، فوادی مستەفا سوڵتانی، کوڕی سمایل ئاغای سمکۆ و سەنناری مامەدی و ژمارەیەکی تری لێبوون، کە من هەمویانم نەدەناسین. پێشنیارێکی هەشت ماددەییان دوای باس لەسەرکردن نوسی، هەرچەند مادەی هەشت خاریج بوو لە ڕۆحی کۆبونەوەکە  وە ڕەنگە زۆڕان پێیان چاک نەبوبێ، بەڵام چەپی گەری بەسەر کۆبونەوەکەدا زاڵ بوو، دژایەتی شاو ئەمریکاو ئەوی پێێان سەر بە وان بوو، ببوە شیعاری ئەو ڕۆژانە، بەتایەبەت دوای ڕوداوی هەکاری. من هەر فەردێک بوم لەو کۆڕەدا وەک نوێنەری بانە دەورێکی تایەبەتم نەبوو.

پرسیاری ١٢:  بۆ لەگەڵ دەفتەری مامۆستا یەک نەبوون، پێوەندیتان لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ئەوکات چۆن بوو؟

ئەو کات دەفتەری مامۆستا دانەمەزرابوو من و زۆرینەی مەلای ناوچەکان لەگەڵ مامۆستا بوین ئەودەم دەفتەرو بەرپرس ئەحزاب ئاشکرا نەبوون تا پێوەندیان پێوە بگیرێ. لەگەڵ کەسانی بەرچاو ناسیاوی و دۆستایەتیم هەبوو.

پرسیاری ١٣:  هۆی دامەزرانی سازمانی خەبات، دامەزرێنەرانی کێ بوون، بۆ مامۆستا شێخ عیزەدین لەگەڵ سازمانی خەبات نەبوو؟

لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشودا گوترا کە هەرچی ئەحزابی کوردستان لە دوای ئینقلاب لە کوردستان دا کاریان دەکرد بە حیزبی دیموکڕاتەوە، هەموو سۆسیالیستی بوون بە خەت جیاوازییان بوو، خەڵکی موسڵمانی کوردستان بە بوونی مامۆستا شێخ عزەدین بەڕێبەری ڕاپەڕێن و ڕێبەری هەیئەتی وتوێژ دڵخۆش بوون حەزیان دەکرد کە لە کوردستان دا لە ژێر ڕێبەرایەتی جەنابیان دا حیزب و ڕێکخراوێکی وەک کۆمەڵە  ژ .ک دروست بێ. ئەو ڕۆژە کە لە کوردستان دا جەماوەر لەگەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین بوون، ئەو حیزبە لە تێکڕای کوردستان دا دابین دەبوو و لەو پەڕی هێزدا.

مامۆستا عەبدولڕەحمانی زەبیحی ساڵی ١٣٥٨ کۆچی خۆری لە بێژوێ ی ئالان مەتنی پەیڕەو پڕۆگرامی بەو جۆرە نوسی، قەرار بوو کە دانیشین و مادە بە مادە لەسەری بدوێین و تەسویب کرێ و ڕاگەێندرێ، بەڵام کەسانێک کە لە مامۆستا نزیک بوون بە حوججەتی ئەوە کە مامۆستا دەبێ بێ لایەن بێ و ڕێبەری ئایینی ی کوردستان بێ جیاوازی بمێنێ، مامۆستیان پەشیمان کردەوە، ئێمە هەر نا هومێد نەبووین کە بەڵکو مامۆستا ڕازی بێ ئەو کارە پێویستە بکرێ. لە ڕاستیدا بونی ڕێکخراو و حیزبێکی ئیسلامی پێشکەوتن خواز و نەتەوایەتی ئێستێش پڕبە پێستی کوردستانە. بەوە نیە کە ڕژیمی ئاخوندانو تاقمی ڕەشە کوژ لە لای ناشارەزایان، ئیسلامیان عەیبدار کردوە. کردەوەی ئەوان لەسەر ئیسلام نایێتە بەڵگە لە ئینتخابات دا زۆرینە دەباتەوەو دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ. ئەوە دیکتاتۆری نیە کە کەمایەسیی، دژ بە باوەڕی زۆرینە، دەمی زۆرینە ببەستێ و مەیدانی قسەو پێشنیاری نەداو سوار دەسەڵات ببێ؟

کەسایەتی مامۆستا شێخ عیزەدین لە کوردستان دا کاتی گەڕانەوەی لە سەفەری تاران و مولاقاتی خومەینی، دەرکەوت کە چەندەی ڕێز هەیە لە لای میللەت، ئەو میللەتە بە بونی زانایێکی ئایینی و کورد پەروەر و میللی دڵخۆش بون، کە هیچ کات کوردێکی دوور لە دین و یان زانایێکی دیندار و دوور لە مەسڵەحەتی میللەت، ناگەنە ئەو پلە لە خۆشەویستی دا. ئەو دوو خاسیەتەیان لە مامۆستا شێخ عیزەدین دا دەدی، بۆیە کیلۆمیترێکی لەبەر حەشیمەتی زۆر کە بە پیریەوە دەهاتن بە دوو سەعات بۆ نەدەبڕا. جەماوەری کوردستان دین و کوردایەتیان لە مامۆستا شێخ عیزەدین دا دەدی، بۆیە ڕێزیان لێدەگرت، لە کوردستانی ستەم لێدراو دا کە خەڵکەکەی پەیڕەوی ئەو ئایینە پاکەن، حیزب و ڕێکخراوی دژ بە دین و حیزب و ڕێکخراوی دینی بێ تەوەجو ە بە نەتەوایەتی، کەم نرخن. دینی ئیسلامی ڕاستی لە خودا پەرستی و خوو و ڕەوشتی چاک و ژیانی خۆش بۆ هەموان و یەکسانی ئینسانان دەدوێ. هەموو کارێکی چاک و بەرنامەیەکی بە قازانج و بێزیان بە مەرجی باوەڕ بە خوداو لەبەر خودا، دینە. خۆ ئیسلام وەک ئایینەکانی تر نیە تەنگەبەر و کەم و کوڕبێ، ئیسلام هەموو مەسڵەحەتێکی ئینسانی لەبەرچاو گرتوە. ئیجتماع تەنزیم دەکا لە باری دەروونی و لەباری کۆمەڵایەتیەوە. دینی خودایەو بۆ هەموو کۆمەڵگای ئینسانیەت هاتوە. کە ئێمە ئەوەمان دەدی، حەزمان دەکرد ئەو یەکپارچەییە کە لە ڕاپەڕین و لەسەرکەوتنی شۆڕش دا دیمان هەر بمێنێ، خەڵکی کوردستان لە یەک بەرەی جەماوەری دا داوای مافی کورد بکاو بە دروشمی دژی دین زۆرینە لە ڕیزی موبارەزە دەرنەکرێن و پاڵیان پێوە نەندرێ و ڕژیم لێیان فریودا و بۆ لای خۆیان بەرێ.

تا هاوینی ١٣٥٩ لەگەڵ دەفتەری مامۆستا ماینەوە تا ئاخری هاتینە سەر ئەوە کە جەنابیان حازرنین ئەو کارە پێویستە بەناوی ئەوە بکرێ، ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی و شۆڕشگێڕانی خاوەن ئیمان، سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانمان پێک هێنا و لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ دا ڕامان گەیاند. پێکهێنەرانی جوێ لە من خوا لێخۆش بوو مەلا خدری عەباسی، مەلا کەریمی سەییادی، مامۆستا ئارام، چەند کەسی تر بوون. دوای تەسویبکرانی مادەکان، ئەساسنامە نوسرا.

بەڵێ سازمانی خەبات ڕاگەێندرا دەستکرا بە کاری تەشکیلاتی و کاری نیزامی ژمارەیەکی زۆری تێ ئاڵان، چالاکی و هەڵێستەکانی سازمان لە ڕاگەێندراو دا بە دەستی خەڵک دەگەیشتن. خاوەن باوەڕانی کوردایەتی خۆماڵی لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین و سازمانی خەبات دا جوێ لە تەبلیغاتی کوردایەتی و مەردم داری، لە بانەو سەردەشت و دۆڵی مەهاباد و سەقز و بۆکان و سنە و مەریوان و کامیاران، قارەمانانە لە بەرامبەر دژمن ڕاوەستاون.

پێشمەرگەی سازمانی خەبات لەسەر تا خوار ژیانیان یەکسانی بوە. لەگەڵ ئەسیر زۆر بە ئینسانی ڕەفتار کراوە. لە بنکەکانی سازمان خەبات دا ژیانی دیلەکان لەگەڵ ژیانی پێشمەرگە جیاوازی نەبووە. پێشمەرگەی سازمانی خەبات ناوبانگی قارەمانیان بە کوردستان دا بڵاو بۆتەوە، دەگێڕنەوە کە مام جەلال لە دیار دوکتر قاسملو شانازی دەکا بە شەهید مامە ڕیشە، دوکتر قاسملو پێشمەرگەیەکی سازمانی خەبات لە بەرامبەردا بە شانازی دەهێنێتەوە. پێشمەرگەی سازمانی خەبات بە پەیڕەوی لە فەرماندە ئازاو لێبوردەکانیان نمونەی قارەمانی بوون، دەستپاک و دڵپاک بوون. جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدین کە بۆ خۆی ئامادەی پێکهێنانی سازمانی خەبات نەبوو، نەهاتە ناو سازمان.

پرسیاری ١٤:  ڕاتان لەسەر هەڵوێستەکانی ئەو کاتی مامۆستا شێخ عیزەدین و کەسایەتی ئەو و نزیکایەتی ئەو لە چەپەکان چۆن بووە؟

مامۆستا شێخ عیزەدین کەسایەتیەکی ئەوەندە بەرز و بە ویقاری هەبوو لە جەوانیەوە، کە لە هەر جێگەیەک بوبێ لەلای مامۆستاکانی و ڕەفیق و خەڵکەوە زۆری ڕێز لێگیراوە، دوور بووە لە هەموو خو و ڕەوشتی نەشیاو دوور بوە لە مادییات، لەوپەڕی زرینگی و تێکۆشان دا بووە. بە فەقێیەتی خاوەن ڕەئی و نەزەر بوو لە مە سائیلی عیلمیدا. زانایە لە ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و عەرەبی و هەموو علومی ئیسلامی و تەئریخ دا، قورئانی هەموو ئاگا لێیە و زۆر شارەزایە لە تەفسیردا. لە هەموو ژیانی دا بێ تەماعو دڵ ئاوا ژیاوە، مەرایی بە دەوڵەت و ڕژیمی شا نەکردوە. کە کرا بە ئیمام جومعە، خۆی هەر ئاگای لێنەبوە، هێندێ لە کەسایەتیە خاوەن نفوزەکانی مهاباد پێشنیاریان بە دەوڵەت کردبوو، حوکمی ئیمام جومعەیی بۆ هات، چەند ساڵ کە ئیمام جومعە بوو دۆعای بۆ شا نەکرد لە خوتبەدا. جستانی ١٣٥٧ کە ژاندارم تەقەیان لە خەڵکیبۆکان کرد و چەند کەسێکیان شەهید کرد، مەلاکانی بۆکان حازر نەببون بۆ مەڕاسیمی بە خاکسپاردنیان، ناردیان بە شوێن مامۆستدا شەو هاتە بۆکان، سازمانی ئەمنیەت بەیانی دێنە لای لە مزگەوت دەڵەن دەبێ سەعات شەش تەرمەکان بەرن بۆ گۆڕستان، مامۆستا دەڵێ : ئێوە موسەلسەلەکانتان قەت ڕووی لە مەرز نەبوە، هەر ڕوی لە سینگی میللەت بووە، ئەوە ئێمە سەعات ١٠ جەنازەکان دەبەینە گۆڕستان کێ بەرمان پێ دەگرێ با بیگرێ. ئەمجار ڕێبەری ڕاپەڕینی ١٣٥٧ی کرد لە مەهاباد و دوای سەرکەوتنی شۆڕش تا توانی نەیهێشت براکوژی لە نێوان ئەحزاب دا ببێ.

مامۆستا شێخ عزالدینی لە بانە لە دایک بوە بە فەقەیەتی کەوتۆتە ناو موکریان واش بە هۆی ویقار و لێ هاتوویی و زانست و مەتانەتی خۆی ئەو هەموو ئیحتڕامەی کەسب کرد. ئەمجارە ئەو شەخسیەتەی لە ڕاپەڕین دا ڕەنگێکی دیکەی گرت، بۆیە ئەحزابی سیاسی لەو نزیک دەبونەوە، ئەویش کە شەخسیەتێکی بەرزی دینی بێ لایەن بوو، نەدەکرا دەست بە کەسەوە بنێ و دوری لە خەڵک بکا، خێر خوازی میللەتی کورد نە مارکسیستە و نە سەرمایە دارە موسڵمان و عالمێکی بەرزە و سەربەرزە بە کردەوەو زانست و ئەخلاقی خۆی.

پرسیاری ١٥: پێوەندی سازمانی خەبات لەگەڵ هێزە سیاسیەکان لەکاتی سەرکردایەتی بەڕێزتان دا یەک بەیەک باسی لێوە بکەن، چ کوردستانی و چ ئێرانی، چ هێرە ئەسڵیەکان و چە ئەوەی ئینشعابیان کردوە؟

لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕابردوودا باسی پەیوەندی لەگەڵ هێندێکیان تا ئەندازێک کرا. دوای ئەوە کە لە وەڵات ئاوا بوینە کوردستانی ئەودیوو وردە ووردە تێکەڵی لەگەڵ حزبی دیموکرات بەگەرمی ڕۆیی، لەکاتی ئینشعاب لەگەڵ هەردوکیان دۆستایەتیمان هەبوو، لەگەڵ ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر دراوسێ بووین دیدەنیمان بۆ هاسانتر بوو. لەگەڵ حزبی کۆمۆنیست هیچ هاتوو و چۆێکمان نەبوو و نیمانە لەگەڵ کۆمەڵەش هاتووچومان بوو ئێستەیش هەمانە. لەگەڵ سازمانی موجاهدین دەمێکە دۆست و هاوپەیمانین.

پرسیاری ١٦: دەوری سازمانی خەبات لە ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ باشووری کوردستان چی بووە؟

سازمانی خەبات لە ڕاپەڕینیش دڵسۆزانە هاودەردی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو هەموو ستەمە کە کورد لێی کرا لە کودستانی عێراق. لە ڕابەڕین دا وەک کورد ڕەفتارمان کردووە و دڵسۆزی زۆرمان نواندوە و خەڵکی ناوچەی ڕانیە و پشدەر ئاگاداری بەشێکن.

پرسیاری ١٧: دەوری سازمانی خەبات لە شەڕی ناوخۆی باشوری کوردستان چیبوو؟

سازمانی خەبات وەک باقی دڵسۆزانی کورد هەوڵیدا کە شەڕ نەبێ و ڕابگیرێ. بەڵام بەقسەی کەسیان نەکرد هەڵوێستی ئیعلامیمان گرت دژ بەو شەڕە.

پرسیاری ١٨: بۆ دانیشتی و بۆ ڕاستەوخۆ دوای خۆت کوڕەکەت دەسەڵاتی گرتە دەست؟

من ئێستێش دانەنیشتووم، ئەندامی ناوەندیم. لە کونگرەی سێ دا دوای ئاڵۆگۆڕ لە بەرنامە دا و پەسەند کردنی بڕیارەکان، هەڵبژاردن کراو بابە شێخی حوسێنی لە منوو هەموو کاندیداکان دەنگی زۆرتری هێناوە. ئینتساب و ڕاستەوخۆ دانان لە سازمانی خەبات دانەبووە. لە سازمانی خەبات دا کارەکان بە ڕاوێژ،  بەراو بۆچۆنی تێکڕا دەکرێ. کۆنگرەی سێهەمی سازمانی خەبات ئەندامانی بە هەڵبژاردن دیاری کردووە و لە داهاتویش دا هەر بەو شێوە دەبێ.

پرسیاری ١٩: کورتە باسێکی کونگەرەکانی سازمان لە دامەزراندنی تا کاتی دەست لێ کێشانەوەی، خۆتمان بۆ باس بکە؟ کێ بوون؟بەڕێوە بەران لە کوێ بوون؟ سەرکردایەتیەکە درا بە کێ؟

کونگرەی یەکەم لە ساڵی ۱۳٥۹ کۆچی خۆڕی لە قەڵای خەبات لە بلەکێ بوو، کۆنگرەی دووهەم لە ساڵی ۱۳٦۷ کۆچی خۆری لە بنکەی شێبانەی پشتی ڕانیە بوو و تا کۆنگرەی سێهەم من بەرپرسی یەکەمی سازمانی خەبات بووم، کۆنگرەی سێهەم لە ناحیەی ڕزگاری توبزاوا هەولێر بوو کاک بابە شێخ حوسێنی بە دبیر کلی سازمان هەڵبژێردرا.

پرسیاری ٢٠: ڕای ئێوە لەسەر ئەو دابڕانانە بەگشتی لەناو هێزەکانی ڕۆژهەڵات چییە؟

هۆی دابڕان لە هەر حزبێک تا ئەندازیێک جیاوازە لەگەڵ حزبێکی تر تا لە ناوەوە بووین  دوو ئینشعاب لە حزبەکاندا بوو، هەردووک ئینشعابەکان چوونە لای ڕژیم، چریکی ئەکسەریەت و کۆنگرە چواریەکانی حیزبی دیموکرات. نازانم بۆچی ئەوەتی ئاوارە بووینە ئەو بەشەیتری کوردستان ئینشعابی زۆرن. هەرچی بێ هەمووی بە زیانی بەرەی موبارزە و بە قازانجی دوژمن تەواو دەبێ. ئێمە ئارەزومان ئەوەیە ڕۆژێک لەت بوەکان یەک بگرنەوە و هەموو لایەنەکان لە بەریەکی پتەودا برایانە بۆ قازانجی کوردستان یەک بگرن.

پرسیاری ٢١: بەڕای جەنابت بۆ بەرەیەک پێک نایێ؟ چە کاریگەریەکی هەیە؟

زۆر هەوڵدرا بەرە پێک بێ و تا ئێستا بێ ئاکام بووە سازمانی خەبات ئامادە بوو بۆ پێک هێنانی بەرە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی دابنیشێ. دەڵەن ئیمتیاز خوازی ناهێڵێ بەرە پێک بێ.
ڕێکه‌وت: 2020-07-23 10:45:01
به‌شی ( دیمانه‌ )





دیمانه

سیاسی