له‌سه‌رهێل 116
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل : شەهید عەلی چەمەن گوڵی
شەهید عەلی چەمەن گوڵی ، لە ساڵی 1333 دا لە بنەماڵەیەكی كورد پەروەر لە شاری سەقز لە دایك بووە. لە 6 ساڵیدا ڕویكردە قوتابخانە و خوێندنی سەرەتایی تەواو كرد و دواتر نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدا . لە دوای خوێندن،هاوشانی باوكی خەریكی كارو كاسپی بوو. لە کۆتاییەکانی ساڵی 1357 كە رژێمی شا ڕوخا و دەروو بۆ خەڵكی كوردستان كراوە، پەیوەندی بە شۆڕشەوە گرت و بە نهێنی كاری لەگەڵ جووڵانەوەی دژ بە ڕژێم دەكرد. لەساڵی 1362 لە دوژمن ئاشكرا بوو لە كاتێكدا كە بە ئوتوو بووسەكەی خۆی هەندێ پێشمەرگەی هەڵگرتبوو وە دەیهەویست لە سەقزەوە بۆ بانە بیانگوێزێتەوە، بەڵام دژمن پێی زانی و رێی لێگرت. كاك عەلی قارەمان بە شێوەیەكی قارەمانانە و بێوێنە لە شار هاتە دەرەوە. شەهید عەلی چەمەن گوڵی لە كاری شۆڕشدا بێ پشوودان کاری دەکرد و دڵخۆش بە ڕێبازی شۆڕش بوو بە شێوەێک کە ئەم ئامانجە خەمی ژن و منداڵی لە بیر بردبۆوە... 
شەهید عەلی چەمەن گوڵی، ڕیزی شۆڕشی بۆ هەتا هەتایی هەڵبژاردبوو و لە ڕێبازەكانی شۆڕشی كوردستان ورد دەبۆوە كە كامی لا پەسەندبێ، لەوەدا درێژەبدا بە ئەركی شۆڕشگێڕی. 
بە ورد بوونەوە لە ڕێبازی سازمانی خەبات ی كوردستان و بەراوردی دڵی خەڵكی كورد ، ڕێی سازمانی خەبات ی بە ڕێی ڕاستی گەلی كورد زانی و لە بەهاری 1364 دا هاتە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە و زۆر بە دڵسۆزییەوە ئەركی پیِشمەرگایەتی بە ئەنجام دەگەیاند. وەك لە سەرەوە گەیاندمان خۆفرۆشان لە كوردستاندا بوونە دار دەستی دژمن و بە دراو و ئافەرین پشتی خۆیان دەشكێنن، داو بۆ برای خۆیان دادەنێنەوە، هەندێك لە خۆفرۆشان بە دەستووری داگیركەرانی كوردستان مین لە سەر ڕێی هات و چۆی ماشێنەكانی سازمانی خەبات بە مەبەستی زەربەت لێدان لە پێشمەرگەكانی دەنێنەوە. 
ڕۆژی 31/گەلاوێژ/1364 لە كاتێكدا كە شەهید عەلی چەمەن گوڵی بە (لەندەروێر)ەكەوە كە لە بەڕێكردنی چەند كەس لە پێشمەرگەكانی سازمان لە بەرانبەر (سووركێو) گەڕاوە، مینێكی داندراو لە ژێر ماشێنی شەهید عەلی چەمەن گوڵی دەتەقێتەوە و كاك عەلی شەهید دەبێ. 
شەهید عەلی ژیانی بێ ماوەی ئەم جیهانەی بە سەربەرزی دوایی هێنا. بەڵام خۆفرۆشان بەسەر لەنگی درێژە بە ژیان دەدەن و بە بەدناوی سەر دەنێنەوە وسزای دواڕۆژ چاوەڕوانیانە و ڕۆژێك دێت بەرەو دۆزەخی كوردستان بەڕێ دەكرێن.
تەرمی شەهید عەلی چەمەن گوڵی لە گۆڕستانی میراوای كوردستانی گەرمێن چووە ناو باوەشی دایكی نیشتمانەوە...
هەزاران سڵاو لە گیانی بەرزی
ڕێکه‌وت: 2020-08-22 10:53:35
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی