له‌سه‌رهێل 70
سێ‌شه‌مه 8 ره‌زبه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
فەرمانی جیهادی خومەینی و زیان و ئەزمونەکانی.

بابەشێخ حسەینی
بۆ باس لە سەر فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵكی بە زۆرینە موسڵمانی كوردستان، پێویست بە هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی شارەزایانی دینی ئیسلام و شارەزایانی سیاسی و لە هەموو گرینگتر دوكتورو شارەزایانی بواری زانستی دەرون ناسی هەیە. چونكە فەرمانی جیهادی خومەینی كە لە 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1358 كۆچی خۆری، سەرەڕای ئەوەی فەرمانێك دژ بە بنەماكانی ئیسلامی بوو، لە هەمانكاتدا ناڕەواو جینایەتكارانەو دوور لە هەموو بەراوردو هەڵسەنگاندنە لۆژیكیەكان بوو.
‎خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی خەڵكی بە زۆرینە موسڵمانی كورد ڕاگەیاند، كە ئەوە دەرخەری دوو ڕاستین، یەكەم ئەوەی خومەینی فەرمانێكی ئیسلامی بە كارهێنا كە بەپێی‌ قسەی زۆربەی شارەزایانی دینی ئیسلام هیچ كات ناتواندرێ‌ لە سەردەمێكدا كە سنووری نێوان موسڵمان و غەیرە موسڵمان دیار نیە، كاری پێ‌ بكرێ‌. بەڵام خومەینی بۆ قەڵاچۆكردنی گەلی كورد فەرمانی جیهادی ڕاگەیاندو داوای كرد لە هەموو هۆكان و تەنانەت هەستی مەزهەبی و نەتەوەیی بۆ سەركوتی گەلی كورد كەڵك وەرگرن، لە كاتێكدا گەلی كورد بە زۆرینە موسڵمانن و لە هەمانكاتدا كورد كێشەی مەزهەبی و شەڕی نەتەوەیی لە گەڵ هیچ كام لە نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران نەبوو.
دووهەم، خومەینی ناڕاستەوخۆ و بە شێوەی ڕانەگەێندراو، شوێنكەوتوانی مەزهەبی سوننەی بە كافر ناوهێنا كە ئاشكرایە زۆربەی خەڵكی كورد لە كوردستانی ئێران و بە تایبەتی ئەو ناوچانەی كەوتنە بەر هێرشی پاسدارەكان، دانیشتوانی، خاوەن باوەڕیی مەزهەبی سوننە بوون.
‎بێگومان خومەینی بە فەرمانی جیهاد دژی خەڵكی كورد، یەكەم چەكوشی لە برایەتی نێوان گەلانی ئێران و هاوپێوەندی ئیسلامی نێوان مەزهەب و بیروبۆچونە جیاجیاكانی ئیسلامی دا، لانی كەمی تا كاتی كۆتایی دەسەڵاتی ئێستا لە ئێراندا وەشاندووە. جیهادی خومەینی دژی خەڵكی كوردستان جارێكی دیكە ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە، كە دەسەڵاتەكان گەلی كورد بە دژمن دەزانن نەك بە خاوەن بەش لە ئێراندا. لە لایێكی دیكەوە فەرمانی جیهادی خومەینی و كوشت و كوشتكارو وێرانكردنی كوردستان لە لایەن پاسدارەكانی دەسەڵات، ئەو پەیامەی بۆ خەڵكی كوردستان پێ‌ بوو كە كورد لە ئێراندا نەتەوەی بێ‌ بەشەو ئەگەر كورد یەكگرتوو نەبێ دەكەوێتە نێوان بەرداشی دەسەلاتی ملهوڕو دیكتاتۆر، هەر وەك ئەوەی لە ماوەی41 ساڵ دەسەڵاتی ئاخوندەكان دەبیندرێ‌ و لە ماوەی دەسەڵاتی حكومەتی شادا، بیندرا.
‎پەیامێكی ڕوون و خێرای دیكەی فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ خەڵكی كوردستان، ئەوە بوو كە نابێ‌ هومێدێك بە چاكسازی ئەو دەسەڵاتە هەبێ‌، چونكە خومەینی لە كاتێكدا ئەو فەرمانەی دەركرد كە خەڵكی كوردستان و نوێنەرانی ئامادەی ووتووێژو ئاشتی بوون و تەنیا ئامانجی كورد، گەیشتن بە مافەكانی بوو لە چوارچێوەی ئێراندا. 
‎كورتكراوەی ئاكامی فەرمانی جیهادی خومەینی، بریتیە لە:
‎1. بوونی روانگەی ڕەگەزپەرەستی دەسەڵاتداریی بە تێكڕاو خومەینی بە تایبەت، وە ویستی خۆسەپێنی و حەزی بە دیلی مانەوەی كورد لە ئێراندا.
‎2. بەكارهێنانی مەزهەب و دین وەك ئامراز بۆ سەركوتی میللەتی كورد.
‎3. بەكار هێنانی هێزی سەربازی و پاسدارو سەرمایەو پوڵی ووڵات بۆ سەركوتی خەڵكی كوردستان و هەوڵ بۆ شێواندنی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دانیشتوانی كوردستان.
‎4. شێواندنی جوغرافیای كوردستان و هەوڵ بۆ ئاژاوەو بشێوی نانەوە لە نێوان نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی دراوسێی‌ كوردستان بە تایبەت نێوان كوردو ناوچەو شارە ئازەریەكان.
‎5.دەركەوتنی ئامانجێكی دیكە لە فەرمانی جیهادی خومەینی، جەنگی مەزهەبی و تایفەگەریی لە كارە سەرەكیەكانی دەسەڵات هەر لە سەرتاوە بووە.
‎بەشێك لە ئامانج و پەیامەكانی فەرمانی جیهادی خومەینی و دەسەڵاتەكەیم خستە بەرچاو، لە بەرانبەردا پێویستە باس لە هەلومەرجی جوڵانەوەی مافخوازانەی كوردستانی ئێران و ئەو دەرس و ئەزمونانەی كە لە فەرمانی جیهادی خومەینی وەرمان گرتوەو ئەو خەسارو زیانانەی كە تووش جوڵاَنەوەی حەقخوازانەو گەلی كورد بوون، بخەمە بەرچاو.
‎ئاشكرایە كە خەڵكی كوردستانی ئێران و تێكڕای لایەن و كەسایەتی و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی، لە پێش فەرمانی جیهادی خومەینی و بە دیاری كراویی لە مانگەكانی بەهاری ساڵی 1358 بە هەموو بیروبۆچونەكانیەوە بە بێ‌ دوو دڵی لە پێناو دەستەبەركرانی مافە نەتەوەییەكان و دابین كردنی ئازادی بۆ گەلی كورد، جۆرێك لە هاودەنگی لە نێوانیاندا لەئارادا بوو. بەڵام ئەو هەلومەرجە لە بارە، زۆری نەخایاند و بەداخەوە ناكۆكی فكری و سەلیقەیی و تەنانەت ناكۆكی شەخسی و حەزی دەسەڵاتخوزای لە ناو لایەنەكان و كەسایەتیەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، تەبایی و یەكدەنگی لەباربرد. كوردستان بووە مەیدانی ململانێی فكریی چەندین لایەنی چەپ و بەتایبەتی ڕێكخراوی چریكە فیداییەكان بە كردەوە شەڕی نێوان جوتیارو مالیكەكانیان وەڕێ‌ خست و بە گووش(تەناف) و بە بێ‌ بوونی میترو بە بێ‌ هیچ پێوانەیێكی قانونی، وە تەنیا لە چوارچێوەی حەزی تەشكیلاتی خۆیان و بۆ بزڕكاندنی كۆمەڵگەی كوردستان، دەستیان كرد بە دابەش كردنی زەوی و مەرتەع لە چوارچێوەی مەبەستی جوانی وەك زەوی دەبێ‌ بۆ جوتیار بێ‌ بە شوێن ئامانجە دزێو خراپەكانیانیانەوە بوون و لەو ماوەدا چەندین ئاغاو مالیكیان لە سەر ماڵ و جێ‌ ژیانیان ئاوارە كردو بوونە هۆی تێكدانی ئارامی لە ناوچەی دیواندەرەو تیلەكۆی سەقز.
لە لایێكی دیكە چەندین لایەن هەوڵی سەرەكیان ئەوە بوو لە كەسایەتی و پێگەی مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی كەڵكی نابەجێ‌ وەرگرن و بە داخەوە هەر بە ناو مامۆستا شێخ عیزەددین یان، وەك ڕێبەری خەڵكی كوردستان دەزانی بەڵام لە ناوەرۆكدا بە شوێن ئامانجی تایبەتی خۆیانەوە بوون. دیارە بە داخەوە هەر ئەو لایەنانە هەوڵیاندا كە لە نێوان مامۆستا شێخ عیزەددین و مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و كاك ئەحمەد موفتی زادە ناكۆكی دروست بكەن و دەكرێ‌ بڵەین لەو كارەیاندا هێندێك لە ئامانجەكانیان پێكا. 
(دیارە ئەو بەشە لە باسەكە زۆر هەڵدەگرێ‌ بەڵام هەر بۆ بەرچاو ڕوونی ئەوەندەم باس كرد)
ڕێکه‌وت: 2020-08-23 15:22:14
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی