له‌سه‌رهێل 85
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید موزەفەر ئەعزەمی 
كاروانی دورو و درێژی شۆڕشی ڕزگاری هێنی كوردستان مێژوویەكی پڕ لە كارەسات و هەل و مەرجی یەكجار حەستەمی تێدایە. بۆ درێژەی خەبات و تێكۆشانی ڕابردومان هەر زەمان و دەستەیەك لە ڕۆلە گیانبازو فیداكارەكانی نەتەوەی كورد بوونە پێشەنگی خەبات و موبارزە. دیارە شۆڕش لە هەركات و زەمانێك بەستراوەتەوە بەشێوەی دەسەڵاتی داگیركەرانی كوردستان و ڕادەی هێز و توانای دژمن و لە بەرانبەریشدا چەند و چۆنی هێزی شۆڕش و ڕادەی بەشداری گەل لە خەباتی حەقخوازانە لە دژی داگیركەرانی ڕژیمی ئاخوندی. زۆرن ئەو ڕۆلە گیانبازانەی بۆ وەدەست هێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان تێكۆشاون و بێ‌ گوێ‌ دانە قازانج و بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتی گەل لە گیان و ماڵیان بوردون. ڕەنگە لە مێژویی خەباتی گەلی كورد دا نمونەی وەك ڕژیمی ویلایەتی فەقیە نەبوبێ‌ لە ستەمگەری و تاڵان و بڕۆ كردندا، مێژوی نەتەوەكەمان تا ئێستە بەخۆیەوە نەدیوە داگیركەرانی وڵاتمان بە بەهانەی مەزهەب و كافری و جیایی خوازی و چی و چی هێرشیان بۆ كوردستان هێنابێ‌. ڕژیمی ئاخوندی بۆ سەپاندنی ویستەكانی بەسەر كوردا گوێی بە داوا ڕەواكان نەداو و لە هیچ زوڵم و ناڕەوایەك دریغی نەكردوە .لە ماوەی چەند ساڵ خەباتی نیشتمانی بۆ ئازادی و سەربەرزی كوڕانی كوردەواری كە پێشەنگی خەباتی بەرحەق و ڕاست بوون.لە گیانبازی و فیداكاریدا كەم وێنە بوون و لەو ڕێگەدا تەنیا هەر لە بەرانبەر داگیركەران ڕانەوەستان، بەڵكو لەڕێی خائینانی دژ بە گەل و شۆڕش لەناو ڕیزەكانی شۆڕشدا و لە دەرەوەی شۆڕش وێستاون و لەو كاتانەدا خائینان، ویستویانە ڕێگای شۆڕش بەرەو هەڵدێر بەرن، مەردانە لێیان هاتونە دەست و بەرەنگاریان بونەوە. سازمانی خەبات ی کوردستان كە بەشێكی گرنگ لە خەبات و شۆڕشی لە ئەستۆیە و لە ماوەی خەباتیدا، زۆر ڕۆلەی بەنرخ و قارەمانی پێشكەش بە گەل و نیشتمان كردوە، تا بە پاكی و چاكی لە ڕێگەی خزمەت بە كورد و كوردستان دا خەبات بكەن. ڕۆڵەكانی سازمانی خەبات بە دەرس وەرگرتن لە ڕێگەی پڕلە شانازی و بێ هەڵە، شۆڕشەکەیان درێژەی هەیە و تێكۆشاون و شانازی زیاتریان خستۆتە سەر شانازیەكانی سازمان. ئەوانەی كە لە ڕیزی سازمانی خەباتدا وەك سەربازێكی خاوەن باوەڕ، فیداكاری بێ‌ وێنەیان لە خۆنیشان داوە زۆرن، دیارە لای گەل و نیشتمان ئازایەتی و لە گیان بوردوییان شاراوە نیە.
شەهید موزەفەر ئەعزەمی كوڕی حەسەن خەڵکی گوندی كانی بەن لە ناوچەی پشت ئاربەبای بانە ، یەكێكە لەو ڕۆڵە گیانبازانەی سازمانی خەبات كە لە ڕۆژانی هاتنی بۆ ئەو ڕیزە، تا كاتی شەهید بوونی وەك خاوەن باوەڕێكی بە نرخ بۆ ڕزگاری گەلەكەی و سەربەرزی سازمانی خەبات تێكۆشاوە. ڕەنگە بۆ كەسانێك كە هەر لە منداڵیەوە لە چوار چێوەی ماڵ و ژیاندا لەگەڵ كاری سیاسی و فێربوونی خوێندن و چاودێری كەس و كاریان پێ‌ گەیبن، ئاسان بێ‌ هەڵە نەكردن و ڕێگەی چاكە گرتن. شەهید مزەفەر لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا لە زۆربەی شەڕەكانی دژ بە دژمن لەگەڵ پێشمەرگەكانی سازمان بەشداری بەرچاوی کردوە. قارەمانێكی چاو نەترس لەبەر بەرەكانێ و دیفاع و هێرشدا هەڵمەتی مەردانەی نواند. ساڵی 1372كاتێ‌ پێشمەرگەكانی سازمان خەبات لە مەڵبەندی یەك لە بەرەبەیانڕا لە پشت گوندی كانی بەن لە حەسانەوەدا بوون و لە لایەن خۆفرۆشان و پاسدارانی ڕوو ڕەشی حكومەتی جەهل و نەزانیەوە ئابلۆقە دران كە بە هۆی قارەمانی پێشمەرگەكان و هەڵمەتی بەرچاوی شەهید موزەفەر ئەو موحاسەرە تێكشكێندرا و پێشمەرگەكان توانیان دژمن تێك شكێنن ، بەڵام دڵپڕ لە قین و كورد كوژی ڕژیم بەشێكی زۆری لە ناوچەكە پڕكردبوو لە هێزە سەركوتگەرەکانی و هەر بۆیە پێشمەرگەكان بە دوای تێك شكانی ئەو گەمارۆیە و خۆ دەربازكردنی لە پشتی گوندی كانی بەن لە دەوروبەری گوندی ناوە توش شەڕێكی قورس دێن، درێژ ماوەی شەڕەكە دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی فیشەك و تەقەمەنی پێشمەرگەكان و شەهید موزەفەریش كە لەو شەڕەدا بەوپەڕی ئازایەتیەوە شەڕی قارەمانانە دەكات بەڵام بەداخەوە بە خەشابی خاڵی و تفەنگێکی بێ فیشەكەوە دەگیردرێ. خەبات و تێكۆشانی ڕاستی سازمانی خەبات، مایەیە بۆ ڕۆڵەكانی كە لە هەموو كات و ساتێكی نا لەبار و
حەستەم دا بوێرو نەبەز بن. شەهید موزەفەریش بەدەرس وەرگرتن لەو ڕێبازە ڕەسەنە و بە ئازایەتی بێ وێنەی خۆی لە دوای گیرانی لە چاڵە ڕەشكانی دژمندا بەو پەڕی سەربەرزی و ئازایەتی ژیانی بردەسەر. ئەوكەسانەی لەگەڵ شەهید موزەفەر لە بەندیخانەكانی ڕژیمدا بوون، شاهیدی ئەون، كە چۆن شەهید موزەفەر بە شێوەیەک زیندانیشی كردبووە جێگەیەك بۆ دەربڕینی داوا ڕەواكانی گەلەكمان.
ئەو شەهیدە قارەمانە لە زینداندانی ڕژیمدا نمونەی چاكی و پاكی بوو، قارمانیەتی شەهید موزەفەر لەوەدا بوو كە بەهەر شێوەیەك مومكین بوایە هەواڵی خۆی و شێوەی خەباتی بە سەركردایەتی شۆڕش دەگەیاندەوە.
شەهید موزەفەر بە ناردنی دیاری جوان و دەستكردی ناو بەندیخانە، هەڤاڵانی بەسەر ئەكردەوە، ناردنەوەی دیاریە جوانەكانی شەهید موزەفەر لە بەندیخانەوە و نەپچڕانی پێوەندی لەگەڵ سازمان، نمونەی ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەن كە ئەو قارەمانە نەترس و خاوەن باوەڕە یەكێكە لە ڕۆڵە بە ئیمانەكان بە ڕێبازی ڕەسەنی كوردایەتی.. بە داخەوە شەهید موزەفەر دوای نزیك بە سالێك ئەشكەنجەو ئازاردان لە ساڵی(1372) لە لایەن ڕژیمەوە لە سێدارە دراو تەرمەكەشی نەدراوە بە دایك و باوك و كەس و كاری.
نەفرەت لە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران،
سەربەرزی و سەروەریش بۆ شەهیدانی گەل و نیشتمان
ڕێکه‌وت: 2020-08-25 21:07:46
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی