له‌سه‌رهێل 110
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی

دابینکردنی مافی ڕەوای هەر گەلێک بەستراوەتەوە بە خەباتی نەپساوە و شۆڕشی بەردەوام تا گەیشتن بە ئامانجەکانی. ئەو ڕێگەیە قوربانی پێویستە و بە هاتنە مەیدانی لاوان و چین و توێژەکانی دیکەی کوردستان، ئەو ئارمانە بەدی دێت.
مێژوو باسی پیاو چاكی و لە خۆ بردوویی و فیداكاری، نەترسی و تێكۆشان و خۆ بەخت كردنی ڕۆڵە بە شەرەف و جوانمێرەكانی گەلەكەمان دەکات كە چۆن لە دژی داگیركاران و زۆرداران، ڕاوەستاون و چۆن خاكی كوردستانیان كردوە بە گۆڕستانی دوژمنان و چیا سەربەرزەكان و پێ دەشتەكانی ئەم كوردستانە پیرۆزەیان بە خوێنی پاكی خۆیان ڕەنگاندووە و بەڵگەی سەركەوتنیان پێ مۆر كردووە و شنەی ئازادیان هێناوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەك لاپەڕەیەك لە لاپەڕە خەت زێڕینەكانی مێژووی خەباتی ئەو قۆناغەی فیداكاری شەهیدەكانمان، وەك كوپەڵەیەكی پڕ لە زێڕ بە بێ دەست لێدان و زایە بوون هەڵگرتووە، لە یادیان دا هەڵیدەداتەوە و یادی شاسواری گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشان و هەڵۆیەك لە هەڵۆ بەرزەفڕەكانی چیا حەستەمەكانی كوردستان، دەکاتە داستانی پڕ سەروەری ئەم جارەی یادی سەروەران، كە چۆن لە مەیدانی ئازایەتیدا ئەسپی شەرەفی لینگداو چۆن كەمەندی مەرگی بۆ دوژمن دەهاویشت. ئەو شۆڕە سوارە و چاو نەترسە شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی یە.
لە بنەماڵەیەكی هەژاری كوردەواری لە گوندی ساوانی ناوچەی بانە، هاواری منداڵێكی ساوا، بێ دەنگی شەوە زەنگی ئەم كوردستانە خوێناویەی شكاندوو چاوی بە دنیای پڕ لە كەسەری كوردستان هەڵێناو دایك و باوكی بە هەزاران هیوا و هومێد ناوی (محەممەد ئەمین) یان بە گوێ دادا. شەهید محەممەد ئەمین لە ناو باوەشی دایكی و بێشكە دارینەكەی كوردەواریدا گەورە بوو و پێی نایە ناو پلەكانی ژیانەوە. ژیانی نەداری و بێبەشی ماوەی پێنەدا بەرەو قوتابخانە بچێت و بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی لە كار و فەلاحەتدا یارمەتی باوكی دەدا. پلە پلە گەورە بوو تا پێی نایە تەمەنی 15 ساڵییەوە، لەبەر ئەوەی كە بنەماڵەكەی بنەماڵەیەكی ڕەشایی بوو و لە كوردستان شوێنی كار كەم بوو، بەرەو زۆربەی شارە فارسەكانی ئێران وەكو قۆم و تاران و مەشهەد دەچوو. شەهید محەممەد ئەمین لەگەڵ ئەوەدا كە خوێندەواری نەبوو، بە ڕەگ و پێست هەستی بە نەداری و بەشخوراوی گەلەكەی كردبوو و لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژێمی پاشایەتی وەك ڕۆڵەیەكی ئازاو تێگەیشتوو خەباتیكرد و لە هەموو خۆپێشاندانەكاندا بەشداری هەبوو. لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران كە دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە بوو بە نەغدینەی ناو چنگی خومەینی و دار و دەستە نەزانەكانی، كە وەكو هەموو خوێنمژە مێژووییەكانی كورد كوژان دیسان دەمیان نایە ناو جەرگی كوردەوە و خوێنی جگەر گۆشەكانی گەلی كوردیان مژی و هێرش كرایە سەر كوردستان، شەهید محەممەد ئەمین وەك ڕۆڵەیەكی بە شەرەفی گەلەكەی چەكی دیفاعی لە شان كرد و لە بەرانبەر هێرشی ناڕەوای دوژمندا وەك قەڵایەكی لە ڕووخان نەهاتوو ڕاوەستا و لە كاتێكدا كە دەشتە ڕەنگاو ڕەنگەكەی شاری سەقزی خوێناوی لە خوێنی پاسدارە بە كرێگیراوەكان شەپۆڵی دەدا، لە ناو سەنگەری خۆڕاگریدا لە ڕۆژی 6/خەرمانانی /1358 دا بە گوللەی خوێنمژانی مێژوو، گیانی پیرۆزی فیدای گەل و نیشتمان كردوو بە بەخشینی گیانی وەک یەکەم شەهیدی سازمانی خەبات لە نێو کۆڕی شەهیدان دا تۆمار کرا.

 هەزاران سڵاو لە خوێنی پاكی شەهیدان
ڕێکه‌وت: 2020-08-27 09:43:37
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی