له‌سه‌رهێل 60
سێ‌شه‌مه 8 ره‌زبه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بازرگانی لەسەر کڕین وفرۆشتنی منداڵی ساوا له‌ناو تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا

ئەم ماوەیە هەواڵەکان لە سەر کڕین و فرۆشتنی منداڵانی ساوا لە ئینستاگرام و باقی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تر له‌ ئێران دا زۆربووە. منداڵانی تازە لەدایک بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و منداڵانەی کە نەخوازراون، دایک و باوک نایانهەوێن و لە ئینستاگرام وێنەیان دادەنێن بۆ فرۆشتن. ئه‌م شێوه‌ مامه‌ڵه‌ و بازرگانی کردنه‌ به‌ منداڵانه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌ها مرۆڤیه‌کانه‌و، سه‌رپێچی ماف و بنه‌ماکانی سه‌ره‌تایی منداڵانه‌.
ڕژیمی ئاخوندی و کاربه‌ده‌ستانی، هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ زۆرێک له‌و که‌سانه‌ی ئه‌م کاره‌ ده‌که‌ن زیندانی کراون، به‌ڵام به‌پێی هه‌واڵ و زانیاریه‌کان ئه‌و دیارده‌ قێزەونه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و ڕوو له‌ زیادبوونه‌. 
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م کاره‌ ده‌گه‌‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ژاری و ده‌ست کورتی ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م شێوه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن. 
لە ڕابردودا ئەو کەسانەی که‌ خۆیان نه‌یان ده‌توانی منداڵ بێننه‌ دنیاوه‌ و‌ ئاره‌زووی ئه‌وەیان بووە که‌ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵێک بگرنه‌ ئه‌ستۆ، لە ڕێگه‌ی ده‌زگای ته‌ندروستی ڕژیم، داوای منداڵێکی بێ سەرپەرستیان دەکرد، بەڵام ئێستا بە پێشکەوتنی زانستە پزیشکیەکان، زۆربەی ئەو کەسانە خۆیان دەبنە خاوەن منداڵ و ئەگەر لە زانستی پزیشکی سەرکەوتوو نەبن ناچار ڕوو ئه‌که‌نه‌ دەڵاڵانی منداڵانی تازە لەدایک بوو و کەسانی بەرژەوەندی خواز که‌ له‌و نێوه‌دا قازانجێکی زۆر دەکەن.
پێشتر ئەم ڕیکلامانه‌ لە ڕێگەی چەسپاندنی کاغەز لەسەر دیوار بوو، بەڵام ئێستە گەیشتوەتە پەیجی ئینستاگرام و باقی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تریش، و تەنیا بە گەڕان و دانانی هەشتاگی (نوزاد) دەتوانن ئەم پەیجانە بدۆزنەوە و وێنەی منداڵانی ساوا و نرخەکەیان بدۆزنه‌وه‌ وتەنانەت باسی داشکاندن لەنرخەکانیش دەکەن. 
ئەم دەڵالانە ئەوەندە شارەزان کە کڕیار ڕازی دەکەن کە کارەکان بەشێوەی یاسایی دەکرێ و ئەوکه‌سانە دڵنیا دەکەنەوە کە هیچ کێشەێیک بۆخۆتان و منداڵەکە ڕوو نادات. 
بێگومان داهاتوی ئەم منداڵانە زۆرجار دەکەوێتە مەترسیەوە و بە ڕەواڵەت دەبنە خاوەن ناسنامە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا شوناسی خۆیان لێ وون دەبێ و سەرلێشێواو دەبن و لەداهاتووشدا مەترسی خەمۆکیان لەسەرە و ئەو دۆخەش دەگوازنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
هەندێك جار ئەو منداڵانە کە دەزانن بە چ شێوەێیک فرۆشراون، دەچن و دەگەڕێن بەشوێن خانەوادەكانیان دا و هەزاران پرسیاری بێ وەڵام لە مێشکیاندا جێ دەگرێ.
ڕێکه‌وت: 2020-09-09 09:08:06
به‌شی ( هه‌واڵی ئێران )





دیمانه

سیاسی