له‌سه‌رهێل 91
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل: شەهید فەتاح محەممەدی
كوردستان قەڵای لە گیران نەهاتووی گەلی كوردە، هەركات دوژمنان، بۆ دەست بەرسەرداگرتنی، بچووكترین جووڵانەوەیان لە خۆ نیشان دابێ، لەگەڵ بازووی بەهێزی پاڵەوانانی ئەو نیشتمانە كە هەمیشە حازری فیداكاری و لەخۆبردوویی بوون و بەخوێنی گەشیان، بست بەستی كوردستانیان پاراستووە و شاخ و داخ و دار و دەوەنیان بە خوێنیان ڕەنگاندووە، ڕووبەڕوو بوون و بە تێكشكاوی و سەرشۆڕییەوە بەرەو دواگەڕاونەوە.
بەڵێ كوردستان تابلۆی ڕەنگاو ڕەنگی سروشتە، هەمیشە لە لایەن وێنەکێشانی جوانمێری مێژووی شەهیدە سەربەرزەكانمان ڕەنگاوە. مێژووی خەباتی گەلەكەمان ناو و وێنەی هەزارانی لەو هەڵۆ تیژ باڵانەی لە باوەش گرتووە. وا ئێمەش لە یادی ئەمجارەماندا. سەرێك دەكێشینە ناو كۆڕی سوارە تیژ تاوەكانی گۆڕەپانی خەباتی بێوچانی ئەم قۆناغەمان و یادی شێرە پیاوێكی خەبات و تێكۆشان دەكەین،كە شەهید فەتاحی محەممەدییە. 
لەم كوردستانەدا، منداڵێك چاوی بە دونیای پڕ لە ئازار و ژان هەڵێناو ناوی فەتاحیان لێنا. فەتاح لە سەرەتای ژیانیدا كەوتە ناوی گێژاوی نەداری و ژانی ژیان و لەگەڵ ژیانی پڕ مەینەتی كشتوكاڵ دەستەو یەخە بوو. فەتاح ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گەورەتر دەبوو، تا پێی نایە ناو تەمەنی 15 ساڵییەوە هەركات كە لە ناو كۆڕ و كۆمەڵدا دادەنیشت باسی بەشخوراوی گەلی كوردی دەبیست و گوێی لێ دەبوو، زۆرجاران لەبەر خۆیەوە دەیگوت تۆ بڵێی ڕۆژێك نەبێت كە بتوانین بە دەستی پڕ لە هێز و تووڕەیی خۆمان گەرووی دوژمنان بگوشین و تۆڵەی هەموو زوڵم و زۆرداری و ماف پێشێل كردنیان لێ وەربگرینەوە. ئاواتی ئەوە بوو كە ڕۆژێك گەلی كوردی بەشخوراو ڕاپەڕێ و ئەویش وەك ڕۆڵەیەكی ئەم كوردستانە خۆشەویستە بە گژ دوژمناندا بچێتەوە و خۆی فیدا كات. كاتێك شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی ملهۆر و داسەپاوی شایەتیدا سەركەوت و دوا بە دوای ئەوەكە ئەو شۆڕشە لە لایەن دەستەیەكی تری دیكتاتۆرەوە لەسەر ڕێگای ڕاستی لایداو هەر لە لایەن ئەو دەستە لە خۆباییەوە بۆ سەر كوردستانی خوێناوی هێرش كرا، شەهید فەتاح وەك پاڵەوانێكی لێهاتوو چەكی لە شان كرد و وێرای پێشمەرگەكانی دیکە لەڕێزی دەفتەر کە دوایە سازمانی خەبات ی کوردستانیان دامەزراند، لە بەرانبەر هێرشی ناڕەوای دوژمندا وەك قەڵایەكی قایم و لەبن نەهاتوو ڕاوەستاو پیلانەكانی دوژمنی پوچەڵ دەكردەوە، هەتا لە ڕۆژی 20/ خەرمانان/1358 لە كاتێكدا شان بە شانی برا پێشمەرگەكانی كوردستان مۆڵگەی دوژمنیان لە بستامی سەر شێوی سەقز گەمارۆ دابوو بە گوللـەی دوژمنان پێكراو شەهید بوو و بە خوێنی گەشی لاپەڕەیەكی تری مێژووی خەباتی گەلەكەمانی نەخشاند. 
 هەزاران سڵاو لە گیانی پاك و پیرۆزی شەهید فەتاح و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
ڕێکه‌وت: 2020-09-09 20:00:25
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی