له‌سه‌رهێل 83
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەرانی گەل: شەهیدان جەعفەری حەسەن زادە و خوسرەو كەریمی
شەهیدان جەعفەری حەسەن زادەو خوسرەو کەریمی، ئەو لاوە قارەمانەن لە زستانی 1358دا هاتنە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە. ئەو دوو ڕۆڵە بەنرخە لە دوو بنەماڵەی بەڕێز، لە ساڵی 1340 لە ناوچەی بۆكان لە دایك بوون. بە ئیمانێكی پتەو بە مافی ڕەوای گەلەكەمان ئەركی خەبات و موبارەزەیان گرتە ئەستۆ و سەرشان و ئامادەی هەموو جۆرە فیداكاریەك بوون. ئەم دوو ڕۆڵە قارەمانە دوای ماوەیەك بارهێنان، هەر پێکەوەش چوونە هێزی شەهید سەید خەلیلەوە لە ناوچەی بانە، ئەم تێکۆشەرانە چاوەڕوانی ئەوەبوون كە لەكاتی خۆی دا لە ئەنجامی وەزیفەدا فیداكاری خۆیان لە ڕێی كورد و كوردستان دا دەرخەن، تا لە ڕۆژەكانی دوایی مانگی خاكەلێوەی 1360دا لەگەڵ شەهید شێخ حسێن لە هێزی شەهید سەید خەلیل دا لە دەراوی دڕۆڵەی بانە لەسەر جادەی سەقز بانە چوونە سەر ڕێی قافڵەی دوژمن. پێشمەرگەكان لەگەڵ بەركەوتنی قافڵە دا دایانە بەر ئاوری بێ ئەمانی چەكەكانیان، دوژمن كە درێژەی قافڵەی بە دوادا دەهات، لە دووری جێگەی شەڕەكە هێزی دابەزاندبوو و بە پێڕۆ دەوری جێگەی شەڕەكەی گرتبوو، كاتێك كە پێشمەرگەكان لە كردەوەی دوژمن ئاگادار دەبن، قارەمانانە لە دوای دوژمن خۆ ڕزگار دەکەن و دوای زیانی زۆر كە بە دوژمنیان گەیاند جێگەی شەڕەکە بە جێ دەهێڵن. شەهید جەعفەر و شەهید خوسرەو لە سەرەتای جەنگەكەوە كە دەبینن پێشمەرگە سەر كەوتوون بە مەبەستی ئاو خواردنەوە لە جێی شەڕەكە دوور دەكەونەوە، بەڵام ڕفیقەكان بەوە نازانن، لە كاتی هێرشی ناكاو و پشتی جەبهەی دوژمن بۆسەر پێشمەرگەكان، ئەو دوو ڕۆڵە بەنرخە دەكەونە داوی دوژمنەوە و شەهید جەعفەر بە برینداری و شەهید خوسرەو بە دیل دەگیرێن. هەڤاڵەكان كە چاوەڕوانی گەیشتنی دوو ڕفیقەكەیان دەكەن، دوای ماوەیەك هەواڵی بەدیل گیرانیان پێ دەگا و چارەیێكیان پێ ناكرێ. دوو ڕۆڵەی بەنرخی سازمانی خەبات، دوای نزیكی پێنج مانگ لە پادگانی بانەدا لە ڕۆژی 21ی خەرمانانی 1360لە بانە بەشێوەیەكی نامەردانە و دژی ئینسانی ئیعدام دەكرێن وتەرمی پیرۆزیان لەلایەن كەس و كاریانەوە وەردەگیرێتەوە و لە گۆڕستانی بۆكان دەچنەوە باوەشی نیشتمانی خۆشەویست.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید جەعفەر و شەهید خوسرەو و هەموو هەڤاڵانیان.
ڕێکه‌وت: 2020-09-10 10:18:49
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی