له‌سه‌رهێل 135
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید ناسر ڕەحیمی


پایزەو پایزی کوردستانە، ڕەزبەر تێپەڕی و خەزەڵوەر گەیشتە جێبەری، ڕەزبەری هەڵبڕی.
گەڵای سەوز لە ترسی سەرماوەز ڕەنگی پەڕی و هەڵوەری، گەڵای وەک ئاڵایی سەربەستی بەباوە دەشەکاوە.
با باری گۆڕی و لەگەڵی کەوتە ساردی و سڕی، بەخۆدا شکاوە، دەستێکی کەوتە ئەم لاوە و دەستێکی کەوتە ئەو لاوە. خەزەڵی خەزەڵوەر لە ترسی سەرمای سەرماوەز لە بەرزی دا بەزی و لە هێڵان و ڕەهۆڵان خزی.
سەرمای سەرماوەز سوار گای هاری باڕەش بوو، ژیانی لە شین و زیندەوار و باخ و نزار کردە ژاری مار. ئاوارەی ڕووت و قوت، لەبنداری بێبەرگی ڕووت، بە هەڕەشەی ڕەشەبا هەڵدەلەرزن و مناڵە کوردی پێخواس، بەدەم چەقو چۆوە، هەڵدەبەزن.
ناوکەوتەی دنیا دیتوو دەبێ دڵ وەدا و بڵێ خودا خراپتر نەدا، بەڵام تۆ بڵەی زستان بە دۆعاو نزا باوەدا، خودا خراپتری داوە، زستان وا بەدواوە. ئەو ڕوتوو قوتوو و ئاوارە و دەربەدەرە، زستانیان لە بەرەو باری بەفری بەفرانباریان لەسەرە. ڕێبەندان بەندی بۆ باداون و داوی بۆ داناون، ژیان توندتر دەبێ و سەرما چەتوونتر دەبێ.
بڕوا دەکەی ڕۆژگار هەروا بڕوا؟
پێشونان گوتویانە لەگەڵ تەنگانە فراوانیە و لە دوای خەرمانان شادیە. دەڵێن لە دوایدا ڕەشەممە هەردێ و ڕێ بۆ زیندەوارو پەلەوەریش دەکاتەوە. خاکە لێوە دێ و ڕوی تاڵ و تونی سروشت دەشواتەوە، ڕێ بڕان هەڵدەگرێ. دیاری دەکرێن بوار بۆ کەوی کەوبوار، هەزار هەزار دەکەونە ڕێ بۆ کۆنە هەوار. بە پردە بازی گرد و بستواندا دەکەونە بازوو، لە بن ڕەزەوان دەکەونە ڕازو نیاز. لە پەرژین دەپرینگێنەوە و لە مەتەرێز پارێز دەکەن. چاوێکیان هەزار چاوەو مەترسیان لە تەپکەو داوە و لەبەری عەشرەت و کەوی ڕاوە. لەگەڵ ئەو هەموو مەترسیە ڕێ دەبڕن و دەست لە نیشتمان هەڵناگرن، خاوەنی نیشتمانی خودا دادە کوا دەربەست بە ڕێبڕانی بێدادە، دەڕوا بەرەو هێلانە، ئەو هێلانەی کە سەری تێدا لە هێلکە دەرهێنا و چاوی بە جیهان هەڵێنا، بەرەو ئەوبن بەردەی کە زەردێنەی سەر لوتی لەبن هەڵوەراند. دەڕوا بەرەو جێی چینەو سەوزەڵان و شینە، بە دڵی بێ کینە ، بەو هیوایەی بێ کینە بگاتە ئاوات. بەر لە مانگی گوڵان بگاتە کوێستان، هەوارگەی باوان. مانگی گوڵان دێ و زەوی گوڵباران دەکا و هەوری بەهار، داژداری گوڵزاران دەکا. زەوی دەخەمڵێنێ و کەژ و کێو دەڕەنگێنێ. کۆرپەی غونچە، سەر لە پشتە ماڵی قۆزاخە دەردەهێنێ و بە پس پسی سروەی بەیان پێ دەکەنێ. بولبولی گەردن زەرد بە دەوریاندا دێ و لە دەوریان دەگەڕێ و بۆیان هەڵدەپەڕێ. تیشکی ڕۆژی بەهاری تاوە توێ لەشیان دەکاتە دەرو بەرگی زێڕینیان دەکاتە بەر، گوڵی جوانەمەرگ شین دەبنەوە و ڕەنگ پەڕیو سورو شین دەبنەوە و کەژو کێو ڕەنگین دەبنەوە. هەڵاڵەی سەر گۆی شەهیدان کۆڕ دەبەستن، لارە مل دەوەستن، دەڕواننە گۆڕی شەهید و چاو دەپاڵێون و ڕادەژێن و بە باڵا گۆڕ دەپێون. هۆ بولبولی دڵ بریندار، هۆ کەوی نەبەزی کەو بوار، دەزانن ئێمەش ئەوینداری کوێستان و جێ هەوارین و هەمیشە لە بیری دیدارین؟
ڕەنگە زستانی ئێمە وا زوو ڕەشەمە دێزەی ڕەشی بەدوادا نەشکێنێ، شەماڵی هیوا بەفری نەگبەتیمان گەواڵ گەواڵ نەکات، ڕەنگە بواری کەو بواری ئێمە وا زوو نەکرێتەوە، پەرتەوازەیمان وا زوو یەک نەگرێتەوە. تا لە یەک نزیک بین و کڕێوە لە یەکی هەڵنەبڕیوین، هاناتان دەبەینە بەر، هۆ کەوی گەردن بەخاڵ، هۆ بولبولی دەنگ زوڵاڵ، لەگەڵ تەپڵی شەماڵ لەگەڵ سەرەتای بەهار، لە شەقەی باڵدەن بەرەو هەوار، هەوارگەی باوان پێتان لەسەر چاوان. لەبری ئێمە سەرێک لە گۆڕی شەهیدان هەڵێنن، سڵاوی مەیان پێ بگەێنن، بەزمانی مەل فاتیحایەکیان لەسەر بخوێنن، سەرو بانگیان لەسەر هەڵدەن و ئاڵایەکی سەوز و سوریان لەسەر هەڵکەن، ڕوکەنە گۆڕستانی میراوای ڕووگەی نوێژ، میراوای سەربەرز بە خاسە گەورە باشان، داوێن چڵکن بە خۆفرۆشان. ڕوبکەنە سەر گۆڕی شەهیدێک کە وەک بولبول ئەوینداری جوانی و گوڵ بوو، لەشی وەک کەو بە خوێنی شەهادەت دێڕ دێڕ و پڵ پڵ بوو. شۆڕە لاوی خەباتی خوێناوی، کە خاسە گەورە بۆ تەرمی خاسی ئەو لاوە خاسە بە تاسەوەیە. ڕووبکەنە سەر گۆڕی بازی بەرز پەرواز، کە خاسە گەورە پیر بوو بە هیوای باز و بەڵام ئەو بازەی لێ نەنیشت. ڕووبکەنە سەر گۆڕی شەهیدی دڵ بە هومێد کە بە شلکە لاوی گیانی لە پێناو نیشتیمانی داناو هیواو ئاواتی بە هەڤاڵان سپارد. چووە ناو کۆڕی ئەو شەهیدانە، کە چاوەڕوانی ئاوەدانی ڕێباز و سەرکەوتنی گەل و ئازادی نیشتمانن، ڕووبکەنە سەر گۆڕی شەهیدێک کە بە خوێنی پاکی، خاکی چەمپاراوی پاراو کرد و خوێناوی تێکەڵ لە خوێن و نمی شەرمی پڕیشکێکی خۆفرۆشی لە داوێنی میراوای سەربەرز شتەوە. شەهید ناسر میراوای، خۆی کردە فیدای گەل و نیشتمان. ئەو شەهیدە کە دڵی بە باوەڕ بە خۆشەویستی گەل و نیشتمان ئاوەدان بوو، تا بڵەی ئارام و ڕوخۆش و ڕێگەرم و دەم گەرم بوو، بە ورەو بەهێز بوو.
شەهید ناسر ڕەحیمی، لە ساڵی ١٣٤٩ دا لە دێی میراوای بانە لە بنەماڵەیەکی جوتێر چاوی بەجیهان هەڵێنا. لە حەوت ساڵیدا لە دێی میراوا چوە مەدرەسە. دوای ٥ ساڵ خوێندن، لەبەر نەداری ماڵی باوکی، دەستی لە خوێندن هەڵگرت و ڕووی کردە کارو کاسپی. لە بەهاری ١٣٦٣ دا پەیوەندی لەگەڵ سازمانی خەبات گرت و بوو بە لایەنگری دڵسۆزی سازمانی خەبات. کاری دەکرد و جار جار بە ونی تێکەڵ بە پۆلی پێشمەرگە دەبوو، تا لە ڕۆژی ١٣٦٣/١/٣ دا باوەڕێکی پتەوەوە هاتە ناوڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهاتن و بارهاتن، چوە ناو لکی شەهیدانی دەشتە تاڵ، لە هێزی شەهید سەید خەلیل. ماوەیەک چوە ناو مەڵبەندی دووی سازمان و پارێزگاری شۆڕای سیاسی. پاییز و زستانی١٣٦٥ و بەهاری ١٣٦٦ لەو مەڵبەندەدا ئەرکی پێشمەرگایەتی ئەنجام دا. تا لە پوشپەڕی ١٣٦٦دا لەگەڵ پێشمەرگەکانی مەڵبەندی ١و ٣ بە مەبەستی گەڕانی سیاسی و نیزامی بەرەو ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت و گەورکی مهاباد و بانەو سەرشیوو، کەوتنە ڕێ. نزیک بە دوو مانگ لەو گەڕانە تێپەڕی، تا لە ئێوارەی ١٣٦٦/٦/٢٢ دا لە ناو دێی چەمپاراوی بانە لەگەڵ هێندێ کوردی ئاوارە تێک هەڵ ئەنگوت و بەهۆی ڕێنوێنی چەوتی خەڵکی ئاوەدانی، شەهید ناسر، ئاوارەکانی بە دژمن زانیبوو و نەدەکرا مەیدانیان بدا. لە کاتێکدا کە بە تەنیا بوو، بە ئاوری چەکەکەی خۆی دایگرتن و سێ کەسی لێپێکان و ئەوانیش دەستڕێژیان لە شەهید ناسر کرد و لە ئاکامدا بەهۆی برینی کاریەوە شەهید بوو. گیانی پاکی لەسەر باوەڕی دروست و پتەوی بەرەو کۆڕی شەهیدانی سور خەڵات پەروازی کرد و تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی چەمپاراو چوە باوەشی گەرمی نیشتمانەوە و بە شەهادەتی خۆی، تەمی مەنگی خۆفرۆشانی لەسەر میراوای پاکی قارەمان پەروەردا ڕادا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ناسر میراوای و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان بە تایبەت، شەهیدە سورخەڵاتەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
ڕێکه‌وت: 2020-09-16 21:06:04
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی