له‌سه‌رهێل 134
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ئه‌ی هاوڕێی شه‌هیدم ! هه‌رگیز له‌یادت ناکه‌م

ئاسۆ موچه‌یی


٣٣ ساڵ تێپەری بە سەر شەهید بوونی ڕۆلەی گەل و نیشتمان و کورد پەروەر شەهید ناسر میراوایی. ئەی هاوڕێی شەهیدم هەرگیز لە یادت ناکه‌م تۆ هەر زیندوی و له‌دڵمدا ده‌مێنیه‌وه‌. شه‌هید ناسر پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و وه‌فادار، کادرێکی دڵسۆزی ڕێبازی سازمانی خه‌بات بوو. ئه‌و له‌ناو پێشمه‌رگه‌کانی سازمانی خه‌بات دا زۆر که‌سێکی خۆشه‌ویست بوو. شه‌هید ناسر لە ڕۆژی ١٣٦٣/١/٣ دا باوەڕێکی پتەوەوە هاتە ناوڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهاتن و بارهاتن، چوە ناو لکی شەهیدانی دەشتە تاڵ، لە هێزی شەهید سەید خەلیل. ماوەیەک چوە ناو مەڵبەندی دووی سازمان و پارێزگاری شۆڕای سیاسی. پاییز و زستانی١٣٦٥ و بەهاری ١٣٦٦ لەو مەڵبەندەدا ئەرکی پێشمەرگایەتی ئەنجام دا. تا لە پوشپەڕی ١٣٦٦دا لەگەڵ پێشمەرگەکانی مەڵبەندی ١و ٣ بە مەبەستی گەڕانی سیاسی و نیزامی بەرەو ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت و گەورکی مهاباد و بانەو سەرشیوو، کەوتنە ڕێ. نزیک بە دوو مانگ لەو گەڕانە تێپەڕی، تا لە ئێوارەی ١٣٦٦/٦/٢٢ دا لە ناو دێی چەمپاراوی بانە لەگەڵ هێندێ کوردی ئاوارە تێک هەڵ ئەنگوت و بەهۆی ڕێنوێنی چەوتی خەڵکی ئاوەدانی، شەهید ناسر، ئاوارەکانی بە دژمن زانیبوو و نەدەکرا مەیدانیان بدا. لە کاتێکدا کە بە تەنیا بوو، بە ئاوری چەکەکەی خۆی دایگرتن و سێ کەسی لێپێکان و ئەوانیش دەستڕێژیان لە شەهید ناسر کرد و لە ئاکامدا بەهۆی برینی کاریەوە شەهید بوو. گیانی پاکی لەسەر باوەڕی دروست و پتەوی بەرەو کۆڕی شەهیدانی سور خەڵات پەروازی کرد و تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی چەمپاراو چوە باوەشی گەرمی نیشتمانەوە و بە شەهادەتی خۆی، تەمی مەنگی خۆفرۆشانی لەسەر میراوای پاکی قارەمان پەروەردا ڕادا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ناسر میراوای و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان بە تایبەت، شەهیدە سورخەڵاتەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

ئه‌ی هاوڕێی شه‌هیدم ! هه‌رگیز له‌یادت ناکه‌م

ئەو بەیانە
شەماڵ, عاشقەکەی ئازادی
بەجلێکی خاکییە وە
جامانەیەک لەملدا
جووتێک پووزلەخ مەرەز لەپێ
مێزەرێکی قیت بە لایەکی سەرەوە
فیشەک دانێ گڤە و ورشە و
چەکەی زریان لە شانەوە
خۆی کرد بە ژوورێکی تەژی
لە ئەستێرەی جێماوی شەو
لە وەنەوزی تریفەی بەجێماوی مانگ
تەق دای لە دەروانکەی دڵی
مێرمنداڵێک ئێسک سووک و
پەڕاوپەڕ لە هیوای دوواڕۆژ
وەک رۆحێک چووە ناوجەستەی
تەژی کرد لە ئاڵا و ئامانج و ئازادی
وەک نیگایەک
خزیە ناو چاوەکانیەوە
ڕێی خەبات و
ئازادی بۆ ئیکڕان دەکرد
لە کۆتای ئەو برووسکەیە
«ناسر»ی گەنج; بوو بەشماڵی رۆژهەڵات
بە باهۆزەکەی نەسرەوتوو
لە بنارەکەی دڵیەوە هەڵی کرد و
لەپێ دەشتەکانی بانە
کەمێک لەبۆنی گوڵەکانی لەخۆدا
لە دارستانە کانی چڕ
سێبەری سەوزی لە بەرکرد
ئاربەبا و دووزینی کردە
ئەستێرەی سەرشانەکانی
چەند رووباری بە یەکەوە
قەفدا و لە کەمەری بەستن
بسکی کانیاوەکەی هەستی شانەکرد و
کڕنۆشی تینوایەتی برد
«ناسر»م هەر ئەڕۆشت و شەماڵتر ئەبوو
تا گەیشتە لقی زریانێکی «خەبات»
شۆڕشتان باش !!
لە داوێنی ئاربەباوە خۆر هەڵهاتووم
رۆح و هەستم لە «کەو»داوە
ژییانم بە بای ئازادی شەن کردەوە و
بۆ رزگاری نیشتمانم
خوێنم لە ناو کاسە و رۆحم لەسەردەستە
هاتووم چرای مافەکانم
لە گەڵ ئێوە داگیرسێنم
لەبر رووناکیدا بژیم
خاکە ڕاگوێزراوە کەی خۆم
بێنمەوەناو ئامێزی نیشتمانەکەم
هاتووم ئازادی وەرگرم
گوڵەکان بەمەیلی خۆیان شووبکەن
دارستان سێبەر بۆخاکی خۆی بکات
مەلەکان بەزمانی خۆیان بخوێنن
ئەستیرەکان بەئازادی چاوبڕێژن
شەقامەکان لە دەنگی پێ نەسڵەمنەوە
هاتووم وەک ئێوە خۆشەویست و
عاشق بە خاک و گەل بم
وەک ئێوە تینووی ئەزادی و
برسی خاک بم
«شەهیدناسر» بووبە گڵۆپ
لە ناو دڵی هاوسەنگەرانیا داگیرسا
بووبەچەک مانگ و ئەستێرە لەشانیان کرد
بووبە ڕۆحێک لەسەردەستان
«ناسر»ی پێشمەرگە سەراپا خەبات بوو
لە ناو شاخدا دڵی مێژوو
لە قەتپاڵا ڕێچکە ڕێگا
لە دارستان دژی تەور
لە پێدەشتان خرمانی گوڵ
لەسەنگەرا قەڵای دم دم
خۆڕاگر وەک چییای زاگرۆس
بەورە وەک لوتکەی قەندیل
دلۆڤان وەک سۆزی دایک
بۆ دووژمنی زامی چەقۆ
بۆ گەلەکەی سفرەی نان بوو
«شەهید ناسر»
لە کاتی ئاگربارانا
ئەو کاتانە خوێن لە گوللە و
مەرگ لە تفەنگ ئەپژا و
گوڵە مێلاقەی پێشمەرگە هەڵ ئەوەرین و
پەپوولەی ڕۆح باڵی ئەگرت
لە سەنگەرا ماشەی گڕکان
لەدڵی دووژمن چییای ئاگرپژێن بوو
بۆ ئاشتی و مافی چارەنووس
بە دڵ و هەستی سپیەوە
لەبن شاخی دڵدارەکەی
بەدیار برینی داگیرساوی شەهیدان
خەشابەکەی لە ئەستێرە پڕدەکرد و
سەلیەکانی لە سینەی دوژمنداشەوقی ئەدایەوە
تریفەی ئازادی بۆ نیشتمانەکەی هەڵدەکرد
بۆ ئازادی وسەر بەخۆیی
بێ گییان دان و خوێن ڕەشتن
فیشەکدانی گزنگی لە کەمەر ئەبەست
سەنگەری لە «با» و لە خۆر بوو
لە سنگەی دووژمنەکەیدا
رووناکایی دائەگیرساند
بەداخێکی کەسەرەوە
ناسری ئاشتی خواز و دڵ پڕ لە هیوا
لە ڕۆژێکی تینوو بەخوێن
لە بڕواری تریفە کوژەکەی عاشق
لە مەڵبەندی
گزنگەکانی دەست و پەل بە خوێناوی
دڵەکەی پڕ لە خۆر و مانگ
تەژی لە ڕووباری ئەوینداری
لێوانلێو لە حیکایەتی وەفا و بەڵێن
کەوتە دەستی زریانێکی خۆماڵی و
گێژەڵووکەی گوللە و باڕۆت
تاکەشکەڵان لە گەڵ خۆی برد
ئەمێستاکەش لە برینەکەی
تریفە و گزنگ ئەچۆڕێ و
لە دەستێکی ڕۆژ گیراوە و
لە ویتریش مانگ قەتیسە
گەر ڕۆژێک خۆری ئازادی و
مانگی سەربەخۆیی هەڵبێن
دانەدانە گزنگەکانی ئەندێشەی
ئەچنمەوە و یاسای ڕۆژهەڵات ئەنووسم
تریفەکەی باوەڕی ئەکەم بەوانەی
منداڵانی قوتابخانە
چەکی شانیشی ئەدەمە ئەوشەماڵەی
کە بەیانییەک لە دەروازەی دڵی دا و
لە دووایشدا گەردەلوولێکی لێ درهات
ڕێکه‌وت: 2020-09-17 16:24:16
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی