له‌سه‌رهێل 117
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران




سەروەری گەل: شەهید عەلی دەرماهی ناسراو بە (سۆران
 

شۆڕش و خەبات و ڕاپەرین دژ بە داگیركەران و ماف پێشیلکەران بۆ وەدەست هێنانی مافی دیاری كردنی چارەنوسی گەلی بەشخوراوی كورد ئەوەندە بەرحەق و پیرۆزە، كە هەر ڕۆلەیێكی بە شەرەف و هەموو مروڤێكی كوردی خاوەن هەستی كوردایەتی وەك پیرۆزیەكی ئایینی و نەتەوەی چاوی لێدەكاو تاڕادەی گیان فیداكردن لە پێناو سەركەوتنیدا بێ پەرواو و بێ دوو دڵی، دێتە گۆڕەپانی ئەو خەباتەوە. ئەوانەی كە بڕیاری سەرەكی و یەكجاریان، خۆبەخت كردنە لە پێناو ڕزگاری گەل و ئازادی و ئاوەدانی نیشتمان دا خوشەویستترین ئەندامی كۆمەڵی كوردەوارین، ئەوانەی كە هەموو چین و تویژەكانی گەل سویند بە پاكی و چاكی و چەلەنگی و جوانمێری و ئیمانداری و مەتینیان دەخوێنن و وەك فریشتەی ڕزگاری و بەختەوەری لێیان دەڕوانن، گەل بە بونیان دڵخۆشە و بە سەركەوتنیان شادمانە و بە شەهید بون و لە ناوچوونیان ڕەشپۆش و تازیەبارە و بە خەسارێكی گەورەیان دەزانێ كە لە نەتەوەكەیان كەوتن. ئەوانەی كە وا خۆشەویست و هیوای دوا ڕۆژی گەلن لە لایەن دژمنانی گەلەوە زیاتر لە خەتەردان و دژمنان بۆ لەناو بردنیان لە هەوڵی بەردەوامن لە لادانیان لە شۆڕش و خەبات. وەك چۆن مایەی بەردەوامی شۆڕش و خەباتن، ئاواش مایەی ترسی قوڵی دژمنان و دژمن زیاتر بۆ لە ناوبردنیان تێدەكۆشی. ئەو شۆڕشگیڕ و پیشمەرگانە كە ١٧ ساڵ و ١٨ ساڵ بەردەوام لە شۆڕش و خەبات دا بوون و هەن و هەوێن و هۆی مانەوی شۆڕش و خەباتن و بنەمای ڕاپەڕین و بناغەی كوردایەتی و خەباتی پیرۆزی كوردانن. هەربۆیە برینی لە ناوچون و شەهید بوونیان بەناسۆرەو كۆچیان جەرگبڕەو مەرگی بە شانازیان هێزی ئەژنۆ بڕە و هەستی هەموو خاوەن هەستان دێنێتە جۆش و هەناوان دێنێتە خرۆش، ئەوەتا بۆ وێنە بۆ بەڵگەی ئەم ڕاستیە دوای كۆچی بە ناوختی ڕۆڵەی خەباتگێڕی كورد پێشمەرگەی ١٧ ساڵەی سازمانی خەبات (شەهید عەلی دەرماهی) ئەوەی كە ناسیویە بۆ ساتێك لە گەڵیدا ژیاوە و هەڵسووكەوتی لەگەڵ كردوە، بۆی بە داخن و تازیەبارن. بەڵام ئەوە شتێكی ڕاست و نكۆڵی هەڵنەگرە كە سەرە ئەنجامی هەر خەباتگێڕێكی بەڕاستی فیداكار و لێبوردە خۆ بۆ گەل فیداكردنە، جا هەر شۆڕش و خەباتێك خەباتگێڕی وای هەبێ ڕزگاری بە ئاوات گەیشتنی مسۆگەرە و درەنگ یا زوو دەگاتە لوتەكەی ئامانج. شەهید عەلی دەرماهی كوڕی كاك عەبدوڵا لە دایک بوی ساڵی ١٣٤٤ كۆچی خۆری، خەڵکی ناوچەی سەقزە. كەسوكاری شەهید عەلی بەهۆی نەداری و دەست كورتی نەیانتوانی جگەرگۆشەكەیان بنێرنە قوتابخانە تا لە بەرهەمی خوێندن بەهرە وەرگرێ، هەر بۆیە شەهید عەلیش وەك زۆر لە منداڵانی نەتەوەكەمان بە نەخوێندەواری پلەكانی ژیانیان دەبڕن. دوا بە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی شایەتی و هێرشی بە كرێگیراوانی ڕژیمی جەهل و جینایەت (ڕژیمی خومەینی) بۆ سەر كوردستان شەهید عەلی نەمر لە ڕۆژی ١٣٥٨/٩/٢٠دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەكانی دەفتەری ماموستا شیخ عیزەدینی حسەینی و لە شەڕی٣٧ ڕۆژەی شاری بانە دا چالاكانە ویڕای هاوسەنگەرانی بەشداری كرد. كاتێك سازمانی خەبات، دامەزرا، شەهید عەلی دەرماهی وێڕای هاوباوەڕانی لە سازمانی خەبات دا دریژەی بە پێشمەرگایەتی دا. لە ساڵەكانی ١٣٦٠ و ١٣٦١ دا لە تەشكیلاتی بۆكانی سازمانی خەبات دا ئەركی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی بەڕیوە برد. لە بەهاری ساڵی ١٣٦٥ دا درا بە مەڵبەندی ٤ی سازمان و لە ساڵی ١٣٦٨ دا بە هۆی ڕازداری و دەست پاكیەوە كرا بە كادری تەداروكاتی گشتی سازمان. شەهید علی ناسراو بە سۆران سەقزی پاشماوەی ژیانی پێشمەرگایەتی كە پڕاوپر بوو لە شانازی و وەفاداری و پاكی لە مەلبەندی ٢ی سازمان كە ئەركی پاریزگاری لە سەركردایەتی سازمانی بە ئەستووەیە بردەسەر، تا سەرەنجام لە ڕوژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری سالی ١٣٧٥ كە بۆ ئەنجامدانی مەئموریەتی سازمانی چوو بوە شاری هەڵەبجە كوردستانی عیراق لە لایەن بە كرێگیراوانی تروریستی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئیرانەوە، بە شیوەیەکی وەحشیانە و دوای شکەنجەو ئازارێکی زۆر، ترۆركراو گیانی پاكی لە پێناو ڕێبازی سازمانەكەیدا بە گیان ئافرین بەخشی و چووە ناوڕیزەكانی شەهیدانی سوور خەڵاتی سازمانی خەباتەوە.





هەزاران سڵاو لە گیانی پاك و پیرۆزی شەهید علی دەرماهی (سۆران) و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و بەختەوەری كورد و كوردستان. بڕوخی ڕژیمی دژی گەلی ئاخوندی





 

 
ڕێکه‌وت: 2020-10-07 20:46:56
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی