له‌سه‌رهێل 132
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەرانی گەل
شەهیدان عەتا قادری ، كاوە نانەوا و جەمیل سەجادی
لە دوایەكانی مانگی گوڵانی ساڵی(1372) کۆچی خۆری بەرانبەربە 1994 ی زایینی، دەستەیەك لە پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، سنەیان لە هێزەكانی دوژمن كردبووە چەرمە چۆلەكە، لەو شارە پان و بەرینەدا، دژمن كونە مشكی لێببوە قەیسەری. لەو ڕۆژانەدا ئەگەر ڕووت لە شاری قارەمان پەروەری شۆڕشگێڕی سنە بكردایە ئەو شارە كە پایتەختی حكومەتی پان و بەرینی ئەردەڵان بوو و ئێستاش پایتەختی حەماسەو لێ بووردوییە، پایتەختی خوێندەواری و تێگەیشتنە، مەکۆی ئازادی خوازانی كوردستانە، ئەگەر بەو شارە دڵ پڕ و پڕ دڵ و دڵدارەدا ڕابووردیایە، شاهێدی نیگاو چاو بڕكێ و زەماوەند و شایی و پیرۆزبایی دەبووی، لەگەڵ ئەوەشدا كە مانگی گوڵان خەریك بوو لە گەنج و لاوان وكوڕ و كاڵان و لەبەر چاو كەژاڵان ماڵاوایی بكا، تا بەهاری داهاتوو بە خودایان بسپێرێ، دەتدی لە پڕ مانگی گوڵان دەژێتەوە، ڕۆژگاری شادمانی سەرهەڵدەداتەوە، بەهاری شۆڕش دێتەوە، دەتدی پێشمەرگەكانی سازمان بە قریشكەی چەكەكانیان بەهاری خەبات بە خەڵك مزگێنی دەدەن، لە خوێنی خۆیان چەپكە گوڵی هەڵاڵە بە خەڵكە دڵسۆزو و قارەمان پەروەرەکەی پێشكەش دەكەن. ئەگەر بەناو كوڵان و شەقامی ئەو شارەدا گەڕابایەی، ئەگەر سوار ماشێنی خەت یان تاكسی بوایەیت هەر باسێك باس بوو. هەر شادمانێك دڵی پیاو و ژن و گەورە و بچوكی ئەو شارەی پڕكردبوو. باسی قارەمانیەتی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و شادمانی بە حەماسەی بێ وێنەیان، باس هەر باسی هەڵۆ تیژباڵ و بە جەنگەكانی سازمان بوو، كە ئەو شارە گەورەیان لە دوژمنان پڕكردبوو لە مەترسی. ماوەی 8شەو و ڕۆژ لە شاری خەباتگێری سنەدا تەنگیان بەهێزەكانی دوژمن هەڵچنیبوو. وایان دەزانی سەدان پێشمەرگەی سازمانی خەبات لەو شارەدان و لە كەمیندان بۆ هێزەكانی ڕژێم. بەڵام لە ڕاستی دا نەهەزار ونە سەد و نە دەیان كەس، دەستەیەك بوون لە ڕۆڵە یەك بە هەزارەكانی كوردستان و سازمانی خەبات، شارێكیان پڕكردبوو لە مەترسی لەسەر هێزەكانی دوژمن، هەروا پڕیان كردبوو لە شادمانی بۆ خەڵكە خەباتگێڕ و شۆڕش دۆستەكان.
ڕۆڵە قارەمانەكانی سازمانی خەبات لە 26 بانەمەڕەی (1372)دا دەگەنە شاری سنە. لە ڕۆژی (3) جۆزەردانی(1372) لە شاری سنەدا دەمێننەوە و خەریكی حەسانەوە و شناسایی دەبن، یان شەو بێ یان ڕۆژ زەربەت لە هێزەكانی دوژمن دەوەشێنن. ڕۆژانی 29 و 30 و 2 جۆزەردانی 1372 کۆچی خۆری تیمی قارەمانی سازمانی خەبات زەربەت لە هێزەكانی دوژمن دەدەن و زیاتر لە دە جێ بەرنگاری هێزەكانی دوژمن دەبن. ڕۆڵە قارەمانەكانی سازمانی خەبات ئەوەندە بێپەروا لە شاری سنەدا بە دوای هێزەكانی ڕژێم دەبن، كە لە هەموو كوچە و خەیابانێك شك دەبڕن. بە شەو و بە ڕۆژی ڕوناك بەر لە نیوەرۆ و دوانیوەڕۆ بە ئاشكرا دەست لە هێزەكانی دوژمن دەوەشێنن. شاری سنە كە چوار پێنج ساڵ بوو پێی پێشمەرگەی كوردستانی لێ نەكەتبوو، تیمی گیانبازی سازمانی خەبات، مژی ماتی ئەو شارەی بە قریشكەی چەكەكانیان ڕەواند. خەڵكە تامەزرۆكەی شاری سنە كەتینووی دیداری پێشمەرگەی دەست وەشین بوون سەریان لە دەروازە و پەنجەرەكانیان دەردەهێنا تا چاویان بە دیداری پێشمەرگە ڕوون كەنەوە ، بەوە سوكنایان نەدەهات و دەهاتنە دەرەوە كە لەو زەماوەندە دا كە پێشمەرگە با شاباشی خوێن و سازی دەنگی كەڵاشینكۆف دەیانگێڕا، هاوبەش بن، نەدەترسان لەوە كەبەگوللـەی وێل یان بە گوللـەی ڕاستەخۆی دوژمنانی كورد بپێكرێن. دەیانگوت كە گیانی ئێَمە لە گیانی پێشمەرگە ئازیزترنیە. كە چاویان بە پێشمەرگە چاو نەترسەكان دەكەوت عومریان نوێ دەبووە و گلە خۆشیان وەخت دەبوو باڵ بگرن و بپەڕنە بەر دەم پێشمەرگەكان و دەست لە ئەستۆیان كەن و لاچاویان ماچكەن و ببنە سپەری بە ڵاوەگێڕان لە بەرانبەر هێزەكانی دوژمندا و شانیان بكەنە سەرینی لوولەی چەكەكانیان كە ڕێی دەستیان ببێ ئەركی موقەدەسیان بە جێ بێنن. بەڵێ پێشمەرگە گیان بازەكانی سازمانی خەبات ژیانیان بۆ خەبات دەویست و خەباتیشیان بۆ زەربەت وەشاندن لە دوژمن، كە یان زیانی زۆری پێ بگەیەنن یان خۆیان لەو ڕێگەدا بە پلەی شەهادەت بگەن. لەگەڵ ئەوەدا كردنی دەینی گیانیان، ئەركی موبارزە بۆ هەڤاڵانی بە وەفا بەجێ بهێڵن. قارەمانەكانی سازمانی خەبات ی خوێناوی دەردێكیان بە هێزەكانی ڕژێمی خوێن ڕێژدا، كە ئەو ماوەو چەند ڕۆژی دوای 2ی جۆزەردانی 1372یش هێزە سەر كوتگەرەكانی نەیاندەوێرا بە ماشێنی دەوڵەتی و بەبەرگی ڕەسمی پاسدار و پۆلیس و بەسیجەوە بگەرێن، ناچار بە بەرگی شەخسی و بە ماشێنی شەخسی دەگەڕان. حەبیبی جێگری یەكەمی سەرۆك كۆماری ئێران كە قەرار بوو بێتە سنە و مەركەزی گاز ئیفتتاح كا، نەیوێرابێ و ناچار گەڕایەوە بۆ تاران. هەروا لەو ڕێیانەوە كە لە شارانەوە بەرەو شاری سنە دێن بە خەڵك دەگوترا كە شاری سنە شێواوە و پێشمەرگە هاتوون. پێشمەرگە هاتوونە ناوشار ولە تەواوی شاردا شەری پێشمەرگەو هێزەكانی دوژمن
لەو شەڕانەدا کە پێشمەرمەرگەكانی سازمانی خەبات لەگەڵ هێزەكانی دوژمن كردیان دوژمن زیاتر لە 50كەسی كوشتەو برینداری بوو. ڕژێم كە پێی وابوو ئەوانەی كە ناوی ناوون، زیدی شۆڕش(ئینقلاب)تازە ناتوانن ڕوو بكەنە شاری سنەوخەو لەوان هەراسان نابێ. بە پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ئارامیان لێ هەڵگیرابوو خەویان لێزڕاو دڵیان كەوتە لەرزین هاكە بەندی دڵیان بپسێ. تیمێك پێشمەرگەی سازمانی خەبات سنەیان ڕزگار كرد، دوای چەند ساڵ كە دوژمن بە ئەرخەیانی و بێ مەترسی لە پێشمەرگە خەریكی زەبرو زەنگ و ئەشكەنجە و ئیعدامی ناڕازیان و ئازادی خوازان بوو سنەیان ڕزگار كرد و تەلسیمیان شكاند و شاریان لە دوژمنان شلەقاند. خەڵكی ئەو شارە قارەمانە و ئازادیخواز وفیداكارە ئامادەن كە ڕۆڵە لە خۆ بردووەكانی گەل لە ئامێزگرن و بە گیانیان بیانپارێزن. وەك ڕۆڵەی عەزیزی خۆیان وەك جەرگ و دڵ لەناو قەفەزی سنگیان گرن. بەڵام چ دەكەی كە كەس نیە كەسی میللەت بێ و لەسەر ئەو ڕێگەیە موبارزە بكات كە میللەت دەیەوێ، هەر تەنیا سازمان و ئەویش لە وەتی هەیە نا ڕێكان پیلانی بۆ دەنێنەوەو تۆڕی درۆی لە سەر دەتەنن و داوی دوژمنانی لە سەر دەنێنەوە. سازمانی خەبات بەو كارە گەورە كە تیمێك شارێكی شلەقاند ئیسباتی كرد كە ڕیزەكەی لە گیانبازەكانی گەل پێك هاتووە و ئیمانیان بەشۆڕش دووبارە بەیەكەوە باداوە و لە پسان نایە. بە كوردستانی ڕاگەیاند كە خەباتی هاوباوەڕی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازی كورد و ئەوە كە بە پشتیوانی میللەتی بە شەرەفی كوردەواری دام و دەزگای ڕژێم لە كوردستان بخاتە لەرزەو لەرزی مەرگی بهێنێتەوە. قارمانەكانی سازمانی خەبات زەربەتی گیان و ماڵی زۆریان لە دوژمن دا لە شاری سنەدا ، ورەی هێزەكانی تێك ڕووخاند و ئەو سەركەوتنەیان بە خوێنی 3 ڕۆڵەی لە گیان بووردوی هەڵگری باوەڕی ئازادی كوردستان مۆركرد و یادگاری خەباتی خوێناویان لە دڵ و دیدەی خەڵكی بە شەرەفی شاری سنەدا بە جێ هێشت. ئەوسێ ڕۆڵە سەربەرز وشانازی بەخشانە بریتی بوون. لە فەرماندەی تیم كاك عەتا قادری جێگری فەرماندەی تیم كاك كاوە نانەوا وكاك جەمیل سەجادی پێشمەرگەی گیانبازی سازمانی خەبات.
عەتا قادری، یەكەم فەرماندەی تیمی بێ وێنەی قارەمانی سازمان، كوڕی شوكروڵا ساڵی (1349)ی كۆچی خۆری لە دێی یەمەنانی سەرەوە لە ناوچەی ژاوەڕۆ لە بنەماڵەیەكی وەرزێر لە دایك بوو. خوێندنی سەرەتایی لە ئاواییەكی خۆیان تەواو كرد، دوایی هاتۆتە شاری سنە و سیكڵی وەرگرتووە. ساڵی (1363 ی کۆچی خۆری)بە مەبەستی موبارزە دژی رژێمی ئاخوندی دەچێتە یەكێك لە ڕێكخراوە چەپەكانی كوردستان وە نزیك بە دووساڵ لەو ریزەدا دەمێنێتەوە و پاشان هەستی نەتەوایەتی و دڵسۆزیان بۆ نەتەوەی كورد هانی دەدا كە بۆ گەلی كورد و بۆ ڕزگاری لە دەست ستەمی نەتەوایەتی چەند قات بچێتە ئەو ڕیزانە و بۆ ئەم ئامانجە خەبات دەكەن و تێدەكۆشن. شەهید عەتا سازمانی خەبات ی كوردستای ئێرانی هەڵبژاردو خۆی تێدا بینیەوە. شەهید عەتا لە پاییزی ساڵی (1365)دا هاتە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە. شەهید عەتا ئینسانێكی زیرەك و ئەهلی كار وتێكۆشان بوو. سازمان دوای ماوەیەك ناردییە دەورەی كادری دەرمانییەوە. پێی نەچوو كە بە كادرێكی سەر دەرچوو بە كەڵك لە كڵ هاتە دەر. ئەمجار لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەركی دەرمانی دەدی، یارمەتی بەشی ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی دەدا و لە بەشی بۆڵتنیش دا كاری دەكرد. كاتێك تیمەكانی عەمەلیاتی نیزامی دەردەكەوتن شەهید عەتا بەناوی كادری دەرمانی لەگەڵ تیم دەڕۆیی.
بەڵام تەنیا كاری ئەوەندە نەبوو بەڵكو وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان و لێهاتوو بە هەڵمەت و دڵسۆز و دەست وەشێن و لێزان لە چالاكییەكاندا بەشداری دەكردو ڕێزی بەر چاوی بوو لە ناو هەڤاڵاندا. شەهید عەتا ئازا و دلێر بوو واتە شوجاعەتێكی ئینتحاری هەبوو. بەكوردی خۆمان هەرملی پێوە دەنا. دیواری ترس لە بەرانبەری دا هەڵمە دووکە بوو. شەهید عەتا لە چالاكیەكانی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە ناوچەكانی بانە ومەریوان دا بەشدار بوو. لە چالاكی لە حەسانەوەو تەداروك گرتن، لە بنكەكانی پێشمەرگەدا، تفەنگ و تاقمی لەخۆ دەدا و پوزەوانەكانی هەڵدەكێشا بەرەو گۆڕەپانی جەنگ دژی هێزەكانی رژێم، باری لەسەر لێوی دەستی پێ دەكرد و بەڕا کردن سورایی شادمانی لە لێوی دەگەڕا. هەر بەو حەماسە گەرم و بڕیارە کول نەبووەوە، ژیانی پێشمەرگانەی درێژە پێ دا. شەهید عەتا قادری چون بۆ مەیدانداری هێزەكانی دوژمن بە شایی و زەماوەند دەزانی، لە بەهاری ساڵی 1370دا لە بەر هێندێ هۆ لە هاوسەنگەرانی لە سازمانی خەباتدا هەڵبڕاو وناچار بە چوونەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم بوو. ڕژێم گرتی و لە زیندانی كرد و دوای ماوەیەك ئازارو ئەشكەنجە لە مەحكەمەیەكی گۆپاڵی دا حوكمی ئیعدامیان بە سەر دا سەپاند. لە بەهاری ساڵی1371دا لە گێرانەوەی لە دادگا بۆ زیندان بە دەست بەندەوە توانی خۆی فڕێ داتە ناو جەماوەرەوە وهەڵبێ و خۆی بگەیەنێتە ماڵی برایەكی كوردی پاك لە شاری قارەمان پەروەر وقارەمان پارێزی سنەدا. لەو شارە كوردی پاك زۆرن دەستبەندی بۆ دەكەنەوەو دوای حەسانەوە بەڕێی دەكەنە ناو كۆڕی هەڤاڵان لە بنكەكانی سازمانی خەبات. شەهید عەتا لەگەڵ برا هاوسەنگەرەكانی بە یەك شاد بوونەوە. لە دواییەكانی بانەمەڕەی 1372دا بە فەرماندەی تیمێك بەرەو مەریوان و پاشان سنەو دەرووبەری بەڕێ بوون ،لە 26ی بانەمەڕەدا خۆ دەگەیەننە شارە قارەمان پارێزە كورد پەروەرەكەی سنە، ماوەی 8 ڕۆژ لەو شارە مانەوە و زیاتر لە دە عەمەلیاتیان دژ بە هێزەكانی ڕژێم ئەنجام دا. وەك لە سەرەتادا گوترا ئەو تیمە شاری سنەیان پڕ كردبوو لە پێشمەرگەی سازمانی خەبات. مەرگ لە هەموو كوچە وكۆڵانێك لە سەر هێزەكانی ڕژێم دەگەڕا.
(شەهید كاوە نانەوا)
شەهید كاوە نانەوا كوڕی شەریف لە ساڵی(1353) ی کۆچی خۆری لە بنەماڵەیەكی ڕەنجدەرو هەژار لە شاری بانە چاوی بە دنیای پڕلە رەنج و پڕ لە شانازی هەڵێنا. خوێندنی سەرەتایی لە كوردستانی عێراق دا دەست پێ كرد، لە بەر موشكیلاتی خێزان لە 5ی سەرەتایی زیاتر نەیتوانی بخوێنی. شەهید كاوە جوێ لەوەی كە زۆربەی بنەماڵەكەیان لە شۆڕشی كوردستان و لەڕیزی سازمانی خەباتدا بوون و پەیوەندی ڕیشەداریان بە شۆڕشی ڕەوای سازمانی خەباتەوە بەتایبەتی بوو، ڕۆڵەیەكی خاوەن شەرەف و پاك و خاوەن باوەڕ بوو كە ئیمان بە عەداڵەت و دژایەتی لەگەڵ ستەمگەران داگیركەران لە ئیمان و مەبەستەكانی بوو. ئەو ڕۆڵە پاك خوڵقاوە، چاك بار هاتووە بەر لە هاتنی بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی شانازی شەهادەتی برای گەورەی شەهید ناسر نانەوا و بەر لەویش شەهادەتی ئامۆزای شەهید عەبدوڵا نانەوا و بە ئیعدامی خاڵۆی شەهیدی ئەبووبەكری كەریمی كە ئامۆزای باوكی بوو بە دەستی هێز و جەلادەكانی ڕژێم ، هەستی شۆڕشی لە دەرونیدا ڕیشەدار كردبوو، ڕێگای خەبات و شانازی بە سەركەوتن، یان شەهادەت ئامانجی بوو كاتێك بە لەش لە هێزی پێشمەرگە دوور بوو بە دڵ لێیان هەڵنەدەبڕا، ڕۆحی وەك پەروانە لە دەوری گڕی چەكەكانیان دەگەڕا. خۆی بە پێشمەرگەی سازمانی خەبات دەزانی و دادەنا كە سەر دەكەتن، ئاواتی بوو كە لە گەڵیان بووایە كە شەهادەت نەسیبی یەكێكیان دەبوو ئاواتی بوو بە نەسیبی خۆی بووایە. بەو بیرو باوەڕە بەو دەروونە پڕ لە شانازییەوە لە بانەمەڕی (1371)ی کۆچی خۆریدا هاتە ڕیزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان چووە مەڵبەندی دووی سازمانەوە. شەهید كاوە نانەوا لە چالاكیەكانی ساڵی (1371)دا بەو پەڕی چاو نەترسی وئازاییەوە بەشداری كرد. جێی ڕەزای هەڤاڵان و فەرماندەران بوو، شیاوی پشت بەستن بوو. شەهید كاوە لە بەهاری ساڵی (1372)دا بە جێگری فەرماندەی تیم لە گەڵ ژمارەیەك لە قارەمانەكانی سازمانی خەبات بەرەو مەریوان و سنە و دەورووبەری بەڕێ بوون. ماوەی 8 ڕۆژ لە شاری سنەی خەباتگێڕ و كورد پەروەردا مانەوە بە چالاكی بێ وێنە و یەك لە دوای یەكیان هێزەكانی دوژمنیان تۆقاند و دڵی یەكە یەكەی خەڵكی ئەو شارەیان گەشاندەوە و بەهاری شادیان بۆ خەڵكەكەی گێڕاوەو بە خوێنی پاكیان و بە خوێنی سوور وئاڵی وەك هەڵاڵەیان شەقامەکانی سنەیان ڕەنگاند و خوێنی پیسی هێزەكانی ڕژێمیان لەگەڵ ماشینە وەرگەڕاو و پڕ لە كەلاكەكانیان بە جەدوەلی خەیابانەكانی سنەدا كرد.
تا ساعەت 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 2/3/1372 جەنگی ڕووبەڕووی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات و هێزێكی بێ ژماری دوژمن لە مەیدانی ئیقباڵ دا ڕێكەوت. ڕۆڵە لە گیان بوودووە لە شەرەف نە بووردووەكان دادی قارەمانیان دا. وایان مەیدانی جەنگ گەرم كرد كە مێژووی كوردستان ئەو سەحنەیە لەبیر ناكاو لە سەروی شانازییەكانی شۆڕشی كوردستان بنووسێ. 

(شەهید سەید جەمیل سەجادی)
سەید جەمیل سەجادی كوڕی سەید محیەدین ساڵی (1347)لە شاری سنە دا لە دایك بوو. كە تەمەنی گەیشتە 7ساڵ چووە مەدرەسە تا سێ ڕاهنمایی خوێند. سەید جەمیل ساڵی (1371) هاتە ناو ڕیزی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان لە كاری پێشمەرگایەتی و تێگەیاندن لە ڕێبازی و ئامانجی دوا ڕۆژی سازمانی خەبات، چووە ناو مەڵبەندی دووی سازمانی خەبات. بەو پەڕی دڵگەرمی و دڵسۆزییەوە گوێ بیستی دەستوور و بە جێ هێنانی ئەركی پێشمەرگایەتی بوو. شەهید جەمیل لەگەڵ تیم و گروپەكانی نیزامی دا بۆ ناوچەكانی بانە و مەریوان بۆ كاری نیزامی دەڕۆیی و بە پێشمەرگەیەكی ئازا ناسرا بوو. شەهید سەید جەمیل لە دواییەكانی مانگی بانەمەڕی(1372)دا لەگەڵ تیمێك بە فەرماندەهی شەهید عەتا قادری كەوت، تا گەیشتە ناو شاری سنە. شەهید جەمیل بە ئازایی و بە جەرگ بە دەستووری فەرماندەی تیم لە چالاكییەكانی ناو شاری سنەدا بەشداری دەكرد و ئەركی ڕێنوێنی دەبینی، لەو شارە گەورەدا بۆ بەدی كردنی جێی متمانە بۆ حەسانەوە و بەرنامەڕشتن بۆ هەلسووڕان و چالاكی پێشڕەو بوو. تا لە سەعات سێی دوانیوەڕۆی ڕۆژی (2/3/1372)لە شەقامی حاجی ئاوا و مەیدانی ئیقباڵ لە شاری سنەدا لە گەڵ هێزێكی زۆری دوژمن كەوتە شەڕ. شەهید جەمیل لە فەرماندەی تیم شەهید عەتا قادری و جێگری فەرماندەی تیم شەهید كاوە نانەوا جوێ نەدەبۆوە. ئەوڕۆڵە قارەمانەی سازمانی خەبات لەو جەنگەدا بە گوللـەی ناپاكان بە پلەی شەهادت گەیشت. فەرماندەی تیم شەهید عەتا و جێگری فەرماندە بەو پەڕی قارمانیەوە لە بەرانبەر ئەو هێزە زۆرەی دوژمندا جەنگین. شەهید جەمیل بە پێوە شیعاری خەباتی دەدا و بە كەڵاشینكۆفی گەرم داهاتوو وەك دڵی شەهید عەتا خۆی لە هێزەكانی دوژمن وەردەگێڕاو بە دروشمی بژی سازمانی خەبات و حەماسەی دەخولقاند و ورەی پاسدار و جاشی خۆفرۆشی دەڕوخاند. شەهید كاوەی قارەمانیش نەدەماوە، لە جەنگی مان و نەماندا لەگەڵ قریشكەی كەڵاشینكۆف ونركەی پڕ لە داخ درووشمی شەرەف بزوێنی خەباتی خوێناوی تیكرار دەكردەوە، بە پەلە بوونی سەركەوتنیان فڕین بۆ ناو كۆڕی شەهید و هەڤاڵانی لە خوێندا شەڵاڵ، هەر دووك قارەمان بریندار بوون شەهید عەتا نۆ دانە برینی كاری هەڵگرت فیشەكی لێبڕا. شەهید عەتا نارنجۆكی كێشا كە بە زیندوویی نەكەوێتە بەردەستی ئەم دوژمنانە كە كوردستان دەیانناسێ و هی وەك شەهید عەتا كە ئەشكەنجەو ئازاریانی زۆرتر دیوە و ڕادەی بێدادیان دەناسێ، بەڵام چەسپێك كە زووتر لە ماشەی نارنجۆكەكەی هاڵاندبوو ناهێلێ بتەقێتەوە، هاوکات خوێنڕێزی زۆر بێهۆشی دەكا. كاوەی قارەمانیش بە برینداری بێ فیشەك و زەخیرەی دیفاع دەمێنێ، هەر دووك قارەمان بە برینداری دەكەونە بەر دەست دوژمنانی كوردستان و مرۆڤایەتی. دەبرێن برینەكانیان تیمار دەكەن و پاشان لە دادگا گۆپاڵیەكانی ڕژێمدا هەر دووك بە ناڕەوا لە سەر دیفاع لە كوردستان بەرانبەر بێگانەی داگیركەر بە مەرگ مەحكووم دەكرێن. وەك خۆیان بە هاوڕێیانی زیندانیان گوتووە ئەوەی لە پەروەندەكەدایە ئیعترافی ئەوان نییە و دەست تاشی قازی جەللادە. شەهید عەتا و شەهید كاوە، لە موبارزە و بەربەرەكانی ناو زیندان دا كەمتر نەبوون لەوەی كە بوون لە مەیدانی ئیقباڵ و خەیابانەكانی سنەدا. لە بیر هەڤاڵان ناچێ ئەو دروشمە پڕلە حەماسەییانەی شەهید عەتا كە دەیگووت: بژی سازمانی خەبات و بژی پێشمەرگە قارەمانەكانی. لەبیر ناچێ ئەو مەتانەت و بە جەرگی و بە ئیمانییەی شەهید كاوە لە دواییەكانی ژیانیدا. دوو قارەمانی سازمانی خەبات و كوردستان لە 18ی ڕەزبەری 1373ی کۆچی خۆریدا لە شاری سنە ئیعدام كران و گیانی بەرزیان فڕی بۆ كۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید عەتا و شەهید كاوە و شەهید سەید جەمیل و گشت شەهیدان.


((مامۆستا پەژار))


 
ڕێکه‌وت: 2020-10-09 09:25:11
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی