له‌سه‌رهێل 68
سێ‌شه‌مه 29 ره‌زبه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پانزەی ئۆکتوبر ڕۆژی جیهانی ئافرەتانی دێهات نشینە !

زێنەب حوسەینی
هەر دیاردە و حاڵەتێک کە ڕوداوێکی گرینگ، یان دژبەری و سەرکەوتن یان بە گژدا چوونەوە و هاوکات مێژوو یان لایەنێکی دیاری کۆمەڵ و ژیان بەگشتی بێت، لە لایەن مرۆڤایەتی و ڕێکخراوی نێونەتەوەی گرینگی پێدراوە و ڕۆژێک بۆ ئەم بۆنە و یادانە دیاری کراوە.
لە درێژە و ڕەوتی ناوزەدەکان ،کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕیاری دا کە، ڕۆژی ١٥ی ئۆکتوبر دیاری بکرێ بە ڕۆژی جیهانی ئافرەتانی لادێی.
بەهۆی ڕۆڵ و نەخشیان لە بەرەو پێشبردنی گەشەی کشتوکاڵی و بەرزکردنەوەی دڵنیایی خۆڕاکی و کەم بونەوەی هەژاری ئەم چینە جێگە و پێگەیان بەرزە و دیارترینن، هەربۆیە گرنگی پێدراوە.
بە پێی پێگە ئەلکترۆنیەکانی نەتەوەیە یەکگرتوەکان کە بۆ پێڕاگەیشتن و وشیارکردنەوەی ئافرەتان دیاری کراوەو مامۆستاو کەسانی شارەزا بە وتنەوەی وانە لەو بارانەوە لە ئەرکدان دەڵێن، ئافرەتانی دانیشتووی گوند ڕۆڵێکی گرنگ دەبینین لە بەردەوام مانەوەو گەشەی کۆمەڵگەی گوندنشین، بە تایەبەت کە زۆرینەی ئەو ئافرەتانە بەشدارن لە بەرهەم هێنانی کشتوکاڵ و داهێنانی بەردەوام، بەبێ پوڵ و پاداشتێکی مادی.
ئامارە نێو نەتەوەیەکان باس لەوە دەکەن کە لە هەر سێ ئافرەت، یەک دانەیان کار دەکات.
ئافرەتانی دێهات نشین، یەک لەسەر چواری کۆی گشتی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان پێک دەهێنن.
کۆمەڵگەی نێونەتەوەی داکۆکیکار لە ئافرەتانی دێهات نشین، پشتیوانی لەو ئافرەتانە دەکات کە ڕۆڵی کاراو بەڕێوەبەری دەبینن و بەشداریان پێدەکات لە داڕشتنی یاسایی ستراتیژی و سیاسەت و بەرنامەی پەیوەندیدار بە هەموو لایەنەکان کە کاریگەری هەیە لەسەر چۆنیەتی ژیان وبەرەو پێشبردنیان.
لەم ڕاستایەدا ڕاهێنان و بارهێنانیان پێ دەکات و لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی تێکنلۆژی، کە بگونجێ لەگەڵ پێویستیەکانیان درێژە دەدات.
بە پێشکەش کردنی بەرنامەیەکی دروست و پێویست، بۆ گفتوگۆکردن و دان پێدانان، کە ئافرەتانی گوندی ڕۆڵێکی کارا و گرنگ و سەرەکیان هەیە لەسەر ژینگەی زەوی و کارکردن تێیدا، گەڵاڵەیەکی تۆکمە و گرینگ لە ئارادایە و بە ئامانجی پێشەوەچوون ڕێگەی باشتر بوون دەبڕن.
لێرە پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئافرەتانی گوند نشین بە شێوەیەکی گشتی چەندین خاڵی هاوبەشیان هەیە لە شێوەی چۆنیەتی ژیانیان و مافەکانیان کە ئەویش بریتین لە:
١- ئافرەتانی گوند نشین کە کاری کشتوکاڵ و مەڕداری و هەر کارێکی دیکە، کە پەیوەندی بە ڕەو ڕەوەی بردنە پێشی ئابوری خێزانیە، بەبێ دەستمایە و وەرگرتنی کرێ کاردەکەن و ژیان بەڕێ دەکەن، چونکە وا چاو لە ئەرکەیان دەکرێ کە ئەوە بەشێکە لە کاری ماڵ و خێزان.
٢- ئافرەتانی گوندنشین لە مافی خوێندن و ئاشنابون بە ڕەوتی پێشکەوتنی جیهانی بێ بەشن.
٣- بەجێهێشتنی ماڵ و دورکەوتنەوە لەو ژینگە، بەردەوام بۆ پیاوان بووەو ئەوەی کە ماوەتەوە و ئەرکی خێزانی لەسەر کەڵەکە بوو چینی ئافرەتە.
٤- بێ بەشی ئافرەتان لە پێڕاگەیشتنی تەندروستی و دەرمان.
ئەم چەند خاڵە، هاوبەشە لە هەموو جیهان بۆ ئافرەتانی گوندنشین لە ئارادایە و بە پێی ڕێژە بوونی هەیە جا لەوانەیە لە شوێنێک بۆ جێگەێکی دیکە جیاواز بێت.
سروشتیە و دەکرێ بە پێی پێگەی جوغڕافیایی، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بێ، لە ئاسیاو ئەفریقاو جنوبی بیابانی گەورە ڕێژەی ٨٠ لە سەدی داهاتی بەروبومی ئەو ناوچە ئافرەتان بەرهەمی دەهێنن.
لە مێژووی ئێران دا، بە تایەبەت دەسەڵاتی ئاخوندان، بۆنە جیهانیەکان کە لە سود و بەرژەوەندی پۆلێک دەسەڵاتداری حاکمدا بێت، دان پێدانراوەو لە میدیاو ڕاگەیاندنەکان بۆ خۆ هەڵنان و چاوبەست کاری پێ دەکەن، بەڵام بە شێوەی هەمیشەیی خۆیان لە مافی ئافرەت و بۆنەکان کە تایبەت بێ بەم چینە خۆیان بواردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی گرانی باری ئابوری و سەختی ژیان لە ئێران بە گشتی، ئەرکی ئافرەتان و بەرپرسیارەتیان چەند بەرابەر بۆتەوە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات. 
یادکردنەوە و دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ ئافرەتانی گوند نشین، لە قۆناغێکدایە کە نەهامەتیەکانی ئافرەتان لە گوندەکانی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایەبەتی، لە ڕوی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیری و بەشداری لەبڕیار و بەڕێوەبەری تا سادەترین شێوەی هەڵس و کەوت لە ژین، لەو پەڕی نەهامەتیدان، بە دوورن لە هەر سیستمێکی پێشکەوتوو بۆ کاری کشتوکاڵی و دەستەکەوت و داهات و لە بواری تەندروستی و زۆر شتی دیکەشەوە بێ بەشن.
ئافرەتان لە گوندەکانی کوردستان بەردەوام بەهۆی فشار و کلتوری سواوی کۆمەڵایەتی، ڕەنج بە خەسارن، دەڕەتێنرێن و بەرهەمیان، زۆر و پاداشیان کەم و بێبایەخە.
پەروەردەو بەڕێوەبەری خێزان و پێڕاگەیشتن بە میوان، وێڕای ئەوانەش بەشداری کردنی لە کێڵگە کشتوکاڵیەکان، بۆ هاوکاری و دابینکردنی بژێوی ژیان، ئەرکی ئافرەتی گوند نشینی بە شێوەیەک گران کردوە کە لەگوتن نایەت.
سەرەتای ژیانی هەر کیژۆڵەیەک لە گوندەکان بە شوانی قەل و مریشک دەست پێدەکات و ئەرکی پاراستنی منداڵی بچوکتر لە خۆی وە ئەستۆیە و بە دەسماڵی کۆنی دایکی لە کۆڵی دەنێن، ئەوە سەرەتا و دەسپێکی کار و ئەرکی ئەم چینەیە و دەبێ لەگەڵ ئەم شێوە ژیانە بەردەوام بێ وقۆناخ بە قوناخ و لەگەڵ گەورە بوونیدا ئەرکیشی زیاتر دەبێ.
لە ماوەی ژیانی هەر ئافرەتێکی گوند نشین فێربونی نان کردن قاوڵتی ئامادەکردن و پاککردنەوەی ئاخوڕو تەویلەو مەشکە ژاندن و......هتد، دەبێتە بەشێکی ئاسایی لە تەمەنیدا و دوای تەواوکردنی هەموو ئەو کارانە، شۆڕ دەبێتەوە بەرەو مەزرا، بۆ دەسکەنەو دروێنەو کاری کشتوکاڵی بە گشتی.
لە کوردستان و لە گوندەکان بە تایەبەت ڕێژەی نەخوێندەواری یان تەواو نەکردنی خوێندن لە ناو کچاندا، بەرزە، کە هۆکارەکەش دابین نەکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی پەروەردەو پێگەیاندنی وەک پێویست نیە.
لە هەمان کاتدا بەهۆی ئەو بیرە خێڵەکیەی کە پێی وایە مێینە پێویستی بە خوێندن نیە، ئەو ڕێژە بەردەوام لە هەڵکشاندا بوەو هەیە.
هەروەک چۆن باسم لەوەکرد کە ئافرەتان بەهۆی نەبونی حەقدەستی کار و ئەو تێڕوانینە کە ئەوە ئەرکەو بەبەشێک لە کاری ماڵەوە دادەنرێ، هیچ کات نەیان توانیوە تواناکانی خۆیان و ڕۆڵ و نەخشیان لە بازاڕی ئابوری بنوێنن و سەربەخۆیی ئابوری، کە بەری ڕەنجی خۆیانە بەدەست بێنن.
بەگشتی ئافرەتان لە گوندەکان ڕۆڵی بەرجەستە دەبینن لە بەرهەمێنانی بەروبومی خۆماڵی و گەشەسەندنی ئابوری ناوچەو وەڵات بە بێ پشتیوانیەک کە شایانیان بێت.
ئافرەتانی گوندنشینی کوردستان لە زەردەی بەیان تا خۆر ئاوا بون بێڕاوەستان، کاردەکەن، بێگومان ئەم ئەرک و مافەش کە بنێشتە خۆشەیە وچینی بەرانبەر لەبەرانبەر هەر کاریکدا باسی لێوەدەکەن، دەبێ بۆ چینی ئافرەتیش بەڕەوا بزاندرێ و هەمووان بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە کۆڵەکە و ڕاگری ژیان دەبێ لە ماف و ئەرکدا یەکسان بن و هیچ چینێک چەوساوەترو ماندووتر نەبێت.


ڕێکه‌وت: 2020-10-14 22:16:33
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی