له‌سه‌رهێل 54
سێ‌شه‌مه 4 سه‌رماوه‌ز 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یەکێک لە سەرەکیترین بەربەستەکانی بەردەم بزوتنەوەی مافخوازانەی ژنان، خودی ژنانن!

فرمێسك ڕەزایی 
لە ڕاستیدا بزوتنەوەی ژنان ماوەی چەندین ساڵە، سەرەڕای هەموو بەربەستەکان و بێ سڵەمینەوە، سوورە لەسەر داکۆکی کردن لە مافەكانی ژنان. بە دڵنیاییەوە قازانجی دەسکەوتەکانی ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا بۆ ژنان، بەڵکو بە قازانجی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیشە.
سەرەکیترین ئەرکی چالاکوانانی بواری مافی ژنان، هەوڵ بۆ گەشەسەندنی ڕوناکبیری لە نێو کۆمەڵگەیە، و بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم ئامانجە پێویستیان بە هاووكاری و هاووهەڵوێستی زۆربەی هەرە زۆری ژنانە لە كۆمەڵگادا بۆ ئەوەی ئاسانترن بگەن بە هەدەف و ئەو ئامانجەی بۆی تێدەكۆشن.
لە کۆمەڵگای جیهانی دا و بەتایبەت کۆمەڵگای کوردی، بمانەوێ و نەمانەوێ پەروەردە زیاتر کەوتۆتە ئەستۆی ژنان، هەرچەندە ئەوەش پێچەوانەی بنەمای بەرابەری ڕەگەزیە، بەڵام تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە پەروەردە و زۆر ئەرکی دیکە کە کۆمەڵگە بەشی هەرە زۆری خستۆتە ئەستۆی ژنان، نەک بە وتە و هەر بە کردەوەش بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش لەنێوان ژنان وپیاوان. ئێمە ناچارین ئەم ڕاستیە قەبوڵ کەین کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان زیاتر لە پیاوان ئەرکی پەروەردەیان لەئەستۆیە و دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگیرێ کە وێڕای هەموو هەوڵ و تەقالای چالاکوانانی دۆخی ژنان، تا ئێستاش بەداخەوە ژنان ئاگاهیان لە مافەکانی خۆیان نیە. 
بێگومان، یاسا و زۆرەملێی کۆمەڵگە ڕێگرە لە وشیارکردنەوەی ژنان. بەڵام بە دڵنیاییەوە هۆی سەرەکی خودی ژنانن. 
دەستدرێژی سێکسی، ئازاری دەروونی، لەناو بردنی کەسایەتی ژنان، خەتەنە و سەپاندنی سزای توندتر بە سەر ژنان بۆ تاوانی هاوشێوە لە نێوان هەر دوو ڕەگەز، دیاردەگەلێکن لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەبینرێ، بەڵام لەو وڵاتانەی کە تا ڕادەێیک خاوەن دیمۆکراسین و پێشکەوتون، بزوتنەوەی ژنان دەستیان بۆ گۆڕینی یاسا ئاوەڵاترە و زیاتر دەتوانن دەنگیان بگاتە ژنانی ناوماڵان و ژنانی نەخوێندەوار.
لە ئێران بە گشتی و بەتایبەت کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی، بەهۆی دیکتاتۆریەتی دەسەڵات و یاسای دواکەوتوانەی کە تێدا مافی ژنان ڕەچاو نەکراوە، ژنان و بزوتنەوەی ژنان وەک تاوانبار هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێ، زۆربەی لە چالاکوانان لە بەندکراو شکەنجە دەکرێن. 
هەروەها مێدیاکانی ئەو وڵاتە وەک پردێک لە نێوان ژنان و کۆمەڵگە لەخزمەتی دەسەڵاتی پیاو سالاردان و تەنانەت هەوڵی سەربەخۆیی چالاکوانانی ژنان، مەحکوم دەکەن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، بزوتنەوەی ژنان لە هەر هەلێک بۆ پێشکەوتن کەڵک وەردەگرێ‌، بەڵام ئایا خودی ئەو ژنانەی کە دەچەوسێنەوە، چەندە تامەزرۆی فێربوون وئاگایین؟ چەندە هەوڵ ئەدەن بۆ داکۆکی لە مافی خۆیان؟
ئەو ژنانەی کە لە خەوی بێ ئاگاییدان و نایانەوێ لەو ئاڵوگۆڕانە کە وەکوو دەسکەوتێکە بۆ بزوتنەوەی ژنان تێبگەن. دوور کەوتنی ژنان لە کۆمەڵگە و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، سەرقاڵ کردنیان بە شتی لاوەکی، وەکوو مکیاج، جلی جوان، زێڕ، کەل وپەلی ماڵ و ... بۆتە هۆی ئەوەی ژنان ئاگاداری زۆر بنەمای سەرەکی نەبن. 
ئەو بنەمایانەش پاش لێکۆڵینەوەێیکی زۆر سەلمێنراون و مافی هەموو ژنانی تێدا ڕەچاو دەکرێ، مافی لەبار بردنی مناڵ، مافی کۆتایی هێنان بە ژیانی هاوبەش، مافی خاوەنداریەتی جەستە ، بەرابەری تەواو، مافی سەرپەرەستی منداڵ، مافی سەربەخۆ بوون لە بواری ئابوری و هتد، نمونەێیک لەو ئوسول و بنامایانەیە. 
لە سەدەی بیستەم و لە کاتێکدا ژنان بە تاوانی سیاسی بوون لە بەندیخانەدان ، ژنانێک بوونیان هەیە کە هێشتا کێشەی سەرەکیان مۆد و سریاڵی جێم تیڤییە ،ئەوانەی کە هێشتا بە جێگای باوەڕ بە خۆ بوون، فێری کچانیان دەکەن خۆیان نەبن و بۆ سەرنج ڕاکێشانی پیاوان دوور بنەوە لە خودی راستەقینەیان، و بەردەوام لەبەر ئەوەی کچن لەزۆر حەز و ئاواتیان دوور دەبن . ئەوانەی کە هێشتا کچانیان بە خزمەتکار و میوانی ماڵ دەزانن. نەوەێیک پەروەردە دەکەن کە بۆ بەڕێوەبردنی ئاساییترین کارەکانیان پێویستیان بە پیاوە، نەتوانن هەستەکانیان دەرببڕن، نەتوانن کەسێک بۆ ژیانی داهاتوویان هەڵبژێرن و بەردەوام چاوەڕێی ئەوەن پیاوێک هەڵیانبژێرێ و خۆشی خۆیان لە هەر شتێک جگە لە خۆیان بدۆزنەوە، ئەم کچانە دەبنە دایکان و ژنانی داهاتو وا لە ئاستی هەموو زوڵم و ستەمێکدا بێدەنگ دەبن ، ئەبنە دایکێک کە بێ زانیاری منداڵی دەبێ، شێوازی هەڵسوکەوت لە گەڵ منداڵ نازانێ، لەم نێوانەدا پەروەردە و زانیاری یەک کەس، دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕِ لە بنەماڵەێیکی چەق بەستوو و زنجیری بێ ئاگایی دەبچڕێ.
لێرەدا گرنگی دەنگ هەڵبڕین و ڕاگەیاندن دەردەکەوێ، بۆیە پەرەپێدانی ئاگایی، ئەرکی تاک بە تاک و هەموو ئەو کەسانەیە کە لەم بازنەیە خۆیان دەدۆزنەوە بە بێ جیاوازی ڕەگەزی .
بۆ بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی پێویستمان بە ژنانی بوێرە، ژنانێک کە دەزانن هەرچەند لە دژی یاسا دواکەوتووەکان و کۆمەڵگەی پیاو سالار ڕاوەستن، زیاتر دەکەونە بەر پەلاماری کەسانێک بە بیروبۆچونی دەمار گرژانە ، بەڵام کۆڵنادەن ، بۆیە ئەو ڕاستییە دەزانن کە بەبێ هەوڵی ژنانی تێکۆشەر ، ئامانجەکانی بزوتنەوەی ژنان وەدی نایە. ڕەنگە زیندان، شکەنجە ، کوشتن و بڕین بۆتە هۆی ڕوودانی چیرۆکی دڵتەزێن، بەڵام ورەیان دانابەزێ ونەوە دوای نەوە هەنگاوەکانیان پتەوتر دەکەن و داس و چەک و چەقۆی دەستی نامرۆڤان بنەوێ.
ڕێکه‌وت: 2020-11-10 19:30:56
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی