له‌سه‌رهێل 43
سێ‌شه‌مه 4 سه‌رماوه‌ز 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕۆژی جیهانی پیاوان !

شایستە محەممەدی
زۆربەی کات بەبۆنەی ڕێز دانان بۆ جێگەی بەرزی مرۆڤ، بۆنە گەلێک دیاری دەکرێت کە ئەتوانین لە ڕۆژژمێرەکاندا بیانبینین.
هەرکام لەم ڕووداوانە لە ژێر ناوێک وەکو یادکردنەوە، ساڵوەگەڕ، کۆچی دوایی کەسایەتیەک، ڕۆژی لە دایک بوون و هتد... بنەمای بۆ دانراوە ویادەوەریەکە بۆ بیرهێنانەوەی کۆمەڵگا. هەر کام لەم ڕوداوانە جێگەی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەتوانێ تا ڕادەیەکی بەرچاو کەسایەتی کۆمەڵایەتی چین و توێژەکان لە کۆمەڵگە وەدەرخا. 
یەکێک لەم ڕۆژە تایبەتانە، ڕۆژی ۱۹ی نوامبره، کە بە ڕۆژی جیهانی پیاوان ناسراوە. ئەم ڕۆژە بە لێگێڕانەوەیەک لە ساڵی ۱۹۹۲ لەلایەن پرۆفیسۆر تۆماس ئێستر دیاری کراو لە ساڵی ۱۹۹۹ گشتگیرتر بۆوە. هەر ساڵەو بەو وڵاتانەی کە ئەو بۆنە چەژن دەگرن زیاد دەبێ، بە ڕادەیەک کە ئێستا زیاتر لە ٦۰وڵات ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی پیاوان بەڕێوە دەبەن.
ئامانجی سەرەکی لە ناونانی ئەم ڕۆژە سەرنجدان بە سڵامەتی پیاوان، پەرەپێدانی بەرابەری ڕەگەزی، باشتر کردنەوەی شێوەی هەڵسووکەوت، ڕون کردنەوەی ڕۆڵی پیاوان لە نێو کۆمەڵگاو نیشاندانی ئەو ڕاستیەی کە تەواوی پیاوان چەوسێنەر و زاڵم نین.
قەت نابێ ئەم ڕاستیە بشارینەوە کە پیاوان ڕۆڵێکی گرینگیان لە نێو بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵی ژیان هەیە، بەرەو پێشبردنی ژیان پێویستی بە هەر دوو ڕەگەزەو ئەمەش زۆر ئاشکرایە پیاوان لەم بەڕێوەبردنەدا زۆر کاریگەرن.
لە کۆمەڵگای ئەمڕۆیی و کلتوری سەلمێنراو بە کۆمەڵگا، پیاوانیش لە ژێر ناوی خۆیاندا گوشارێکی زۆریان لەسەرە کە ئەم گوشارانە بریتیە لە چاوەڕوانی کردنی کاری قورس، فشار بۆ بە تەنیا بەڕێوەبردنی ژیان و خۆنەویستی بە بۆنەی بنەماڵەکەیەوەو زۆر شتی دیکە...
ڕەنگە زۆربەی ئێمە نەزانین بەڵام پیاوان لە زۆر بواردا لە ژنان مەترسی زۆرتریان لەسەرە، بۆ زانین و ئاگاداری زۆرتر لەم کێشانە ئەتوانین ئاماژە بکەین بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان کە بە پێی هێندێک ئامار: 
کوڕەکان دوبەرابەر زیاتر لە کچان توشی کێشەی لە دەستدانی کۆنتڕۆڵ و ئارام نەگرتن لە جێگەیێک دەبن و ڕێژەی دەست هەڵگرتن لە خوێندن لە پلەی دواناوەندی (دەبیرستان) لە نێو کوڕاندا زیاترە و نمرەی کوڕان لە کچان کەمترە، ڕێژەی خۆکوژی لە ناو کۆڕان دا چوار ئەوەندەی کچانە، ئەگەری چونە بەندیخانەی کوڕان زۆرترە لە کچان، کوڕان زیاتر لە کچان ئەبنە قوربانی تاوان و جینایەت، بە ڕادەیەک کە کۆڕان پێنج ئەوەندەی کچان بە هۆی خۆکوژی گیانی خۆیان لە دەست ئەدەن.
ئەمانە تەنیا بەشێک لە زۆربەی کێشەکانی پیاوانە کە ئەتوانین بە زانیاری وەرگرتن لەم بەشە یارمەتی دەرێکی بەرچاو بین بۆ چاک کردنەوەی کلتور و لێتێگەیشتنی زیاتریان.
ڕۆژی جیهانی پیاوان دەرفەتێکە بۆ پێزانین لە پیاوانێک، کە وەکو باوک، مێرد،برا، هاوڕێ و هتد.. 
تەواوی هەوڵی خۆیان داوە بۆ باشتر ڕۆڵ گێڕانی خۆیان لە ناو ژیاندا و بە دڵسۆزی و فیداکاری ڕەوتی ژیان باشتر ئەکەن.
پیاوانێک کە جێگەی خۆیان و جێگەی ژنان ئەزانن و هەوڵ ئەدەن تا بە ڕوانگەیەکی یەکسان و بەشێوەو ڕوانگەی ڕەگەزی هەنگاوەکانیان بۆ وەدیهێنانی ژیانێک بێ جیاوازی ڕەگەزی هەڵدەگرن و تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی مافی ژن داوەو لە هەموو کاتدا بەردەوام پشتیوان و هاندەری ژنانی ئازادی خوازن و لەم ڕێگەیە دا یارمەتی دەریان بوونە.
ڕێکه‌وت: 2020-11-19 19:20:51
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی