له‌سه‌رهێل 88
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
زیانەکانی ئینتەرنێت

ئاریا مەحمودی
لەم سەدەی دواییدا، تەکنەلۆجیا بەشێوەیەک بەرەو پێش چووە کە بەتەواوی شێوەی پەیوەندیکردنی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە گۆریوە، ئامێری چاپ و تەلەگراف و تەلەفۆن و رۆژنامە و تەلەفزیۆن، ئەو تەکنەلۆجیایانەن کە جیاواز لەوەی هۆیەكی پێوەندی گرتن و زانیارین لە هەمانكاتدا سەرچاوەی شۆرشی کۆمەڵایەتین و ئێمە لە ئێستادا لە شۆرشێکی بەربڵاو و هەمەلایەنداین كە سەرەتای دەستپێكردنی لە ساڵی ۱۹٦۲دا بە شێوەیەکی سادە دەستی پێکرد، ئەویش بەستنەوەی کۆمپیتەرەکان و ئینترنێت بوون بەیەکەوە،كە ئەمرۆش بەهۆی کۆمپیتەرو مۆبایل و تەکنەلۆجیاکان زیاتر لە ۳ مڵیارد کەس لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەکتر.
بێگومان كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە شۆرشێکی خێرای زانیاری گواستنەوەو پێوەندی كردن تێدەپەرێ کە لە چاو ڕابردوو دا زۆر زووتر لەوەی کە چاوەڕوانی دەكرا شتەکان دەزانین بە جۆرێك كە بە پێی ڕاپرسیەکی جیهانی، خەڵک ئینتەرنێت بە گرنگترین پێداویستی رۆژانەیان دادەنێن. لەگەڵ ئەو خاڵە باشانەشدا، مەترسیەکانی هۆكانی پێوەندی گرتن و زانیاری گواستنەوە کەمتر دیارن و زیاتر شاراوەن. بە داخەوە لە ئێستادا خەڵک گرینگیدان و گەڕان لە ئینتەرنێتیان لە کتێب پێ باشترە لە حاڵێكدا بەهۆی ئینتەرنێتەوە ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان لە ژێر هەرەشەدایەو هەزاران فایلی کووکی ناو (هارد دیسکەکەت)ئاشكرا دەبن و مۆبایلەکانمان هەموو ٥ چرکە جارێک زانیاری(داتا ) لەبارەی جموجووڵەکانمانەوە ئاشكرا دەکەن تەنانەت ئەوکاتانەشی کە بە رواڵەت کوژاونەتەوە. مەترسییەکی تری ئینتەرنێت ئەوەیە کە بە هۆیەوە تاوانەکان زیاتر بوون و لە کۆنترۆڵ دەرچوون چونكە لەناو ئەوانەی كار بە ئینترنێت دەكەن كەسانێكیان تێدایە كە دەسترێژی و سوکایەتی کردن بە بەرانبەرەكەیان كردۆتە كاری ڕۆژانەیان. ئینتەرنێت کۆمەلێک دیاردە دەخاتە بەردەمت کە توانای ڕوبەروبوونەوەیانت نییە بۆ نموونە بەهۆی ئینتەرنێتەوە تۆ ناتوانیت پەیووەندییەکی قووڵت لەگەڵ دایک و باوکتدا هەبێت، ناتوانیت رەخنەگرانە بیربکەیەوە. ئینتەرنێت دەبێتە هۆی پچراندنی پەیوەندییەکانمان و وات لێدەکات کە بێزار و بێبەرهەم ببیت و نەتوانی هۆشیار ببیتەوە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی باش منداڵەکانمان پەروەردە بکەین و هەروەها لە مەترسیەکانی ئەم ئامرازە ترسناکە ئاگاداریان بکەینەوە و دووبارە پەیوەندی لەگەڵ دونیای سروشتیدا دروست بکەینەوە.
ڕێکه‌وت: 2020-12-12 19:28:53
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی