له‌سه‌رهێل 100
پێنچ شه‌مه‌ 26 خاکه‌لێوه‌ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بەبۆنەی ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان

كاك بابەشێخ حوسێنی، سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبای بڵاو كردەوە، ئەوەش دەقی پەیامەكەیە:
پیرۆزبێ‌ بۆنەی ساڵڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان 
هاونیشتمانیانی كوردستان!
خەباتكارانی رێگەی ئازادی و ڕزگاری!
لە مێژووی خەباتی مافخوازانەی خەڵكی كورد لە كوردستانی ئێران، چەندین بۆنەو یادی مەزن و درەوشاوە هەن كە هێماو پێناسەی نەبەزی و خۆڕاگری و بەردەوام بوون لە تێكۆشانە تا گەیشتن بە رزگاری.
یەكێك لەو ڕۆژو یادە بەرزانە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری مەهاباد لە لایەن شەهید پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆك كۆمار بوو.
ئەگەرچی ئاڵای كوردستان تەنیا لە چەندین شارو ناوچەی كوردستان هەڵكرا،بەڵام بۆ هەموو خەڵكی كورد جێگەی دڵخۆشی و هومێدو شانازی تێكڕای هاونیشتمانیان بوو.
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەرز ڕادەگرین كە دەسەڵاتی جینایەتكارو ملهوڕی ئاخوندەكان لە ئێران، سەركوت و چەوسانەوەی هاونیشتمانیانی كوردی پەرە پێداوەو جینایەت ،ترۆری تیكۆشەران و زیندانی كردن، شكەنجەو ئیعدامی بێ‌ تاوانانی زیاتر كردووە. دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی بە خەیاڵی خۆیان پێیان وایە بە كوشتن و هەڕەشەو ترۆری تێكۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و سەركوتی هاونیشتمانیان لە كوردستان و تێكڕای خەڵكی ئێران، دەتوانن كۆتایی بە ناڕەزایەتی و خەباتی مافخوازانەی خەڵكی كوردو تێكڕای نەتەوەكانی ئێران بێنن، بەڵام بە پێچەوانەی ویستی دەسەڵاتدارانی ڕژیم، جەماوەری وەزاڵەهاتوو كە بە تەواوی لەو دەسەڵاتە بێزارن و ئەو هەڕەشەو سەركوت و ئیعدامانە نەك كار ناكاتە سەر ورەی بەرزیان، بەڵكو ڕق ئەستورترو بە بڕواتریان دەكا لە خەبات و تێكۆشان لە دژی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرو ستەمگەرە.
لە یادی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە 26 ی سەرماوەز، سڵاو درود دەنێرم بۆ رۆحی پێشەوا قازی محەممەدو تێكڕای ئەو تێكۆشەرانەی كە 75 ساڵ لەوە پێش لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەوریان گێڕاوە.
بابەشیخ حوسەینی
26ی سەرماوەزی 1399 كۆچی خۆری
ڕێکه‌وت: 2020-12-17 09:39:21
به‌شی ( سکرتێری گشتی )





دیمانه

سیاسی