له‌سه‌رهێل 57
چوارشه‌مه‌ 26 جۆزه‌ردان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەرێوەچوونی كۆبوونەوەیەكی سیاسی بۆ ئەندامانی سازمانی خەبات لە دەرەوەی ووڵات

 ئۆرگانی ڕێكخستنی سازمانی خەبات لە وولاتانی ئوروپایی و ووڵاتانی دەرەوە، كۆبونەوەێكی بۆ ئەندامانی سازمان لە گەڵ سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بەرێوە برد.
رۆژی شەممە 13ی بەفرانباری 1399ی ك خ بەرامبەر بە 2ی ژانویەی 2021، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2021ی زایینی، كاك بابەشێخی حوسەینی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات لە گەڵ بەشێك لە ئەندامانی سازمانی خەبات لە وەڵاتانی ئوروپایی بەشێوەی ئۆنلاین كۆبۆوە. 
بەرێز كاك بابەشێخ لەو كۆبوونەوەدا تیشكی خستە سەر رووداو پێشهاتە جیهانی، ناوچەیی، ئێرانی و كوردستانیەكان و راو و بۆچوونی خۆی لەو بارەوە بۆ بەشداربووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.
سكرتێری گشتی لەبارەی رووداوە جیهانیەكان تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و سیاسەتی ئەو وەڵاتە لە چوار ساڵی رابردوودا و كاریگەریە خراپەكانی لەسەر دۆخی جیهان و كەڵكی خراپی هەندێ وەڵات لەو پیوەندیە خراپانەی زلهێزەكان وتی: لە چوار ساڵی رابردوودا سیاسەتی ئەمریكا هەڵەی زۆری هەبوو لە پێوەند بە ساخ بوونەوە لەسەر كێشە و گرفتە سیاسی و ئابووریەكان، حكومەتی ترامپ ئەگەر چی سیاسەتی دروستی لە حاست رژیمی ئاخوندی پەیرەو كرد و فشاری ئابووری و سیاسی زۆری خستەسەر ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە بەڵام لە پێوەند بە سیاسەتی نێونەتەوەیی، هەوڵی دا هەموو كارەكان بەبێ گەرانەوە بۆ زلهێزەكانی دیكە و هاوپەیمانە سەرەكیەكانی تاك لایەنە چارەسەر بكات ئەوەش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر ئەوەی زۆرێك لە كێشەكان نەك چارەسەر نەكری بەڵكوو كەلێنی قوڵتر لە پێوەندی زلهێزەكان بە گشتی و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی دروست بكات. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وەڵاتێكی وەكوو توركیە كەڵكی خۆی لێوەرگرێ و دەستێوەردانی زیاتر لە وەڵاتاندا بكات، یان ئەوەی وەكوو پێویست نەتواندرێ بەربەست بۆ سیاسەتی پاوانخوازانەی رژیم لە ناوچەكەدا دروست بكرێ و هەر وەك دەبینین رژیمی ئاخوندی ئیستاش درێژە بە دەستێوەردان و خراپەكاری لە وەڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەدا دەكات.
هەروەها لەپێوەند بە ئاڵووگۆڕی دەسەڵات لە ئەمریكا بەرێزیان وتی: ئەگەر بایدەن بچێتە كۆشكی سپی راستە وەكوو ترامپ نابێ لە راست رژیم بەڵام ناتوانێ پەیرەو سیاسەتی ئوبامایش بێ چوونكە دۆخی ئێستا لەگەڵ سەردەمی ئوباما زۆر گۆڕاوە. لە ئێستادا وەڵاتانی ئوروپاییش لەسەر بەرنامەیی ناوكەیی رژیم هەڵوێستیان نزیكە لە ئەمریكا و پێیان وایە پێویستە رژیم زیاتر دەست و پێی ببەسترێ بۆ ئەوەی نەتوانێ درێژە بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكیەكانی بدات.
لە پێوەند بە خۆرهەڵاتی ناوەراست كاك بابەشێخ ووتی: بە پێچەوانەی چەند دەیەی رابردوو لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا دۆخێكی نوێ هاتووە ئاراوە. رەوتی ئاشتی نێوان وەڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل پێشكەوتنی مێژوویی بە خۆوە دیوە. پێوەندی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل تا دێ باشتر و باشتر دەبێ و هەتا دێ وەڵاتی زیاتری عەرەبی پەیوەستی ئەو رەوتی ئاشتیە دەبن. ئیسراییل لەگەڵ هەندێ لەو وەڵاتانە هەتا پەیمانی سەربازی چوونە پێش، هاوكات عەرەبستان و قەتەر كە دوو وەڵاتی گرینگی عەرەبی و كەنداون خەریكی ئاسایی كردنەوەی پێوەندیەكانیانن. ئەوانە كاریگەری راستەوخۆیان دەبێ بە زیاتر گەمارۆدان و گۆشەگیر كردنی رژیمی ئاخوندی.
سەبارەت بە ئێران سكرتێری گشتی سازمانی خەبات ووتی: دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو وەڵاتەیان بەهۆی سیاسەتی هەڵە و نەزانانە و دژە خەڵكی رووبەرووی دۆخێك كردووە، كە كەمتر وەڵاتێكی جیهان دەبیندرێ دۆخی بە قەد ئێرانی ئاخوند لێدراو خراپ بێ. ئێران كە وەڵاتێكی دەوڵەمەند بە كانزا، نەوت و گاز و ئاوە، داهاتەكەی لەلایەن دەسەڵاتەوە خەرجی بەرنامە گەلێك دەكرێ كە هیچ سوودێكیان بۆ خەڵك نیە بەڵكوو خەلكی ئێران بەهۆی ئەو بەرنامانەوە تووشی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر بوون و بەدەست هەژاری و نەداریەوە دەنالێنن.
رژیمی ئاخوندان داهاتی خەڵكی ئێران خەرجی بەرنامەی ناوكەیی و مووشەكی و پۆشتەكردنی هێزی سەركوت دەكەن، هەروەها رژیم رێژەیەكی زۆر و بەرچاوی داهاتی خەڵكی ئێران خەرجی ساز كردن و پەرەپێدانی هێزە تیرۆریستیەكان دەكەن. وە هەروەك بەرپرسی ئەو هێزە تیرۆریستیانە لێرەولەوێ ئیشارەی پێ دەكەن، رژیم ساڵانە بە ملوێنان دولار پووڵ دەدا بەو هێزانە. وێڕای پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی و پشتیوانی لە دەستەو تاقمە تیرۆریستیەكان كە بارگرانیەكی زۆری دروست كردووە بەسەر خەڵكی ئێرانەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران هەر باند و دەستەیەكیان ئەوندەی بۆیان دەلوێ لە ئەمواڵی خەڵك دزی دەكەن و وەكوو دەگوترێ رژیمی ئێران تەنیا دەسەڵاتێكە كە پیلانی جۆراوجۆر دادەرێژێ‌ بۆ دزی پووڵ و ماڵی خەڵك و بەتاڵ كردنی سفرەی خەڵكی ئێران. 
ئەو دەسەڵاتە بە هۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و دەستێوەردان لە ناوچەكە كەوتووەتە ژێر فشاری هێزە ناوچەیی و جیهانیەكان و لە ناوخۆی ئێرانیش خەڵكی ئەو وەڵاتە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بێزرا و نەخوازراو دەبێ و جەماوەری ئەو وەڵاتە لە هەر كاتێكی دیكە ئامادەن بۆ راپەرین و ئینقلابێك كە كۆی پێكهاتەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە لەناوبەرێ.
لەبارەی دۆخی بەشەكانی كوردستان و بزوتنەوەی مافخوازانەی ئەو بەشانە كاك بابەشێخ وتی: بەداخەوە دۆخی بزوتنەوەی مافخوازانەی بەشەكانی كوردستان لەچاو چەند ساڵی رابردوو جۆرێك پاشەكشەی پێوە دیارە و ئەوەش بەشێكی خەتاكەی دەگەریتەوە سەر خۆمان كە وەكوو كورد نەمانتوانیوە كەڵك لە دەرفتەكان وەرگرین.
سەبارەت بە كوردستانی توركیە بەرێزیان ووتی: چەند ساڵ لەوەپێش لە هەڵبژاردنەكاندا هەدەپە وەكوو كورد دەنگێكی زۆری هێنا دەیانتوانی لەو دەرفەتە كەڵك وەرگرن و بەشداری لە حكومەتدا بكەن بەڵام بە رەد كردنەوەی ئەو داوایە تەوژمی دژمنایەتی ئاك پارتی و نژاردپەرستەكانیان زیاتر لە دژ هاندرا، لە گەڵ ئەو ڕاستیەی كە لە بنەرەتدا ئاك پارتی مەبەستی ئەوە نەبوو بە یەكجاری كێشەی كورد چارەسەربكا. لە كوردستانی توركیە بزوتنەوەی كورد ئەگەر چی چالاكە، بەڵام بە هۆی فشارەكانی حكومەتی توركیەو دابەش بوونی جەماوەری كورد بە سەر دوو بەرەدا كە بەشێك نەیاری دەسەڵاتن و بەشێكی لایەنگری لە دەسەڵات و حیزبەكەی ئوردوغان دەكەن. لە هەڵبژاردنەكاندا لەو شارەوانیانەی هەدەپە سەركەوتنی بەدەست هێناوە بێ دەسەڵات كراون، پەرلەمانتارە كوردەكان بەجۆرێك دەنگیان كپ كراوە. بزوتنەوەی بەرنگاربوونەوەی ئەو پەشە كە پەكەكە پێشەنگایەتی دەكات توانای و هێزی لەگەڵ حكومەتی ئوردوغان بەراورد ناكرێ و توانای بەرگری كارای لە ناوخۆی كوردستانی توركیە دا نیەو لە ئێستادا توركیە لە دەرەوەی سنوورەكان شەڕی پەكەكە دەكات.
سەبارەت بە كوردستانی عێراق بەرێز سكرتێری گشتی تیشكی خستەسەر هەندێ دۆخی تازە و مەترسیدار لەسەر هەرێمی كوردستان و وتی: بزوتنەوەی كورد لە كوردستانی عێراق لە دوای راپەرینی 1991 بەدواوە وەكوو نوقتە ئومیدێك بووە بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان، بە دروست بوونی حكومەتی هەرێم و پارلەمانی كوردستان و سەركەوتنەكانی ئەو بەشە لە كوردستان پرسی كوردیان بە گشتی و بەتایبەت لە كوردستانی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو پێشخست، لەدوای روخانی حكومەتی بەعس و دامەزرانی حكومەتی نوێی عێراق و سەلماندنی مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی كورد لە دەستووریی هەمیشەیی ئەو وەڵاتە و بەتایبەتی تر لە كاتی شەڕی داعش دا پرسی كورد لە كوردستانی عێراق لە كۆمەڵی نێونەتەوەییدا بەشێوەیەكی بێ وێنە رەنگی دایەوە و پشتیوانی بۆ كۆبووەوە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی كەمتەرخەمی و تەزاد و درز و كەلینی نێوان ئەحزاب و كێشە ئابووریەكان، لەو لاشەوە پیلانی بەردەوامی دژمنان و بە تایبەت ڕژیمی ئیران بۆ لەبار بردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، وەك دەبینین هەوڵی جۆراوجۆر لە ئارادایە بۆ لە قاڵبدان و پاشەكشە بە مافە دەستووری و سیاسیەكانی كورد لەو بەشە. باشترین هەنگاو لە ئێستادا ئەوەیە كە ئەحزابی كاریگەر و سیاسی ئەو بەشەی كوردستان بە یەكیەتی و برایەتی بەرەوڕووی پیلانی دژمنان ببنەوەو پارێزگاری لە دەستكەوتەكانیان بكەن.
كاك بابەشێخ لە پێوەند بە پرسی كورد لە كوردستانی سوریە وتی: لە دوای كێشە نێوخۆییەكانی سوریە كورد توانی دەست بەسەر ناوچەكانی خۆیدا بگرێ و ئاگری شەڕ لەو ناوچانە بەدوور بێ. لە دوای شەڕی داعش و هێرشی ئەو گروپە تیرۆریستیە بۆ سەر ناوچە كوردیەكان و بەتایبەت شاری كوبانێ‌ و بەرگری و دیفاعی بێ وێنە رۆَلەكانی كورد ئەو شارەی كردە نمونەی بەرخۆدان و مقاومەت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاندا بەدەم كوبانێ و كورد بە گشتی لە سوریە بچن لە بەرامبەر تیرۆریستاندا پشتیوانیان لێ بكەن. لە كۆبوونەوەكانی ئاستانەیش هەوڵدراوە نوێنەری كورد بوونی هەبێ و مافەكانی لە سوریەی داهاتوودا بسەلمێندرێ. لە ئێستادا كوردستانی سوریە كەوتووەتە بەر پەلاماری توركیە و گروپەكانی سەر بەو وەڵاتە.
سەبارەت بە كوردستانی ئێران سكرتێری گشتی سازمانی خەبات وتی: پرسی كورد لە كوردستانی ئێران تا ئێستاش نەیتوانیوە ببێتە مێحوەر و خاوەن سەنگ و قورساییەكی ئەوتۆ كە خەڵك و خۆمان چاوەروانیمان هەیە. بەشێك لەم دۆخەی بۆ كوردستانی ئێران خولقاوە دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی سەركوت و پیلانی جۆراوجۆری ئەو رژیمە دژ بە كورد و بە هەژار هێشتنەوەی ناوچە كوردستانیەكان. لەلایەكی دیكە بزوتنەوەی مافخوازانەی كورد لە كوردستانی ئێران تووشی تاراوگەنشینی و قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە هەر بۆیە نەیتوانیوە ئەركانی بەو جۆرەی پێویستە ئەنجام بدات.
بەڵام وێڕای هەموو ئەوانە بە خۆشیەوە خەڵكی ئێمە لە ناوخۆ خاوەن هوشیاریەكی سیاسی و نەتەوەیی زۆر باشە و وەك دەبینین چالاكانی ناوخۆ وێڕای بەربەستەكانی حكومەت توانیوانە لە مەیدانە جیاجیاكان خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانەكەیان بكەن. ئومێد دەكرێ لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێك كە چاوەروان دەكرێ لە ئێراندا بێتە پێشەوە چالاكانی ناوخۆ بتوانن بە هاوكاری ئەحزابی سیاسی دەستكەوتی سیاسی بۆ نەتەوەكەمان وەدەست بێنن و بیپارێزن.
سكرتێری گشتی لە سەر هەلومەرجی سازمانی خەبات و سیاسەتی لە حاست پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان، پێداگری لە سەر بڕیاری سازمانی خەبات بۆ چالاك كردنی هاوكاری و هاودەنگی لە نێوان هێزەسیاسیەكانی كوردستانی ئێران كردەوەو، بە بەشدارانی كۆبونەوەكەی ڕاگەیاند كە سازمانی خەبات بۆ هاوكاری و كاری هاوبەش لە چوارچێوەی جوڵانەوەی مافخوازنەی خەڵكی كوردستان و بۆ ڕوبەروبونەوەی ڕژیمی دیكتاتۆر لە ئێران بە تەواوی تێ‌ دەكۆشێ‌.
لە پێوەند بە خەبات لە بەرانبەر ڕژیمی ئێران، سكرتێری گشتی لە سەر بەردەوام بوونی چالاكی و تێكۆشان لە پێناو ڕوخانی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرەو هاتنە سەركاری حكومەتی دیموكراتیك كە مافی تێكڕای نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران دەستەبەر بكات تێ‌ دەكۆشێ‌.
لە كۆتایی باسەكەی كاك بابەشێخ ژمارەیەك لە بەشداران كۆمەڵێك پرسیاریان بەرەورووی سكرتێری گشتی كردەوە و لە لایەن بەرێزیانەوە وەڵام درانەوە.

ڕێکخستنی دەرەوەی سازمانی خەبات
13ی بەفرانباری 1399







 

 
ڕێکه‌وت: 2021-01-04 08:53:18
به‌شی ( چالاکیه‌کان )





دیمانه

سیاسی