له‌سه‌رهێل 77
شه‌ممه‌ 24 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر کوشتنی ئه‌م دواییه‌ی چه‌ند ئافره‌تێک له‌ژێر ناوی (کوشتنی ناموسی)

ئامادەكردنی: شایستە محەممەدی
لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا هه‌ر یه‌ک له‌ سه‌رگوڵ حه‌بیبی"تەمەن ٣١ ساڵ له‌ شاری سنه‌، وەفا عەبدوڵڵازادە" تەمەن ٤۳ ساڵ له‌ شاری سەردەشت، گه‌هواره‌ خەڵکی پارێزگای کرماشان و هه‌روه‌ها ژنێکی تەمەن ۲۲ ساڵان خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دێهلۆران" به‌ بیانوویی ناموسی له‌لایه‌ن هاوسەر و براکانیان کوژراون. ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌ کوردستانی ئێراندا، جارێکی دیکە باسی توندووتیژی دژی ئافرەتانی ورووژاندۆتەوە.
به‌رپرسان و ناوه‌نده‌کانی سه‌ر به‌ڕژیم هیچ کات دژی ئه‌و ڕه‌وته‌ دژه‌ ئینسانیه‌ نه‌وه‌ستاون و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بکوژان زوو له‌ بەندیخانە ڕزگار بکرێن و له‌ ژێر ناوی پاراستنی شه‌ره‌ف و نامووسی بنه‌ماڵه‌کانیان کار ئاسانیان بۆ ده‌که‌ن که‌ زوو ئازاد بن و ته‌نانه‌ت زۆرێک له‌و بکوژانە قەت سزا نادرێن. 
هۆکاری کوشتنی سەرگوڵ حەبیبی" لە لایەن دوبراکەی تەنیا بە هۆی شەرەف و ناموس تۆمار کراوە، و بە پێی بەڵگەکان ئەو سێ ئافرەتەی دیکەش هەر بەو بیانووە كوژراون.
ناسنامەی ئەو ئافرەتە کە خەڵکی دێهلۆرانە و گەهوارە" بەتەواوی دیارنیە و هەروەها هۆی کوشتنیان کێشەی بنەماڵەیی لەقەڵەم دراوە، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە کەسانی نێزیکیان دەستکەوتوون، بە بیانووی نامووس کوژراون.
پێویسته‌ کۆمه‌ڵگە و خه‌ڵکی ڕۆشنبیری کوردستان دژی ئه‌و دیارده‌ قێزەونه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ و نه‌هێڵن که‌ ئافرەتان ببنە قوربانی دەستی برا و باوک و هاوسەرەکانیان. 
چارەنووسی ڕەشی وەفا و سەرگوڵەکان، دەرخەری ئەو ڕاستیه‌یه‌ كە ئەو یاسا پیاوسالارانەی لەکۆمەڵگەی کوردستان زاڵە وهەمووکات دژی ئافرەتان بووە و هەروەها نەبوونی سیستمێكی پاڵپشت و پشتیوان بۆ ئافرەتان، لە ئێرانی بندەستی ئاخوندان دا نیشان دەدات.
نه‌بوونی یاسای بەرابەر، دواکه‌وتوویی و نائاگاهی لە مافی تاکەکان، له‌ ناو ئه‌و بنه‌ماڵانه‌دا، وای کردووه‌ که‌ ئافره‌‌تان له‌ ژێر فشاری توندووتیژی ڕەوانی، جنسی وجەستەییدا بن و بە بێدەنگی ناچار بە قەبوڵكردنی ئەو زوڵم و ستەمە بکرێن. زۆربەی ئەم ئافرەتانە لەلایەنی دەروونیەوە، کەسایەتیان لەناو دەچێت و دوایه‌ش بە دەستی یەکێک لە نزیکەکانیان دەکوژرێن و لەژێر ناوی خۆکوژی (ژن كوژی زۆرە ملێ) و کوشتنی ناموسی په‌رده‌ پۆش ده‌کرێن. 
چەند ئافرەت كە وەفایان دەناسی دەڵێن: وەفا لە گەڵ پیاوێک هاوسەرگیری کردبوو کە خیانەتی لێ دەکردو لە گەڵ ئافرەتانی دیکە پەیوەندی هەبووە و هەر جارێك کە ناوبراو لە خیانەتی مێردەکەی ئاگادار ئەبوو، مێردەکەی بە لێدان بێدەنگی دەکرد. وەفا لەلایەنی دەرونی و جەستەییەوە ئازار و ئەزیەتی زۆری چێشتبوو.
دوساڵ لەمەو پێش وەفا بەهۆی ئەوەی فیشەکی بەرکەوتبوو گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، و خۆی باسی لەوە كردووە كە ویستویەتی خۆی بکوژێ، بەڵام کەسانی دەورووبەری لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە تەقەی لێ کراوە و لەماوەی یەک مانگدا کە لە نەخۆشخانە بوو، کەس سەردانی نەکردووە و هەروەها بەهۆی ئەوەی کە پارەی نەخۆشخانەی نەبووە ڕێگەی پێنەدراوە بێتە دەرەوە و تەنانەت مێردەکەی نەیهێشتووە منداڵەکانیشی ببینێ.
وەفا کە زانی ئەم ژیانە ناخۆشە بەردەوامه، بڕیاری جیابوونەوەی دا. هەرچەند ده‌یزانی دوای جیابوونەوە مافی دیتنی منداڵەکانی نیە و بنەماڵەکەی و یاسا بە ڕاشکاوی دژایەتی دەکەن، داوای جیابوونەوەی کرد و له‌گه‌ڵ که‌ندوکۆسپه‌کان بڕیاری ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی دا. پاش جیابوونەوە له‌گه‌ڵ دایکی ژیانی دەکرد کە دایکیشی بە هۆی نەخۆشی کۆڕونا گیانی سپارد و دوای ئەوە بە تەنیا ژیانی دەکرد.
دوای ماوێک لە ڕۆژی ۱٨ی سەرماوەز، لە بەرده‌م ماڵەکەی دا ته‌قه‌ی لێ کرا و کوژرا. ئەگەرچی تا ئێستاش بکوژی وەفا نەناسراوە، بەڵام دراوسێکانی بێ هیچ گومانێک دەڵێن کاری براکانی بووە، هەروەها ئەوەی کە براژنێکی دووگیانی وەفا، به‌هۆی توندووتیژی و لێدانی له‌ لایه‌ن مێرده‌که‌یه‌وه‌ خۆی ده‌خنکێنێ و گیان له‌ده‌ست ده‌دات، گومانەکان زیاتر دەکات. 
دوای کوشتنی وەفا، هیچکام لە هەواڵدەریەکانی سەردەشت بەهۆی هەڕەشەی مامۆی وەفا، هیچ هەواڵێک سەبارەت بە کوشتنی ناوبراویان بڵاو نەکردۆتەوە.
سەرگوڵ حەبیبی ژنێکی دیکەیه‌ کە بۆته‌ قوربانی کوشتنی ناموسی. ناوبراو کە بە تاوانی پەیوەندی ناشه‌رعی لە کەڵانتەری بوو، لەلایەن دادوەر دراوه‌تە براکانی و دوای دانه‌وه‌ی، براکانی ده‌یبه‌ن بۆ گوندێکی نێزیک شاری سنەو بە لێدان و چەقۆ لەت لەتی دەکەن.
سەرگوڵ کاتێک کە ۱٦ساڵی بوو باوکی دەمرێ و دوای مردنی باوکی، براکانی سەرگوڵ ناچاردەکەن ببێتە هاوسەری پیاوێک کە هیچ هەست و سۆزێکی بۆی نەبووە و دوو منداڵی دەبێ. سەرگوڵ بە پێچەوانەی وەفا نه‌یده‌ویست جیا ببێتەوە لەبەر ئەوەی ده‌یزانی یاساکان بە ڕوونی دژی ئافرەتانن و مێردەکەی ده‌یتوانی منداڵەکانی لێ بستێنێ. 
لە پەیوەند بە گەهوارە تەمەن ۲٦ ساڵ بە پێی زانیاریەکان هاوسەرەکەی بەلێدان ومستێکی زۆر توند لە سەری ئەدات که‌ له‌ کۆتاییدا دەبێتە هۆی ئەوەی گەهوارە بێهۆش ببێ و دواجار گیان دەسپێرێ. 
ئەم کوشتنانە دەرخەری ئەوەن کە هەمووکات بنەماڵە جێگەیه‌کی ئەمن بۆ ژنان نیە و بە هۆی کلتوور و بیرکردنەوەی کۆن و هەڵە، یاسای دژی ژن کە زاڵ بووە بە سەر زۆربەی بنەماڵەکان و نەبوونی یاسای چاودێری کردن لە سەر بنەماڵەکان، ژنان لە هیچ بواڕێک دا ئەمنیەتیان نیە. 
دەسپێڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پەروەردە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ڕۆشنبیری ژنان بچێتە سەرەوە و زۆربەی ژنان لە مافە ڕەواکانی خۆیان ئاگادارن و ئاڵوگۆڕ بە سەر ژیانی خۆیان دەهێنن. 
ڕەوتی سیستەم و سیاسه‌تی ڕژیمی ئاخوندی کار لە سەرجیاوازی دانان له‌ نێوان ڕه‌گه‌زه‌کان دەکا و زاڵکردنی بیر و هزری پیاو سالارانە، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ پیاو خاوەن بڕیار و ژنانیش پیشه‌یان ده‌بێ ته‌نها ماڵداری بێ. 
نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان بە تایبەت لە چینی هەژار و نیشتەجێ لە ناوچە دوردەستەکان بۆتە قەیرانێکی چارەسەرنەکراو وسەربەخۆ نەبوونی ئافرەتان لەبواری ئابووری بۆتە بەربەستێکی گەورە. هێزەکانی پۆلیس نەتەنیا ئەمنیەتی ئافرەتان ناپارێزن تەنانەت بوونەتە هۆی نائەمنی ژنان لە نێو کۆمەڵگە و بنەماڵە و زۆربەی کات خۆیان ژنان تاوانبار دەکەن و سزایان ئەدەن و پیاوان هان ئەدەن و وایان پەروەدە ئەکەن کە ناموس پەرەست بن و ژنانیش بە ناموسی پیاوان بزانن. 
بەڵام کە ئێستە ئاستی زانیاری ژنان بەرز بۆتەوە و ژنان ئامادەنین لە بەرانبەر دەسەڵاتداری پیاوان، بێ دەنگ بن.
پێویسته‌ خه‌بات و تێکۆشانی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و هه‌روه‌ها خه‌باتی ناوه‌ند و کۆمەڵانی مافی مرۆڤ بەردەوام بن لە بنبڕکردنی تاوان و جینایه‌ت دژ به‌ ژنان، و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ژنان و کۆمه‌ڵگە له‌گەڵ مافی ژنان ئاشنا بکرێن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ نه‌درێ که‌ ژنان ببنه‌ قوربانی.
ڕێکه‌وت: 2021-01-06 07:42:06
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی