له‌سه‌رهێل 23
پێنچ شه‌مه‌ 14 ره‌شه‌مه 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان: پێكوتەی خێرای خەڵک دەست پێ بکەن!

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری دەسپێکردنی بەپەلە و گشتگیری پێكوتەی خەڵک لەهەموو ئێران بوون.
لەو ڕاگەیەندراوە دا وێڕای ئاماژە بە هەوڵی فیداکارانەی پەرەستاران، پزیشکان وکادری نەخۆشخانەکان، ڕەخنەی لە بڵاوكردنەوەی ئامارە ناڕاست و درووستکراوەکانی ڕۆژانەی دەسەڵات، و لێنەهاتوویی سیستەمی تەندرووستی دەسەڵات بۆکۆنتڕۆڵكردنی ئەم نەخۆشیە، گرت.
ئەو كەسانەی ئەم ڕاگەیەندراوەیان واژۆ كردووە، باس لە هەلومەرجی قەیراناوی تووشبووان و قوربانیانی کۆڕۆنا دەکەن کە بەشێک لە خوێندکاران ومامۆستایان وخانەنشینان لەخۆ دەگرێت و نووسیویانە: لەم دۆخە ئەستەمەدا و لەکاتێک دا کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، پڕۆسەی لێدانی پێكوتەی كۆڕۆنایان دەست پێکردووە، لە وڵاتی ئێمە بەبێ بوونی هیچ بەڵگە و پێوەرێكی زانستی و دروست، پێكوتەی پەسەندکراوی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕەدکراوەتەو و بەڵێنی ئامادەبوونی پێكوتە لەمانگەكانی داهاتوو دا دراوە.
لەدرێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە: لەماوەی زیاتر لە ساڵێك لە تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا، هەزاران کەس لە هاووڵاتیانمان بوونەتە قوربانی ئەم نەخۆشیە کە لەنێویاندا ژمارەیەک لە قوتابیان، مامۆستایان، مامۆستایانی خانەنشین دەبینرێن، و هاوکات لێنەهاتوویی سیستماتیک و سیاسەتی هەڵەی ئابووری و گەمارۆکان و گەندەڵی گشتگیر، پشتی خەڵکی شکاندووە.
ئەمە لەکاتێدایە کە پێشتر بڕیاردەرانی وەزارەتی تەندرووستی، سیاسەتەکانی خۆی لەگەڵ سیاسەتەكانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی بەراورد دەكرد، لەئێستادا تەنانەت بە ئەرکی خۆیانی نازانن کە وەڵامێکی ڕوون بدەن بەخەڵك لە بەرانبەر چۆنیەتی سڕینەوەی پێكوتەی پەسەندکراوی ئەم ڕێکخراوە کە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان کەڵکی لێ وەردەگرن. 
داخستنی قوتابخانەکان، وێڕای هەوڵی مامۆستایان لە ڕێگای پەروەردەی ئۆنلاین وهەروەها بەردەوامی دووری خوێندکاران، هێندەی دیکە دۆخەکەی نالەبار کردووە، كە بێگومان لەم دۆخە دا و لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا، و تاکاتی دەسپێکردنی لێدانی پێكوتە، پەروەردەی ئۆنلاین باشترین ڕێگایە و دەبێ هەروا بەردەوام بین. 
پێویستە بڕیاردەرانی دەسەڵات، سەرنجی ئەوە بدەن کەبەردەوامی ئەم دۆخە قوربانیانی کۆڕۆنا زیاتر دەکات و فشاری ئابووری و دەروونی لەسەر کرێکاران و مامۆستایان زۆرتر دەکات و دەبێ وەکوو ئەم ماوەیە چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی،کوشتنی بنەماڵەیی، خۆکوژی کرێکاران،و لاوان ومێرمنداڵان بین. 
ئێمە وەکوو پێکهاتەیەکی پیشەیی ودامەزراوەیەکی مەدەنی، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە هۆشیاری بە بڕیاردەرانی دەسەڵات بدەین کە دەرئەنجامی دواخستنی پڕۆسەی لێدانی پێكوتەی بەپەلە و گشتگیر لە ئەستۆی ئەوانە، و پشنیار دەکەین کە هاوکات لەگەڵ ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، پڕۆسەی لێدانی پێكوتەی بەپەلە و گشتگیر جێبەجێ بکەن هەربەو جۆرەی کە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێ دەکرێ.


 
ڕێکه‌وت: 2021-01-15 09:43:17
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی