له‌سه‌رهێل 37
دووشه‌مه‌‌ 5 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
كۆت و بەندەكانی سەر رژیمی ئێران درێژەیان دەبێ؟!

عەلی بەهرامی
لە دوای 18 ساڵ نهێنی كاریی، بەرنامەی ناوكەیی رژیمی ئاخوندی لە ساڵی 2002دا لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتی ئێرانەوە ئاشكرا كرا، ئەوەش بووە سەرەتایەكی نوێ بۆ گەمارۆ و ئابڵوقە و فشاری نوێی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە. گەمارۆ و فشارەكان درێژەی كێشا هەتا سەركەوتنی باراك ئوباما بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2008دا، ناوبراو بە سیاسەتی (چۆماغ و هەویج) فشارەكانی سەر رژیمی ئێرانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریكا و بەتایبەت ئوروپا بەرێژەیەك پەرەپێدا كە دەسەڵاتی ئاخوندان بەتەواوی پەراوێز و گۆشەگیر كرابوو، كاریگەری فشارە ئابووری و سیاسیەكانی سەر رژیم زیاتر لە ناوخۆی ئێران و لەلایەن خەڵكەوە هەستی پێ دەكرا و ئەوەش وای كردبوو ناڕەزایەتیەكان كڵپەیان دەساند و ببوونە مەترسیەك بۆ سەر كۆی پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندان. كۆی ئەو فشارانە وای لە رژیم كرد مل بدات بە رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا و زڵهێزەكانی دیكە بە راگرتنی بەرنامە ئەتۆمیەكەی لە بەرامبەر كۆمەڵێك ئیمتیازدا.
بە رۆیشتنی ئوباما و چوونی دۆناڵد ترامپ بۆ كۆشكی سپی (كە یەكێك لە نەیارەكانی رێكەوتنی ئوباما لەگەڵ رژیمی ئێران و دانی ئەو هەموو ئیمتیازە مادیە بە دەسەڵاتی ئێران بوو) لە دوای چەند جار ئاگاداركردنەوەی رژیم بۆ پێداچوونەوە بە بەرجام بە مەبەستی رێكەوتنێكی بەرفراوانتر كە بەرنامەی مووشەكی رژیم و دەستێوەردانەكانی لە وەڵاتانی ناوچەكەش بگرێتەوە، لە رێكەوتنی بەرجام كشایەوە. بە كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ناكەیی لەگەڵ رژیم گەمارۆ و فشارەكانی ئەو وەڵاتە بە تەوژمێكی زیاتر بە سەر دەسەڵاتی ئاخونداندا سەپێندرایەوە. ئەو فشارانەی ئەمریكا توانی كاریگەری زۆر لەسەر ئابووری رژیم بەتایبەت كەرتی وزە، هەناردە و هاوردە، بورس، گواستنەوە دانێ بەشێوەیەك دراوی رژیم دارمانێكی كەم وێنەی بەخۆیەوە بینی و هەناردەكردنی نەوت و گازی ئەو رژیمەی بۆ ئاستێكی زۆر كەم دابەزاند و پێشی بە گەراندنەوەی قەرزەكانی بۆ ئێران گرت و رژیم بەتەواوی پشتی لەژێر باری ئەو فشارانەدا چەمابوو.
بە دۆڕانی دۆناڵد ترامپ و سەركەوتنی جارێكی دیكەی دیموكراتەكان و بەتایبەت جۆ بایدن رژیم دڵخۆشە بەوەی بتوانێ لەگەڵ ناوبراو بە رێكەوتنێكی نوێ بگات و فشارەكانی لەسەر نەمێنێ یان كەم بێتەوە.
رژیمی ئاخوندی وێڕای ئەو خەونەی، بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا بەمەبەستی ئەوەی لە وتووێژەكانی داهاتوودا ئیمتیازاتی زیاتر وەدەست بێنێ، دەستی داوەتە كۆمەڵێك كاری شەروورانەی وەك تاقی كردنەوەی فرۆكەی بێ فرۆكەوان، مووشەكی جۆراوجۆر، بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بۆ سەرووی 20 لەسەد، ئامادەكاری بۆ سازكردنی كانزای ئورانیۆم و پشتیوانی زیاتر لە حوسیەكانی یەمەن. ئەوەی روونە ئەوەیە جۆ بایدن پێی خۆش دەبێ بە رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ رژیمی ئاخوندی بگات و چارەسەری كێشە و سەرئێشەكانی ئەو رژیمە بەناوی خۆیەوە تۆمار بكات بەڵام هەلومەرجەكە بەو ساناییەی 2015 نیە چوونكە لەناوخۆی ئەمریكا دەنگە نەیارەكانی رێكەوتن لەگەڵ رژیم زۆر بەهێزن، هاوكات حكومەتی ترامپ كۆمەڵێك ئابڵوقەی ئابووری پێوەندیدار بە تیرۆریزمی بەسەر رژیمدا سەپاندووە كە لابردنیان بۆ بایدن حەستەم و قورس دەبێ. لەو لایشەوە رژیمی ئێرانیش هەنگاوی زۆری لە راستای پێشێلكاری بەرجام هەڵگرتووەو بەپێچەوانەی رابردوو كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت سێ هێزە ئوروپاییەكە (فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان) كە راگری بەرجام بوون لەوە دڵنیا بوونەتەوە كە رژیمی ئاخوندی بە پێچەوانەی ئیدیعاكانی پێشووی بەدوای چەكی ئەتۆمیەوەیە، هەر بۆیە نە بایدن دەتوانێ هەموو كۆت و بەندەكان لەسەر رژیم لابدات و نە رژیمیش لە ترسی كاردانەوەی لایەنگرە توندەرەو توندئاژۆكانی پاشەكشەی زۆر بكات یان پێملی هەموو ویستەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بێ. 
ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا رژیمی ئێران بەرەورووی دەبێتەوە، كەم بونەوەی كۆمەڵێكی کەم فشاری ئابووریە لەسەری و هەندێ ئاسانكاریە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی، بەڵام وەكوو وترا حكومەتی بایدن ئەوندەی بەربەست بۆ سازبوون كە لەبەر رای گشتی ئەمریكا ناتوانێ هەموو گەمارۆكان لابەرێ، مەگەر رژیمی ئێران بە تەواوی بچێتە ژێر باری ویستەكانی ئەمریكا بۆ واز هێنان لە پشتیوانی لە تاقم و گروپە تیرۆریستیەكان، كۆتایی هێنان بە دەستێوەردان و خراپەكاری لە وەڵاتانی ناوچەكە، كشانەوە لە عێراق و سوریە، كۆتایی هێنان بە دژایەتی كردنی ئیسراییل و هاوپەیمانە نوێكانی لە ناوچەكە، وازهێنان لە بەرنامە مووشەكی و ئەتۆمیەكانی یان لانیكەم بەو شێوەبێ كە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆی دیاری دەكەن، كە ئەمە بۆ رژیمی ئێرانیش حەستەم و قورس دەبێ چوونكە رژیمی ئێران چ بە ئیمتیاز و چ لەباری فكریەوە كۆمەڵێك شوێنكەوتەی بارهێناون كە رازی نابن بەو هەموو پاشەكشە.
كۆتایی قسە ئەوەیە كە رژیمی ئێران جارێ بەو جۆرەی ئاواتی دەخواست بۆی ناچێتە پێش چوونكە بەپێچەوانەی ترامپ، بایدن هاوڕایی و پشتیوانی ئوروپاییەكانی لەگەڵ دەبێ و ئێستا ئەوانیش خوازیاری رێكەوتنی نوێ لەسەر بەرنامەی ناوكەیی، مووشەكی و چالاكیە ناوچەییەكانی رژیمن. بەو پێیە هەتا كۆمەلگەی نێونەتەوەیی ئەو بەدەمەوە چوونە لە دەسەڵاتدارانی ئێران نەبینن و رێكەوتن نەیەتە ئاراوە، فشارە كەمەرشكێنەكان لەسەر ئەو دەسەڵاتە درێژەی دەبێ، لەوەها كاتێكدا هێرشی سەربازی و سایبری بۆ سەر بنكە ئەتۆمی و مووشەكیەكانی رژیمیش ئەگەرێكی چاوەروان كراو دەبێ.
ڕێکه‌وت: 2021-01-18 09:13:12
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی