له‌سه‌رهێل 95
پێنچ شه‌مه‌ 26 خاکه‌لێوه‌ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی پیرۆزبایی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی 75 ساڵڕۆژی كۆماری كوردستان!

جەماوەری ستەملێكراوی كورد!

خەباتكارانی ڕێگەی ئازادی!

پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و كەس و كاری شەهیدان!

پێشەكی بە بۆنەی حەفتاو پێنجەمین ساڵڕۆژی كۆماری كوردستان كە بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، پیرۆزبایی بە خوشك و برایانی كورد، خەباتكارانی ڕێگەی ئازادی، پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی خەباتكار و زیندانیانی سیاسی كە لە زیندانەكانی ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی كەوتونە بەر شكەنجەی جەستەیی و دەرونی، پێشكەش دەكەم. كۆماری كوردستان لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی و مافخوازی خەڵكی كوردستاندا، روناكی رۆژانی رەش و دەستكەوتێكی گەورەیە،كۆماری كوردستان ئاسۆی ڕوونی خەباتی ڕەوای خەڵكی كورستان ورەو باوەڕ بە خۆ بوون و هێمای نەسرەتن و هەستانەوەیە.

كۆماری كوردستان نیشاندەری زیندوویی دانیشتوانی كوردستان بە تێكڕای نەتەوەو زمان و دین وباوەڕەكانە. دامەزرانی كۆماری كوردستان لەو سەردەمەدا بە دروشمی پێكەوە حەوانەوە لە گەڵ تێكڕای خەڵكی ئێران، ئەو ڕاستیەی سەلماند كە كورد ئامانجی بە دەست هێنانی مافە ڕەواكانیەتی لە چوارچێوەی ئێران و هیچ كات نەیویستوە ببێتە هەڕەشەو مەترسی، بەڵام حكومەتی دیكتاتۆری حەمەڕەزا شا لە جیات سەلماندنی مافەڕەواكانی گەلی كورد لە ئێراندا،بە كێشە دروست كردن و هێرش بۆ سەر شارەكانی كوردستان و دەسەڵاتی كۆماری كوردستان، درێژەی بە جینایەتكاریی و پەیڕەو كردنی سیاسەتی دیكتاتۆری و هەوڵ بۆ فەوتانی گەلی كورد دا. لە كاتێكدا كە كۆماری كوردستان لە ماوەی نزیك بە یەك ساڵ تەمەنیدا بووە نمونەی پێكەوە حەوانەوەو ئاشتی و تەبایی لە نێوان چین و تۆێژەكانی كوردەواری و نەتەوەو باوەڕەكانی كوردستان.

سیاسەتە دژمنكارانەی حكومەتی حەمەڕەزا شا بۆ هەمیشە وەك خاڵێكی ڕەش بە سەر مێژووی دەسەلاتە دیكتاتۆرەكەی خانەوادەی پەهلەوی دەمێنێتەوە. ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی كە میراتگری ستەمگەری و جینایەتكاریی ڕژیمی شایە،لە ماوەی چل و دوو ساڵی دەسەڵاتیدا دڕندانەتر لە حكومەتی حەمەڕەزا دانیشتوانی كوردستان و تێكڕای خەڵكی ئێرانی خستۆتە ژێر ستەم و چەوسانەوە،بەڵام سەرەڕای ستەمگەری دەسەڵاتی ئاخوندەكان، تێكۆشان و چالاكی هاونیشتمانیانی كورد بەردەوامەو ستەم و ئیعدام نەیتوانیوە ببێتە هۆی پاشگەزبونەوەی دانیشتوانی كوردستان لە خەبات بۆ گەیشتن بە مافەڕەواكانیان و لە خەبات بۆ ڕوخانی ئەو ڕژیمە دیكتاتۆرو ستەمگەرە.

لە ساڵیادی دامەزرانی كۆماری كوردستان، داواكارم كە خاڵە ئەرێنی و بەكەڵكەكانی كۆمار بكرێنە سەرچاوە بۆ كارەكان و لە خاڵە لاوازەكانی بۆ كارو تێكۆشانمان بخەینە بەرچاو هەوڵ بدەین لە سەر بنەمای دروشمی گونجاو بە كردەوە هەنگاو هەڵگرین و درێژە بە تێكۆشان نیشتمانی و نەتەوەیی بدەین. بە بۆنەی ئەم یادە پیرۆزە داوا لە هێزیە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران دەكەم لە چوارچێوەی پلاتفۆرم و پڕۆژەێكی هەمەچەشنە كە دەستەبەری ئامانجە سەرەكیەكانی هەمووان بێ‌،پێكەوە لە پێناو وەدی هاتنی ویستەكانی دانیشتوانی كوردستان و ئامانجی شەهیدانی سوورخەڵاتی شۆڕشی مافخوازانە بۆ لە ناوچوون و ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی تێ‌ بكۆشین.

بڕوخێ‌ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی ئێران

سەركەوێ‌ خەباتی ڕەوای میللەتی كورد

لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەم

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران سكرتێری گشتی

بابەشێخ حوسەینی

٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ كۆچی خۆری
ڕێکه‌وت: 2021-01-21 18:23:53
به‌شی ( سکرتێری گشتی )





دیمانه

سیاسی