له‌سه‌رهێل 91
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ووڵاتی بێ‌ قانوون و دەسەڵاتی ستەمگەر

شنە كوردستانی
رۆژی شەممە 4ی بەفرانبار، سەربازێكی ڕژیم لە لایەن ئەسغەر عەنابستانی نوێنەری شاری سەبزەوار لە مەجلیسی ڕژیم لە كاتی چاودێری كردنی یەكێك لە خیابانەكانی تاران كەوتە بەر هێرشی ئەو نوێنەرەی مەجلیس. كردەوەی ئەو نوێنەرەی مەجلیس لێدوانی بەرفراوانی لە ناو دەسەڵاتداران و ڕۆژنامەو تلویزیۆنی دەسەڵات لێكەوتەوە، بە جۆرێك كە ئەگەر كەسێك ئاگاداری سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا نەبێ‌ بە شێوەێك بیر دەكاتەوە كە حكومەتێكی دیموكرات و ئازاد ووڵات بەڕێوە دەبا. بێگومان ناوەندەكانی دەسەڵات مەبەستیانە كەڵكی تەبلیغی و سیاسی لەو كردەوەیەی نوێنەری مەجلیس وەرگرن.
ستەم پێناسەی دەسەڵاتی ئێرانە!
ئاشكرایە كە لە ماوەی 42 ساڵ دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندەكان ستەم و بێعەداڵەتی و جینایەت و ئێعدام و زیندانی كردنی لاوان بە تایبەت، و خەڵكی ئێران بە گشتی، و چەوسانەوەی نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران و خاوەن باوەڕانی دین و بیرو باوەڕە جیاوازەكان لە دیاردە ئاسایی و سەرەكیەكانی ئەو دەسەلاتەیە.
هەر لە نوێ‌ترین كردەوەی ناوەندە سەركوتگەرەكانی دەسەڵات و دەیان چالاكی مەدەنی لە شارەكانی كوردستانی ئێران، بە بێ‌ بوونی هیچ تاوانێك گیراون چارەنووسیان نادیارە. لە ناوچەی بلوچستان سەركوت و چەوسانەوەی خەڵكی بەلوچ و ترۆرو ئیعدامی تێكۆشەرانی بلوچی بەردەوامەو لە شاروناوچەكانی دیكەی ئێران، سەركوت و ئازاردان و گرتنی خەڵك لە ئارادایە.
ئەو جینایەتانەی دەسەڵات لە بەرانبەر خەڵكی ئێران بۆتە هۆی ناڕەزایەتی ڕێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆف و هەر لە نوێترین ڕاگەێندراوی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ڕۆژی 10ی ڕێبەندان بڵاوكرایەوە، ئیعدامی 28 كەس لە ئێران كە بەشی زۆریان لە كەمایەتیە نەتەوەییەكانی ئێرانن، بە توندی مەحكوم كرد.
ئامانج لە گەورەكردنی ئەو كردەوەی نوێنەری مەجلیس!
وەك لە سەرەوە ئاماژەم پێكردووە، پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی واتە ستەم وبێدادی، بەڵام ئەی هۆێ‌ چیە زللە لێدان و بێ‌ ڕێزی كردن بە سەربازێك ئەوەندە گەورە كراوەتەوە، لە كاتێكدا كە پێكهاتەی ئەو دەسەڵاتە 40 ساڵ زیاترە ئەوەی بێ‌ ڕێزی و تاوانە بەرانبەر خەڵكی ئێران ئەنجامی داوەو بە گشتی هەموو خەڵكی ئێران بەر زللەو لێدان و شكەنجەی جەستەیی ودەرونی، داوەو لە هەمانكاتدا گەندەڵی، گرانی و بێكاری، بەربڵاوبونی فەسادی و نابەرابەری كۆمەڵایەتی پەرە پێداوەو خەڵكی ئێرانی تووشی قورسترین كارەساتی قەرەبوو نەكراوە كردووە. بێگومان گەورە كردنەوەی لێدانی سەربازێك لە لایەن بەشێك لە ناوەندەكانی دەسەڵات و بەشێك لە چاپەمەنی و تلوزیۆنی دەسەڵات جێگەی سەرنجەو ژستێكی دیموكراسیانەیە. ڕوونە كە پێكهاتەی دەسەڵات گەرەكیە كەڵك لەو بابەتە وەرگرێ‌، ئەویش بە ناو زڕاندن و قوربانی كردنی ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕژیم، تا بە خەیاڵ بە خەڵك نیشان بدەن كە بەرانبەر ئەو كردەوەیە بێدەنگ نابن، بێگومان ئەو هەوڵەی ڕژیم و ڕاگەیاندنەكانی ئامانج ناپێكن.
ووتەی كۆتایی!
شكی تێدا نیە ئەو كردەوە گاڵتە جاریانەی دەسەڵات و خۆ نواندن و ژستی دیموكراسیانە هیچ كات ناتوانن ببنە هۆی لابردنی خاڵە ڕەشەكان لە سەر كارنامەی چل ساڵ جینایەت و مرۆڤ كوژی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی و هەروەها بەو كردوەو هەڵوێستە درۆزنانە، دیموكراسی و عەداڵەت ناشیرین نابێ‌.
هومێدوارم لە 22 ی ڕێبەندان، خەڵكی كوردستان بە بەشداری لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین جارێكی دیكە بە دەسەڵاتدارانی ڕابگەێنن كە خۆیان و دەسەڵاتی ستەم و جینایتكاریان كۆتایی پێ‌ دێت و جەماوەری ئێران و خەڵكی كوردستان لە دەست زللەو بێ‌ ڕێزی و چەرمەسەری ڕزگاریان دەبێ.
ڕێکه‌وت: 2021-02-03 07:28:51
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی