له‌سه‌رهێل 29
چوارشه‌مه‌ 13 ره‌شه‌مه 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
زمان یەکەمین وگرینگترین هۆی پێوەندی مرۆڤە

ئازاد حوسێنزادە
بە کەڵک وەرگرتن لە زمان لە واتای چێژ و ئازار، دۆستایەتی و دوژمنایەتی، ئەوین و قین، سەربەستی و کۆیلایەتی تێدەگەین. هەموو چەمک و تێگەیشتنێك لە‌ زمانەوە سەرچاوە دەگرێ. بە گشتی زمان بوارێکە دونیامان بۆ واتادار دەکا. لە سەرەتای لە دایک بوونەوە وەک سیستێم لە هزری مرۆڤ دا جێگیر دەبێ و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیانداین لە گەڵمان دەژی. هەر لە ڕێگای زمانیشەوە تێگەیشتن دێته ئاراوە. زمان ئاوێنەی باڵانوێنی کولتور و هزری ئەو نەتەوەیە کە قسەی پێدەکا. بەسەرهاتی کۆن، چیڕۆک و ئەفسانە کە هەڵگری واتا و شێوەی ژیانن هەر لە ڕێگای زمان دەگواسترێنەوە.
بە گوێرەی ڕێکاری یۆنسکۆ لە سەردەمی ئێستادا هەر کەس شارەزای زمان و مێژووی خۆی نەبێ، نەخوێندەوارە و هەموو کەسێک دەبێ لانیکەم قۆناغەکانی سەرەتایی بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێ. جگە لە گرینگی زمانی دایکی و ڕەهەندەکانی ئەو خاڵە دەبێتە هۆکاری گەشەی کەسایەتی و هزر لە مرۆڤدا و تواناکانی پەرەدەستێنن. کاتێک منداڵێک لە یەکەم ساڵەکانی ژیانیدا بە زمانی بێگانە بخوێنێ، تووشی سەرلێشێواوی و گرفتی گەورە دەبێ. بۆ وێنە بۆ تێگەیشتن لە هەر بابەتێک دەبێ تێبکۆشێ جارێک لە مێشکیدا وەریگێرێتە سەر زمانی خۆی و دواتر لێی تێبگا، بەڵام کاتێک خوێندنی بە زمانی زگماکی خۆی هەبێ تووشی ئەو گرفتە نابێتەوە و تەنانەت بۆ فێربوونی زمانی تریش تەنیا وشەکان فێر دەبێ چوونکە واتا و ناوەرۆک لە پێشترەوە لە مێشکی دا هەیە. لە سەردەمی ئێمەدا بە بوونی سۆشیال میدیا و فەرمانڕەوایی ناوەندەکانی هێز به سەر ئەم جەمسەرەی ژیاندا،خێرایی لەناوچوونی ئەو زمانانەی کە دەستیان بەو ناوەندانە ڕاناگا و ئەو زمانانەی کە هێزی پشتیوانیان نیە، زۆر زیاتر لەڕابردویە.
لە ئێستادا زمانی کوردی لە دۆخێکی زۆر هەستیار دایە و مەترسی لەناوچوونی لە سەرە. جیلی ئەوڕۆی کورد بە تەواوی بێگانەیە لە گەڵ زمان و مێژووی خۆی. قسەکردن بە کوردی وەک هۆکاری شەرمەزاری و دواکەوتویی دەبینرێ. هەر بۆیەش زمان و کولتوری داگیرکەر جێی به زمانی کوردی لەق کردووە، ئەوانەش لە سۆنگەی پەروەردە بە زمانی بێگانە هاتۆتە ئاراوە. هەڵبەت لەم مژارە دا هەندێ خاڵی بەرچاو هەن کە ناکرێ نەبیندرێن:
باش وایە لایەنە ساسیەکانی کورد پێش هەموو كارێك بۆ بەرەوسەربردنی وێژە (ئەدەبیات) نەتەوەیی تێبکۆشن بۆ ئەوەی سیاسیەکانی دەوڵەتانی دیکتاتوری زاڵ بەسەر کوردستاندا پوچەڵ بكرێتەوە. بە داخەوە زۆر جار دەبینین كە ئەدەبیاتی سیاسی داگیرکەران به سەر گوتاری کوردی دا زاڵە و کورد بەجێی ئەوەی گوتار و ئەدەبیاتی سیاسی تایبەت به خۆی هەبێ تێدەکۆشن بە فارسی، تورکی یان عەرەبیەکی بێ گرێ و گۆڵ قسە بکەن، ئەو هۆکاره بە گشتی شوێن دانەر و کاریگەرە لە سەر تەواوی ڕەهەندەکانی ژیان.
- نەبوونی پەروەردە به زمانی کوردی جیلی ئەڕۆ و بنەماڵەکانی گەیاندۆتە ئەو ئەنجامەی زمانی کوردی بێکەڵکە و پێویست ناکا کاتی پێوە به فیڕۆ بدەین. بیانوی ئەوەی ئێمە لە ماڵێ هەر فێری کوردی دەبین یان زمانی خۆمان پێویستی بە فێربوون نیە، هاوکاری کردنی رژیمە دیکتاتورەكانە بۆ زیاتر سڕینەوە و لە ناوبردنمان.
- میدیای نابەرپرسیار و کادری میدیای ناشارەزا، نەبوونی هیچ مەرجێک بۆ شارەزایی لە زمانی کوردی لە میدیای کوردی دا پشت ڕاست دەکاتەوە. هەر ئەوەش بۆتە ئافەتی زمانی کوردی.
- بوونی چوار دیالێکتیک و چوار ئەدەبیات لە زمانی کوردی ‌دا نەک وەک دەوڵەمەندی نەبینراوە بەڵکوو بۆتە هۆکاری زیاتر لێک دوور کەوتنەوەی کوردانی کوردستان و زۆر جار گاڵتە بە یەک کردن.
هەر بۆیە زۆر گرینگە ئاوڕدانەوەیەکی خێرامان هەبێ بۆ زمانی کوردی. وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی لێی بڕوانین و کار بکەین بۆ بوژانەوەی بەرفراوانی زمانمان وەک دەوڵەمەندی ببینین.
ڕێکه‌وت: 2021-02-21 07:57:45
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی