له‌سه‌رهێل 58
چوارشه‌مه‌ 26 جۆزه‌ردان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەڕێوەچوونی شەشەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

رۆژانی شەممە و یەك شەممە رێكەوتی 2021/2/27/28 بەرامبەر بە 1399/12/9/10 بە ئامادەبوونی سكرتێری گشتی و زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی لە بنكەی ناوەندی سازمانی خەبات، شەشەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەرێوە چوو.
سەرەتای كاری پلینۆم بە دەقیقەیێك وێستان و فاتیحایێك بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاكی شەهیدان و ڕۆحی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی، دامەزرێنەری سازمان دەستی پێكرد، و پاشان بەرێز كاك بابەشێخ حوسێنی سكرتیری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان، ڕاپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی خۆی بۆ پلینۆمی شەشەم پێشكەش كرد.
ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی، شیكردنەوە و باسێكی تێر و تەسەل لەسەر دوایین ئاڵوگۆر و پێشهات و ڕووداوەكانی جیهانی، ناوچەیی و كوردستان و ئێران و بزووتنەوەی رزگاریخوازانە، و سازمانی خەبات ی كوردستانی، لە خۆ گرتبوو، لەسەر هەر كام لەو تەوەرانە دید و بۆچوون و خوێندنەوەی خۆی پێشكەش بە پلینۆمی شەشەم كرد.
سكرتێری گشتی، ڕاپۆرتەكەی بە باسی جیهان و هەڵوێست و سیاسەتی جیاواز لە پێوەندی نێوان ووڵاتان و بە تایبەت لە پێوەندی نێوان ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان دەست پێكرد و لەو پێوەندییەدا، هەركام لەو تەوەرانەی شیكردەوە:
1.پێوەندی ڕوسیەو ئەمریكا لەئێستادا
2.پێوەندی حكومەتی چین و حكومەتی نوێی ئەمریكا
3. ئەمریكاو ئوروپا پێوەندیەكانیان
4.ناكۆكی سیاسی ناوخۆیی لە ئەمریكا
5. نەخۆشی كۆڕۆناو زیانەكانی
خاڵی جیگەی سەرەنج لەكۆی تەوەرەكان گۆڕانكاریی لە دەوڵەتی سیاسی ئەمریكا و هاتنە سەركاری جۆ بایدن و كۆتایی هاتن بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ بوو كە بەرێزیان پێی وابوو لە دەورانی سەرۆكایەتی بایدن گۆرانكاری بەرچاو لەهەڵوێست و سیاسەتی ئەمریكا ڕوو بە جیهان و وەڵاتانی تر وەدی دێ .
لە ڕاپۆرتی سكرتیری گشتی دا لە باسی ڕۆژهەلاتی ناوەراست، كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسراییل هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و دەوری دەوڵەتی بایدن و هەروەها دەستێوەردانەكانی رژیمی ئاخوندی تاوتوێ كرا، هەروەها لەدرێژەی ئەو باسە نزیكی ئیسراییل و ووڵاتانی عەرەب زیاتر شیكرایەوە و گریمانەی پەرەسەندنی ئەو پێوەندییانە كرا.
لە بەشی ڕۆژهەلاتی ناوین باسی ئەوە كرا كە حكومەتی بایدن كەمتر گرینگی بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەدا و ئاشكرا كردنی نهێنیەكانی ناو پەروەندەی رۆژنامە نووسی سعودی خاشقچی كە لە سەفارەتی عەرەبستان لە توركیە كوژرا. كێشەی حكومەتی بایدن لە گەڵ وەلیعەهدی سعودی لە لایەك بۆ تۆڵە كردنەوە لە ناوبراوە لە پێوەند بە پشتیوانی لە دۆناڵد ترامپ.
ئەگەر حكومەتی ئێستای ئەمریكا سیاسەتەكانی لە حاست خاوەرمیانە بەو شێوەی ئەم چەند مانگەی سەرەتایی دا بێ، بێگومان زیاتر دەبێتە هۆی نزیكی ووڵاتانی عەرەب و ئیسراییل، بە تایبەت كە هەڕەشەكانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر زۆربەی ووڵاتانی عەرەب نكۆڵی لێنەكراوە. لە لایەكی تر بەردەوامی حزوری هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سوریە، ووڵاتانی عەرەب و ئەفغانستان، شیكردنەوەی لەسەر كرا.
هەر لەدرێژەی ئەو تەوەرە باسی توركیەو دەوری سەربازی، ئابوری و سیاسی لە ناوچەكەدا كرا. حزوری توركیا لە ووڵاتی لیبی لە قەتەر و هەوڵەكانی بۆ زیاتر پەل هاویشتن لە ناوچەكەدا و باسی كێشەكانی لەگەڵ ئەمریكا، هێرش بۆ سەر چیای گارە، نەبوونی ئازادی و دیموكراسی و هەوڵی تەواو بۆ سەركوتكردنی گەلی كورد لە كوردستانی توركیە، ئەو تەوەرانە بوون كە قسەی لەسەر كرا.
لە باسی سوریا دا ئاماژە بەوە كرا كە ئەو وەڵاتە ووڵاتێكی شێواوە و چەندین دەسەڵات و بڕیاردەر هەیە و جیاواز لە حكومەتی بەشار ئەسەد، ڕژیمی ئێران و حیزبوڵڵا، چەكدارانی عێراقی بەكرێگیراوی رژیمی ئێران،ئەمریكا و توركیە و ڕوسیە هەر كام لە ناوچەو مەڵبەندێك خاوەن دەسەڵاتن. كێشەو ناكۆكی لەو ووڵاتە چارەسەر نابێ تا حكومەتی بەشار بەردەوام بێ لە سەركوت و ویست و داواكانی خەڵك پێشێل بكات و درێژە بە حوكمرانی دیكتاتۆری بدات، كێشەو ئالۆزی و دەستوەردانی ووڵاتان لە سوریە كۆتایی پێ نایەت. سەبارەت بەگەلی كورد لەو بەشەی كوردستان، وترا پێویستە كورد یەك هەڵوێست بێ و بەتایبەت بەڕێوەبەری خۆسەر دوور لە بەرنامەو سیاسەتێك كار بكا كە زیان بە پێگەی نەگەێنێ و پشتیوانی ئەمریكاو ووڵاتانی ئوروپایی لە دەست نەدەن .
لە پێوەند بە هەلومەرجی عێراق، باسی لە بەردەوامی لایەنەكانی لایەنگری رژیمی ئێران كرد و جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە لە بەشێك لەو سیاسەتە ڕادیكاڵانەی هێندێك لایەن، لە بەر ئەو مەترسیانەی هەستی پێ دەكەن، وەك هاتنی حكومەتی نوێی ئەمریكاو ئەگەری گۆڕِانی سیاسەتی لە حاست عێراق، و ترسی لایەنە شیعەكان لە ئەگەری نەمانی پشتیوانی ئەمریكاو ژمارەیەك لە ووڵاتانی عەرەب لە حكومەتی ئێستای عێراق. هەروەها وترا هەلومەرجی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵوگۆری ئەرێنی بە سەردا هاتووە.
لە درێژەی راپۆرتی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات، دۆخی ئێران و ڕژیمی ئێران هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و لە گرینگترین تەوەرەكانی ئەو بەشە ئاماژە بە بەرنامە مەترسیدارەكانی رژیم كرا، باس لە چەند پێشێلكاری لە لایەن ڕژیم لە پێوەند بە گەڵاڵەی ناوكەیی كرا كە بۆتە هۆی نیگەرانی ووڵاتانی جیهان بە تایبەت ووڵاتانی ڕۆژئاوایی(غەربی) گەڵاڵەی ناوكەیی ڕژیم وەك لە ڕابردودا كێشەێكی گەورەی جیهانی بووە لە ئێستادا زیاتر ئاڵۆزو پرمەترسیدار بووەو بۆتە گرێ كوێرە. پاڵاوتە كردنی ئۆرانیوم كە 14 لە سەد زیاترە لەو ڕێژەیەی ئاژانس ڕێگەی پێداوە، هەروەها ڕێگە گرتن لە كارو چالاكی چاودێرانی ئاژانس لە ئێران و قسەكانی ئاخوند محمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ڕژیم كە لە وتووێژێكدا ووتی ئەگەر فشاری زۆرمان بۆ بهێندرێ و ناچارمان بكەن لەوانەیە بۆمبی ئەتۆم دروست بكەین.
1.باسی هەڵوێستی باڵەكانی ڕژیم
2.باسی بڕیاری مەجلیسی ڕژیم سەربارەت بە كۆتایی هێنان
3.بەردەوامی ئابڵوقەكان
4.بەردەوامی ناڕەزایەتیەكان و بە تایبەت ناڕەزایەتیەكانی ئەم دواییە لە بەلوچستان....................هتد
ئەو تەوەرانە بوو كە بە تێرو تەسەلی شیكردنەوەی بۆ كرا و بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەمی ئەو قەیرانە چارەسەرنەكراوانە، دۆخی ئێستای دەسەڵاتی ئاخوندی بە لەرزۆك زاندار و هەر لەو باسە دا زەرورەت و گرینگی یەكریزی گەلانی ئێران وەبیر هێندرایەوە و هاوپەیمانەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بە گرینگ و بەردەوامی و پەرەدان بەو جۆرە هاوكارییانە بە زامنی زاڵ بوون بە سەر دیكتاتۆری ئاخوندان لێكدرایەوە.
سكرتیری گشتی سازمانی خەبات لە پێوەند بە هەل و مەرجی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی وتی: بە داخەوە جوڵانەوەی كورد لە كوردستانی ئێران لە ماوەی پلۆنۆمی پێنجەم تا ئێستا، ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بە خۆوە نەبینیوە، نەبوونی سیاسەت و بەرنامەی هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسیەكان و مانەوە لە چوارچێوەی سیاسەت و دروشم و بیركردنەوەی ناپێویست و هێندێك جار ناڕوون، بۆ نمونە مەوزوعی وتووێژ لە گەڵ ڕژیم،خۆبینی و یەكتر نەخوێندنەوە و هەر لایەن بۆ خۆی بە جودا سیاسەت دەكا. هەروەها زەرورەتی هاوپەیمانەتیەكی واتاداری هێزە دیارەكانی ناو جوڵانەوەی رزگاریخوازانە، بیر هێندرایەوە.
لە باسی دۆخی ناوخوی كوردستان، كێشەكانی گرانی،بێكاری،كێشەی كۆمەڵایەتی،فەساد، شیكرانەوە و ئاماژە بە گرتنی دەوڵەمەندەكانی كوردستان، سیاسەتی فرت و فێڵی دەسەڵات و گرتن و ڕاوەدونانی چالاكوانانی مەدەنی كوردستان كرا. هەر لەو بەشەدا،سەركوتی بێ بەزەییانەی جەماوەر لە لایەن هێزەكانی ڕژیمی ئاخوندی، نەبوونی هاودەنگی لایەنە سیاسیەكان، نەبوونی چالاكی و شەڕی پێشمەرگە لە بەرانبەر دژمن و نەبونی ڕیبەرایەتێك بۆ هاندان و ڕێكخستنی ناڕەزایەتیەكانی جەماوەر، وەک کۆمەڵێک خاڵی نەرێنی زاندرا.
لە بەشی ڕاپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی لە پێوەند بە سازمانی خەبات و كاروچالاكی و پێگەی لە كوردستاندا، سكرتیری گشتی وتی: هەمومان دەزانین كە سازمانی خەبات لە ناو جەماوەردا لایەنگرو پێگەی بەرچاوی هەیە،پێویستە هۆگرانی سازمانی خەبات لە ناوخۆدا زیاتر چالاك بن و ئەركی هەنووكەیی و لەسەرووی سەركردایەتی و سەرجەم ڕیزەكانی سازمانی خەبات، پەرە بەكاری تەشكیلاتی و چالاكی لەناوخۆدا بدەن.
خەباتی چەكداری بە لەبەرچاو گرتنی هەل و مەرجی شیاو، كاری تەشكیلاتی، ژمارەیێك ڕێنوێنی بە نیسبەت بەشی پێشمەرگە و هەروەها باسی كۆنگرە و دواخستنی بە هۆی بارودۆخی تەندورستی جیهانی و چەندین بریار و پرۆژەی پەرەپێدانی سنووری كار و چالاكی سازمان لە ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی دا قسەی لەسەر كرا.
دوا هەمین برگەی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی باسی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بوو كە لەم بەشەدا بە تێروتەسەلی ڕاپۆرتی كار و چالاكی و هەڵسووڕانی سازمانی خەبات لە ماوەی نێوان دووپلۆنۆم دا پێشكەش كرا و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتە، گۆرانكاریی و پڕ كردنەوەی كەم كووڕییەكان خرایە دەستووری كاری پلۆنۆمی شەشەمی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانەوە.
لەدوای كۆتایی هاتن بە ڕاپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی سكرتێری گشتی، قسە و باسێكی گەرم لەسەر ناوەرۆكی راپۆرتەكە كرا و ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی بە كۆی دەنگ پەسەند كرا.
لە پاش پەسەندكردنی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی، بەرپرسی هەر كام لە كومیسیۆنەكانی سازمان ڕاپۆرتی كاری خۆیان لەماوەی نێوان دوو پلۆنۆم پێشكەش كرد و سەبارەت بە هەركام لە بەشەكان قسە و باسێكی گەرم و تێر و تەسەل كرا و خاڵە ئەرێنی ونەرێنیەكانی بەشەكان و كەند و كۆسپ و رێگە چارەكان لەڕاست باشتر كردنی كاروباری ئورگانەكانی سازمان پێشكەش كرا و چەندین ئالوگۆر و رێوشوێنی پێویست بە نیسبەت هەر كام لە ئۆرگانەكان چەسپا.
لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی بەرێز كاك بابەشێخ حوسەینی، سازمانی خەبات بەرنامە و كاری داهاتووی سازمانی خەبات بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەمان دیاری كرا و بە بەلێنی بەردەوام بوون لەسەر ئەرك و كارە تەشكیلاتیەكان، كاری پلۆنۆم لە دوای 2 رۆژ كۆتایی پێهات.
ڕێکه‌وت: 2021-03-11 08:50:14
به‌شی ( چالاکیه‌کان )





دیمانه

سیاسی