له‌سه‌رهێل 105
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی سكرتێری گشتی بە بۆنەی سی و حەوتەمین ساڵڕۆژی مانگنامەی تێكۆشان!

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

تێكۆشەرانی كاری ڕاگەیاندن!

لە بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی كۆچی خۆری و لە سەردەمێكدا كە بنكەكانی سازمانی خەبات بە هۆی هێرشی هێزە داگیركەرو جینایەتكارەكانی ڕژیمی دواكەوتوی ئاخوندی، لە جێ‌ گۆڕكێدا بوون بە خۆشیەوە لە سەرەتای مانگی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٦٣ی كۆچی خۆری،مانگنامەی تێكۆشان ئورگانی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بە هەوڵ و ماندوو بوونی ڕێبەریی و ژمارەیەك لە كادری ڕاگەیاندن، یەكەمین ژمارەی چاپ كرا.

ئەركی مانگنامەی تێكۆشان لەو هەلومەرج و سەردەمەدا گەلێك قورس بوو،چونكە لە لایەك دەبوو زانیاریەكان لە سەر شۆڕش و سازمانی خەبات، و جینایەتەكانی ڕژیمی ئاخوندی لە بەرانبەر خەڵكی ئێران بە تێكڕاو لە بەرانبەر خەڵكی كوردستان بە تایبەت بە خۆێنەرانی بگەێنێ‌ و هەروەها چالاكی و نەبەزی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە ڕیزی سازمانی خەبات دا بڵاو بكاتەوەو خەڵكی كوردستان لە سەركەوتنی پێشمەرگەكان لە مەیدانەكانی نەبەردیدا دڵخۆش بكات.

 ئەگەرچی ئەو هەلومەرجە گەلێك حەستەم بوو بۆ كاری راگەیاندن و بڵاو كردنەوە، بە تایبەت بە هۆی كەمی دەستگای چاپەمەنی و پێداویستیەكانی وەك كاغەز، فۆتۆ ئێستێنسێل، ودەستگای دەستی چاپی (ڕۆنیۆ) و تەنانەت نەبونی تایپی پێشكەوتوو،بەڵام دڵسۆزانی سازمانی خەبات و بە تایبەت خوالێخۆشبوو مامۆستای تێكۆشەر مەلا محەممەد محەممەدی خاوەن كتێب فرۆشی لە شاری سەقز، بەشێك لە پێداویستیەكان و بە تایبەت فۆتۆئێستسێلی بۆ ڕاگەیاندنی سازمان دابین كرد كە جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەدا درود بنێرم بۆ ڕۆحی بەرزی مامۆستا محەممەد محەممەدی و هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ناوخۆی كوردستان هاوكاری سازمانی خەبات و ناوەندی ڕاگەیاندنی سازمانیان كردوە.

‌سەرەڕای ئەو گشتە كێشەو بەربەستانەی لە رێگەی چاپ كردنی مانگنامەی تێكۆشاندا هەبوون، بە داخەوە لە لاێكی دیكەوە چەند لایەنی كوردستانی بەربەست و كۆسپی جۆراوجۆریان بۆ كادرەكانی تەبلیغی سازمان پێك دەهێناو هەوڵیان دەدا ڕێگە لە بڵاو كردنەوەی تێكۆشان بگرن كە ئەو ڕێگریانە بوونە هۆی ئەوەی وەك پێویست بە دەست خۆێنەرانی نەگات. جێگەی خۆیەتی لە سی و حەوتەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی تێكۆشان كە لە سەرەتای مانگی خاكەلێوە لە بناری كێوی گمۆ لە كوردستانی عێراق چاپ كرا، درود بنێرم بۆ ڕۆحی بەرزی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی نووسەرو بەڕێوەربەری تێكۆشان لە چەندین ساڵی جیاوازدا و هەروەها درود دەنێرم بۆ رۆحی ئەو كادرە شەهیدانە ڕاگەیاندنی سازمان و تێكڕای ئەو بەڕێوەبەرو سەرنووسەرانەی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەنووسینی بابەت و ووتارو داڕشتن و چاپ كردنی تێكۆشان دەوریان گێڕاوە.

هەر بەم بۆنەوە بە ناوی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران ڕایدەگەێنم كە سازمانی خەبات بەردەوام دەبێ‌ لە كارو چالاكی ڕاگەیاندنی دڵسۆزانەو نیشتمانی و نەتەوەیی و هەر وەك چۆن لە ڕابردوودا بێ‌ سڵەمینەوەو بە بێ‌ ترس ئەركی پیرۆزی شۆڕش و تێكۆشانی سیاسی و ڕزگاریخوازی و كاری ڕاگەیاندنی دڕێژە پێداوە،لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێ‌ لە بە جێ‌ گەیاندنی ئەو ئەركە پیرۆزانە. لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارە بە بۆنەی ٣٧ مین ساڵڕۆژی یەكەمین ژمارەی تێكۆشان ئورگانی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات.

بڕوخێ‌ ڕژیمی ئاخوندی سەركەوی خەباتی مافخوازنەی خەڵكی كورد.

 سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

 سكرتێری گشتی ١ ی خاكەلێوەی ١٤٠٠ كۆچی خۆری
ڕێکه‌وت: 2021-03-24 18:14:08
به‌شی ( سکرتێری گشتی )





دیمانه

سیاسی