له‌سه‌رهێل 86
پێنچ شه‌مه‌ 26 خاکه‌لێوه‌ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ریفراندۆمی ١٢ی خاكەلێوە، هەڵوێستی یەكگرتووانەی شانازی خولقێن!

عه‌لی به‌هرامی

١٢ی خاكەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی، ئاخوندانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، شانۆگەریەکیان بەناوی رفراندۆم وەرێخست لە سەر ئەوەی كە گەلانی ئێران دەنگ لە سەر شێوەی دەسەڵات لەو وەڵاتەدا بدەن. بژاردەی ئاخوندان لەو رفراندۆمەدا (جمهوری ئیسلامی، بەڵێ یان نا) بوو . ئەم هەنگاوەی ئاخوندان وێرای نادیموكراتیك بوونی هاوكات لە دارشتنی پرسیارەكە و كاتی ریفراندۆمەكەدا فێڵ بوو لە گەلانی ئێران كرا. ئەوەی جێگەی بایەخ و گرینگی پێدانە هەڵوێستی یەكگرتووانەی سازمانە سیاسیەكان و جەماوەری كوردستان لەمەڕ بایكوتی ئەو بەناو ریفراندۆمە بوو.

نادیدە گرتنی ویست و داواكانی خەڵكی كوردستان، نادیموكرات بوونی هەڵبژاردن و ریفراندمەكە و ویستی ئاخوندان بۆ دامەزرانی حكومەتێكی تاك رەهەند و نا دیموكراتیك و خۆسەپێن هۆی سەرەكی بژاردەی بایكوت بوون. ئەو هەڵوێستە سیاسیەی جەماوەر و هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان شانازیەكی گەورەیە كە لە مێژووی خەبات و بەرخودانی گەلەكەماندا تۆمار كراوەو لەو ریفراندۆمەوە هێز و لایەنە تێكۆشەرەكانی كوردستان بە بایکوت وەڵامی هەموو جۆرە شانۆگەریەكی هەڵبژاردنی ئەو رژێمەیان داوەتەوە. ئێستا کە رژیم بەرەو شانۆگەریەکی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و شۆرای شارو دێکان دەچێ و لە پێناو راکێشانی خەڵک بۆ نێو ئەو نمایش و شانۆیە دەست بۆ هەموو فێڵ و تەڵەکەیەک دەبا، ئەویش لە کاتێکدا کارنامەی رەش و پڕ لە هەڵە و پەڵەی ئەو دەسەڵاتە سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە ئەو دەسەڵاتە هەڵبژاردنەکانی ساختە و پێچەوانەی بناماکانی دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازادن و وەرێخستنی ئەو شانۆگەریانە لەلایەن دەسەڵاتی ئاخوندانەوە تەنیا بە مەبەستی چەواشەو مەشروعیەتدانە بەو دەسەڵاتە دژە خەڵکی و دیکتاتۆرە. دەسەڵاتێک خەڵکی ئێران و کوردستانی تووشی دەیان نەهامەتی و چارەرەشی کردووە و لە سایەی سیاسەتەکانی ئەو رژیمە رۆژ لە دوای رۆژ دەرد و مەینەتیەكانی خەڵکی كوردستان و ئێران زیاتر و زیاتر دەبێ. لە ئێستادا دەسەڵاتی ئاخوندی دەیەوێ جارێکی دیکە مەشروعیەتی خۆی لە چوونی ئەو خەڵكە دەرد دیتووەی كوردستان و ئێران بۆ سەر سەندوقەکانی دەنگدان وەرگرێ.

لە کاتێکدا رژیم هەوڵی ئەوە دەدا ژێستی سیاسی بە بەشداری بەرچاوی خەڵكی ئێرانەوە بگرێ، كە خەڵك تەنیا بیر لە گۆرینی بنەڕەتی دەسەڵات لە ئێران دەكەنەوە و تا ئێستا رێژەیەكی زۆر كەم بەشداریان كردووە لە پرۆسەی خۆ پاڵاوتندا. بەو پێیە شانۆی هەڵبژاردنەكانی ئەم جاری رژیم، تایبەتمەندیەكەی لەوەدایە ئەمجار نەك نابێتە هۆی مەشروعیەتی دەسەڵات و ژێستی سیاسی پێوە بگرێ، بەڵكوو بە بەشداری نەكردنی خەڵك و بایكۆتی سەرانسەری نامەشروع بوون و نەخوازراوی ئەو دەسەڵاتە بۆ هەموو لایەك دەسەلمێ. ئەگەر چی ١٢ی خاکەلێوەو بایكوتی ریفراندۆم یەکەم ئەزموونی پڕشانازی گەلی کورد لە بەرامبەر ئاخوندان بوو، بەڵام بووە نەریتێك بۆ رەد كردنەوەی دەسەڵاتی ئاخوندان و لە ئێستاشدا ئەو دەسەڵاتە لە هەر كاتێكی دیکە زیاتر ترسی لە تەحریم و بایكۆتی خەڵكە.
ڕێکه‌وت: 2021-04-01 09:55:23
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی