له‌سه‌رهێل 79
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
خەباتی چەكداریی ڕەوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی ناڕەوا

سیامەند

 لە شۆڕشی ووڵاتی كوبا بە ڕێبەرایەتی فیدل كاستڕۆ، وە بە فەرماندەیی چەكوارا،گرینگی زیاتر  بە خەباتی چەكداری دراوەو خەباتی چەكداری لە پێش خەباتی سیاسی و جۆرەكانی دیكەی شۆڕشەوە بووە. بە جۆرێك كە فەرماندەی نیزامی بەرپرسایەتی بە سەر كادرو بەشە سیاسیەكانیشدا بووە. لە ڕاستیدا ئەو شێوە دابەشكاریەی شۆڕشی كوبا لە كاری ئورگانی و سازماندەیی شتێكی سەیر بووە، چونكە ئەگەر لە هەر شۆڕشێكدا لایەنی چەكداری و نیزامی بەرپرسایەتی سەرەكی لە ئەستۆ بێ‌ و بەشی سیاسی لە ژێر بەرپرسایەتیدا بێ‌،تەنانەت ئەگەر شۆڕش بە ئاكام بگات، ئەو كات كادرو فەرماندە نیزامیەكان هەوڵ دەدەن لە بەڕێوەبەریی ووڵات ئەركی سەرەكیان هەبێ‌ و هەروەها چاوەڕوانی زیاتریان دەبێ‌، و ڕەنگە ڕێڕەو ئاكامی شۆڕش و فیداكاری خۆیان و ئەوانەی گیانیان لە پێناو سەركەوتنی شۆڕشدا فیدا كردوە بە هۆی حەزو ویستیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە لاڕێدا بەرن.ئەو تێبینیە سەرەتاییەم بە ئامانجی شیكردنەوەی باسەكەم لە سەر گرینگی خەباتی چەكداری ڕەوا لە بەرانبەر دەسەڵاتە حەق نەبیست و سەرەڕۆكانە، بە تایبەت شۆڕش لە بەرانبەر ڕژیمی ئاخوندی ئێران كە ستەم و جینایەتكاری و سەركوتی خەڵكی ئێران و كوردستانی كردۆتە بنەمای سەرەكی دەسەڵاتەكەی. لە ماوەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە دواكەوتوەدا، دیاردەی هەڕەشەو سەركوتی خەڵكی كوردستان و پێشێلكردنی مافەڕەواكانیان، ئازارو هەڕەشەو گرتنی  تێكۆشەرانی كورد وچالاكە مەدەنیەكان، بە بەردەوامی درێژەی بووە و  هەیە. هەر لە پێوەند بەو جیتایەتانەی ئاخوندە دەسەڵاتدارەكان بەرانبەر بە حەڵكی ئێران، ناوەندە جیهانیەكان و حكومەتەكان و ڕێكخراوە مرۆڤ دۆستەكانی جیهان و كۆمەڵی گشتی مافی مرۆڤ و داكۆكیكاران لە مافی مرۆڤ، دەیان جار رژیمی ئاخوندیان مەحكوم كردوەو داوایان لێ‌ كردوە كۆتایی بە ئیعدام و سەركوت و چەوسانەوەی خەڵك و تێكۆشەران و چالاكانی مەدەنی بێنێ‌.بەڵام ئاخوندە دەسەڵاتدارەكان، هیچ بایەخێكیان بە داوای ناوەندە جیهانیەكان نەداوەو بەردەوام بوون لە جینایەت و شكەنجەی خەڵك، كە لە چەند مانگی ڕابردودا، زیاتر لە ١٠٠ چالاكی مەدەنیان لە شارە جیاجیاكانی كوردستان گرتوە، كە چارەنووسی ژمارەیه‌کیان و زیندانەكانیان نادیارەو خانەوادەكانیان لە نیگەرانیدان. ئەو ڕژیمە هەر لە مانگەكانی سەرەتای دەسەڵاتداریەكەیدا، سەركوت و هەڕەشەو چەوسانەوەی دەست پێكردو لە ئێستادا بە شێوەی بەرین و قورستر درێژە بە جینایەت دەداو لە وەڵامی هەر داواێكی ڕەوای جەماوەر و ڕێكخراوە مەدەنیەكان و چالاكانی مەدەنی هەڕەشەو زیندانی كردن بە كار دێنێ‌. جەماوەری ئێران و كوردستان و هێزە سیاسیەكان هەر لە سەرەتادا هەوڵیاندا لە ڕێگەی ناڕەزایەتی مەدەنیانەو بە پێشنهادی بەكەڵك و ووت وێژ، ئاخوندانی دەسەڵاتدار لە سیاسەتی  سەركوت و چەوسانەوەی خەڵك بگێڕنەوەو هانیان بدەن بۆ ئەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەریی ووڵات بە شێوەی سەردەمیانەو بە ڕەچاوكردنی بنەماكانی دیموكراسی بەڕێوە بچێ‌، بەڵام نەك ئەو ویستە ڕەوایەی جەماوەرو هێزەسیاسیەكان نەهاتە دیی، بەڵكوو وەك ئاماژەم پێدا سەركوت جینایەت و سیستمی دیكتاتۆری و حوكمڕانی دواكەوتوانەی چەوسێنەر لە هەموو ناوچەو شارو مەڵبەندێكی ئێران و لە بەرانبەر هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی بەردەوام بوو. ئەو دەسەڵاتە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بۆتە هۆی دەردو مەینەت بۆنەتەوەكانی ئێران،بە جۆرێك سەركوت و چەوسانەوەی خەڵكی كوردستان و پێشێلكردنی سەرتایی ترین مافەكانی كورد و ئیعدام و شكەنجەو وێران كردنی كوردستان گەلێك بەرچاوترو بەربڵاوتر بووەو دەسەڵاتدارانی ئێران فەرمانیان بە هێزە سەركوتگەرەكان و ناوەندە ئەمنیەتیەكانیان داوەو دەست ئاوەڵەیان كردوون بۆ چەوساندنەوەی جەماوەری كوردستان. زیاتر لە چوار دەیە حوكمرانی دیكتاتۆر و مەزهەبی و حەق نەبیستی ئاخوندی، بڕیاری سەركوتی خەڵكی ئێرانەو ئامادە نیە سەرەتایی ترین بنەماكانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا پەیڕەو بكاو تەنیا پشت بە هەڕشەو سەركوت و بە كارهێنانی هێزی سەركوت و هێزی سەربازی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خەڵك دەبەستن بۆ بەردەوام بوونی دەسەلاتەكەیان. ئەو دەسەلاتە دیكتاتۆرو مرۆڤ كوژە تەنیا ئەو كاتانە لە سەركوت و ئازاری جەماوەردا بەربەستی بۆ دروست بووە كە وەلامی ددان شكێن و زەربەت لە هێزی پاسدارو خۆفرۆشانی دراوەو قارەمانانی گەل و نیشتمان و ڕۆڵە نەبەزو گیان لە سەردەستەكانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی، بە گیانبازیان لە بەرانبەر هێزی داگیركەردا، تووشی شكست و داماویان كردوون و كارێكیان پێ‌ كردوون كە با بە دەواری شڕی نەكردبێ‌.

ئەو كاتانەی پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرانبەر هێزی جینایەتكاری دژمن چالاكیان دەكرد، دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان لە تاران دەكەوتنە سەر ئەژنۆ و دەست و دامێنی خەڵك دەبوون تا لە تەوژمی زەربەت پێشمەرگە قارەمانەكان كەم كەنەوە. كاتێك ئەو ڕژیمە درندەیەو هێزە سەركوتگەرەكانی درێژە بە سەركوتی خەڵك و تێكۆشەرانی حەق بێژ دەدەن و بەردەوامن لە قێزەونترین جینایەت بەرانبەر بە دانیشتوانی كوردستان، پێویستەو گەلێك ڕەوایە لە وەڵامی ئەو گشتە سەركوتە بێ‌ بەزییانەدا، خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە بەرانبەر ئەو ڕژیمە مرۆف كوژە حەق نەبیستە چالاك بكرێتەوەو پێشمەرگە تێكۆشەرانی كوردستان لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات بۆ قۆناغێكی نۆی لە خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە،كە بنەماكانی یاسای تێكۆشان لە پێناو ئازادی و دژایەتی ستەمگەرو دیكتاتۆری تێدا ڕەچاو بكرێ‌ و خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە كە یەكێك لە هۆكانی شۆڕشی ئازادیخوازیە پەرەی پێ بدرێ‌. چل و دووساڵە ئەو ڕژیمە لە بەرانبەر جەماوەردا دڕندانەترین جینایەت دەكا،بەڵام كاتێك مقاومەت و بەربەرەكانێ‌ لە بەرانبەردا كراوەو هێزەكانی زەربەتیان لێدراوە، ناچار بە پاشەكشە بووە. هەر بۆیە پێویستە هەوڵبدرێ‌ جارێكی دیكە تێكۆشانی پێشمەرگانە بە لە بەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجەی ئێستا چالاك بكرێتەوەو ڕەوتی روخان و لە ناوچونی دەسەلاتی دیكتاتۆری ئاخوندی بە زیاتر كردنی خەباتی چەكداری خێراتر بكرێ‌ .
ڕێکه‌وت: 2021-04-22 14:18:18
به‌شی ( سکرتێری گشتی )





دیمانه

سیاسی