له‌سه‌رهێل 97
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەجینۆساید ناساندنی كوشتاری ئەرمەنیەكان دەتوانێ ئەزموونێكی باش بۆ كوردیش بێ!

عەلی بەهرامی

 سەد و شەش ساڵ لەوە پێش و لە كۆتاییەكانی  دەسەلاتی عوسمانیەكان، جینایەتێكی هەژێنەر دژ بە مرۆڤایەتی لە توركیە روی دا كە لە دوای سەد و شەش ساڵ ئێش و ئازاری ئەو تاوانە هەر ماوەو لە زۆربەی وەلاتان ئەو كارەو ئەنجامدەرانی پرۆتستۆ دەكەن و لە هەندێ وەڵاتیش بە جینۆسایدیان ناساندووە. ئەوەی سەرنجە ئەوەیە دوای زیاتر لە سەد سال بەسەر ئەو تاوانە گەورە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی توركیە بە یادكردنەوەی كوشتاری ئەرمەنیەكان نارەحەتن و تا ئێستا رێگە بە هیچ جۆرە لێكۆلینەوەیەك لەو كارەساتە مرۆییە لەو وەڵاتە نادەن. بۆ ئەوەی هەڵوێستی حكومەتەكانی توركیەمان بۆ روون بێتەوە، هەروەها هۆ و بكەرانی ئەو كردەوەمان بۆ روون بێتەوە پێویستە پشت بە بەلگەنامەكان ببەستین. یەكێک لەو كتێبانەی زۆرترین بەڵگەی لەسەر لەناوبردنی ئەرمەنیەكان لە خۆ گرتووە  ناوی (جینایاتی بێدەنگە)ە كە ٣٠ ساڵ لەوە پێش و لەلایەن ژمارەیەك نووسەر و لێکۆڵەر و براوەی جاییزەی نۆبێلەوە نوسراوە. یەکێک لەو بەڵگانەی لەم كتێبەدا باسی  لێوە كراوە بەرێوەچونی دادگایەكی عوسمانیەكانە لە سالی ١٩١٩ كە تیایدا  دان دەنرێ بە رووداوەكەدا و رێبەرانی (بزوتنەوەی توركە لاوەكان) بە ئەنجامدەر و پەرەپێدەری فكری توركیزم تاوانبار دەكا، كە ویستویانە ئەرمەنیەكان لە ناوبەرن.
ئەیو ترنون لەو بارەوە لە كێبی بیرەوەری كۆمەلكوژی ئەرمەنیەكان، ئیشارە بەوە دەكا كە  ئەو بزوتنەوە لە سالی ١٩٠٨ تا ١٩١٣ وردە وردە دەسەلاتیان فراوان دەبێ و كار بۆ جێگرەوەی عوسمانیەكان دەكەن. لەو پێناوەدا بەڵێن بە ئوروپاییەكان دەدەن دیموكراسی رۆژئاوایی بێننە ئاراوە و مافی كەمینەكان بپارێزن.

بەڵام ئیدلۆژی راستەقینەیان ناسیونالیستی توركی بووە. بە كورتی پیان وابوو توركیە تەنیا هی توركەو بۆ توركە. ناوبراو سەبارەت بەدەور و نەقشی دین لەو جینایەتەدا دەڵێ بێگومان توركەكان مسولمان و ئەرمەنیەكان مەسیحی بوون، بەڵام تورکه لاوەكان لائیك و بێ خودا بوون و هەوڵی لە ناوبردنی كەمینەكان و یەكدەست كردنی توركەكانیان دەدا، بەلام بۆ بردنەپێشی بەرنامەكانیان لە هەستی دینیش بو هاندانی خەڵک كەڵكیان وەردەگرت. لەدوای ئەو تاوانە لەلایەن توركەكانەوە، ساڵانە لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان بەتایبەت لەلایەن وەڵاتانی ئوروپاییەوە یادی كوشتاری ئەرمەنیەكان دەكرێتەوە و بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو كردەوە دژە ئینشانیە ئەرمەنیەكان لە زۆربەی وەڵاتانی زلهێز لۆبیگەری دەكەن و توانیویانە سەركەوتنێكی باش لە پشتیوانی و سۆزی جیهانی بۆ قەزیەكەیان پەیدا بكەن، لە ئاخرین هەنگاویشداو لە یادی سەد و شەش ساڵەی تاوانی كوشتاری ئەرمەنیەكان دەوڵەتی ئەمریكا دیانی بەو تاوانەدا ناو جینۆسایدی ئەرمەنیەكانی لە توركیە بە فەرمی ناسی.

 ئەوەی جێی لۆمەیە ئەوەیە لە دوای ئەرمەنیەكان گەورەترین نەتەوە كە لە توركیەدا كۆمەلكوژ كرابێ نەتەوەی كوردە، بە جینۆساید ناساندنی كۆمەلكوژی ئەرمەنیەكان جێی دەست خۆشیە بەلام پێویستە كوردیش هاوشێوەی ئەرمەنیەكان كاری جیددی بۆ بە بەڵگەكردنی تاوانەكانی دەسەڵاتدارانی توركیە لە حاست نەتەوەكەی بكات و هەوڵ بۆ وەدەستهێنانی سۆز و پشتیوانی جیهانی بدات، پشتگوێ خستن و فەرامۆش كردنی ئەو تاوانانەی دژ بە نەتەوەی كورد كراوە بەشێكی تاوانی ناوەندە نێونەتەوەییەكان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤە، بەشێكی دیكەی خەتای بزوتنەوەی كوردستان و روناكبیر و توێژەرانی خودی كوردە. پێویستە كورد بۆ خۆی بە دامەزراندنی ناوەند و دەستەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان و بە بەڵگەكردنیان، كار بۆ جوڵاندنی ئەو كەیسانە لە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە بریار بەدەستەكانی وەڵاتان بكات.

بێ گومان رۆژێك ئەنجامی ئەو هەنگاوانە دێتە بەر و دەتوانێ ببێتە فشارێك بۆ دەسەڵات و قازانجی بۆ پرسی نەتەوەیی كورد لە توركیە هەبێ.
ڕێکه‌وت: 2021-04-26 17:35:53
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی