له‌سه‌رهێل 42
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سەروەری گەل: شەهید محەممەد ئەحمەدی

یادی سەروەران
هەر گەلێك شەهیدی نەبێ مێژووی نییە و هەر گەلێك مێژووی نەبێ گەل نییە. كاروانی خەباتی دژی زۆرە ملی و ملهۆڕی بێ وچان و ڕاوەستان دێت و دەڕوا و بێ پسانەوە ڕادەبڕێ و شان بە شانی ئەویش كاروانی شەهیدانی سوور خەڵاتی دەڕوا و شەهیدی تازەی پێوە دەلكێن و دەستە دەستە خەباتگێڕان پلە و پایەیان بەرز دەبێتەوە و شانازی چوونە ناو كۆڕی شەهیدان، وەدەستیان دەكەوێ و هێندێكیش لەوان چاوەڕوانی چوونە ناو ئەو كاروانە و وەرگرتنی ئەو شانازییەن و دەیانهەوێ بگەنە ئەو ڕادە كە ئەركی خۆیان بە جێ هێنابێ. گەلی كوردمان لە كوردستاندا وەك گەلێك خاون بیر و باوەڕ بە ڕێبازی پڕ لە ئازادی خودا كە خەباتی ڕزگاری خوازی دژی زۆرداری و زۆرە ملی یە، وەك هەموو زۆر لێكراوێك كە هەست بە زۆر لێكراوی خۆی كردبێ و لە دژی زۆر ڕاپەڕی بێ، وەك هەموو چەوساوەیەك كە دەبێ تەكان لە خۆی بدات و خۆی لە چاڵاوی كۆیلەیی و چەوسانەوە دەربێنێ وەك هەموو خەباتگێڕێكی ڕاستەقینە و كۆڵنەدەر كە خەبات دەكا، ئاڵای خوێناوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆی بەرزكردۆتەوە و لە سەر لوتكەی لە خوێنا شەڵاڵی كوردستان هەڵی داوە و مەردانە لە گۆڕەپانی خەباتی كوردستان ڕاوەستاوە. كە لەو ڕێگا پڕ لە كەند و كۆسپەدا بە هەزاران هەزار شەهیدی پێشكەش بە بارەگای خودا و خەڵك كردووە. بەڵام گەلی قارەمانی كورد هەرگیزاو هەرگیز، دەستی لە خەباتی ڕزگاریخوازانە و ڕەوای خۆی شل نەكردوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر تێكۆشاوە. ئەو كاتەی كە لە ئاسمانی خەباتی ڕەوای گەلەكەماندا ئەستێرەیەكی پرڕشنگداری خۆی بە خەباتكارانی ڕاستەقینە نیشان ئەدات، ئەو كاتە كە لە گوڵزاری هەڵاڵە سوورەی شەهیداندا گوڵێكی سوور، بە دیمەنی هەڵكەوتووی قارەمانێكی خەباتگێڕی وەك كاك محەممەد ئەحمەدی پێدەكەنێ، هەر بۆیە شەهید محەممەدیش بۆ تۆڵەی شەهیدانی پێش لە خۆی خوێنی وەجۆش هات و بە سەر خاكی كوردستاندا هەڵچوو. شەهید محەممەد ئەحمەدی كوڕی محەممەد ئەمین خەڵكی گوندی ساوانی خوێناوی كوڕە كوردێك بوو كە بە ئاو هەوای ئەو كوردستانە خوێنیاوییە ژیا بوو پێ گەیشتبوو و بە تەواوی هەست بە ژێر چەپۆكی گەلەكەی و داگیركراوی نیشتمانەكەی كردبوو، هەر بۆیە لە كاتی هێرش هێنانی ڕژێمی دژی مرۆڤایەتی خومەینی بۆ سەر كوردستان هەستی كورد پەروەری هانیداو چەكی دیفاع لە نیشتمانەكەی لە شان كرد و لە سەنگەری شەرەفدا دژی داگیركەرانی كوردستان شێرانە ڕاوەستا، بەڵام بە داخێكی زۆر گرانەوە مەرگ مەودای نەداو لە ماوەیەكی كەمی پێشمەرگایەتی دا لە شەڕی 38 ڕۆژەی شاری بانەی خوێناوی لە ڕۆژی 8/2/1359 دا بە گوللەی دوژمنانی خوێن خۆری ئینسانییەت پێكراو چاوی ئەوینداری بە گەل و نیشتمانەكەی لە سەر یەك دانا و بۆ هەمیشە سەنگەری شەرەف و پیاوەتی بۆ هاوسەنگەرانی بە جێهێشت.

هەزاران پیرۆزبایی لەو خاكەی كە ئەو ڕۆڵە قارەمانانەی لە ئامێز گرتووە
ڕێکه‌وت: 2021-04-28 08:18:41
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی