له‌سه‌رهێل 64
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سەروەری گەل شەهید تەها ڕۆحی ناسراو بە (تەها سور)

یادی سەروەران
سەروەری گەل شەهید تەها ڕۆحی ناسراو بە (تەها سور)
پێشمەرگە ـــــ ئەو ڕۆڵە بە نرخەی کورد کە خۆی کردۆتە قۆچی قوربانی گەل، پێشدەکەوێ بەرەو پیری مەرگ، مەرگ دەقۆزێتەوە بە سینەی ئاوەدان و بە دڵی پڕ لە ئیمانی و خۆی دەکاتە بەڵاوەگێڕی گەلی کورد.
پێشمەرگە ئەو کوردە لە خۆبوردوەیە کە دەست لە بەهەشتی نازی دایک و باوک هەڵدەگرێ، ژیان لە داگیرکەرانی کوردستان تاڵ دەکات و کوردستانیان لێبکاتە دۆزەخی ئاورین ـــــ جگەر گۆشەی گەلی کوردەو پارێزەری شەرەف و کەرامەتی میللەتە.
خۆشەویستی هەموانەو نوری چاوەو هێزی هێناوە. گەلی کورد بە پێشمەرگە سەربەرز و ڕووسورە، پێشمەرگەش بە خەڵکی کوردستان پشت ئەستورە.
خەڵکی کوردستان پیاو و ژنی بە چاوی جگەر گۆشەو برا دەڕواننە پێشمەرگە.
بە دڵ دەیانەوێن و بە چاوی خۆیان دەیان پارێزن.
چاویان ڕوونە بە چاوپێکەوتنی پێشمەرگەو شادمانن بە شادی و سەرکەوتنی پێشمەرگە.
ڕێزیان بۆ پێشمەرگە تێکڕاییەو گیانیان لە ڕاست وان خۆڕاییە.
ناو و ناوەرۆکی پێشمەرگە بۆ ئەوان بەنرخترین شتی جیهانە. کۆڕیان بەباسی قارەمانی پێشمەرگە گەرم و ئاوەدانە و بە سەرکەوتنی پێشمەرگە شادمانن.
پەرێزی پێشمەرگە بەرچاو دەگرن و لە بە پەرێز پاکان دەمرن.
پێشمەرگە بۆ گەل کاردەکەن و سەنگ و وەزنی کردەوەیان لە تەرازووی ئەوان دا دەکرێ.
لە کۆڕیان دا، قارەمانان دەناسی ـــ بەباسی ئەوان بەراورد و لەوانڕا دەزانی درشت و یان ورد.
کاتێک کە گوێ بۆ کۆڕی خەڵکی کوردستان دەگرین، دەبیەین پوڵەکەی شانازی بە بەرۆکی قارەمانان دا دەگرن. بەبەرزی ناویان دەبەن و مایەی شانازیان بۆ دادەنێن.
نابیەی لە کۆڕی ناوچەکانی کوردەواریدا کەسێک ناوبانگی گەیشتبێتە شەهید تەها سوور. کاتێک کە گوێی پێدا دەگری لە خانەوە تابانە و لە بۆکانەوە تا سەردەشت، ناوی شەهید تەها ڕۆحی ناسراو بە تەها سوور بەر لە شەهید بوونی باسی، کۆڕی کوردەواری پڕ دەکرد لە حەماسەو شانازی، باس باسی شەهید سوور بوو. ورەی دۆستان بوو لەرزی دڵی نەویستان بوو. هەموو بن بەردو دارێک، تەها سورێکی بۆ گیان دژمن لێبوو. ڕۆژ بە قەزا دەچوو، زەربەتی شەهید تەها لە دژمن بە قەزا نە دەچوو. چ ما شەهید تەها سوور بە دژمنانی گەلی کوردی نەکا؟، دەیان جار جەرگی کار بە دەستانی ڕژیمی خومەینی بە کوچکەوە دا.
باڵدار ڕابوردایە، باڵی دەوەراند، ناڵدار ناڵی دەوەراند.
مەهدی شێخ زین الدین، بەرپرسی کوللی هێزەکانی دژمن لەبەرەکانی جنوب و غەربی، بە سزا گەیاند، کە سەرانی ڕژیم بۆی لە قوڕ نیشتن.
شەهید تەها سوور لە تەمەنی 16 ساڵیەوە لە بەهاری 1359 دا لە سەرەتای شەڕی 38 ڕۆژەی شاری بانەوە، هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتیەوە. بە پاکی و لێبوردویی ئەرکی پێشمەرگایەتی ئەنجام دەدا. شەهید تەها لە ماوەی پێنج ساڵ پێشمەرگایەتی دا بەوپەڕی دروستکاریەوە ئەو ئەرکە پڕ لە شانازیەی بە ئەستۆوە گرت. دۆستی پێشمەرگە و پشتیوانی شۆڕش بوو. دژمنی لە ئاشتی نەهاتووی داگیرکەرانی کوردستان و خۆفرۆشان بوو. جاش و پاسدار نە بەڕۆژ ئارامیان بوو نە بە شەو خەویان لە چاو دەکەوت.
دەنگی تەها سوور گوێی دەزرینگاندنەوە، لە تارمایی دڵیان دەلەرزی.
شەهید تەها سوور، کورد و کوردستانی پڕ بە دڵ خۆش دەویست و پڕ بە دڵ دژمنانی گەلی کورد دەلەرزا کە ناوی تەها سوور دەبرا، جاش پاشی دەکردەوەو بە جاش غار هەڵدەهات.شەهید تەها سوور بە کردەوەی خۆی ناوبانگی دەرکرد لە کوردستان دا.
هەرکەس دەی پرسی تەها سوور ئەمڕۆ چیکردوە؟ چەند زەربەتی وەشاندوە و چەند دیلی لە دژمن گرتووە؟
دیتنی شەهید تەها سوور، شانازی ئاشنایان و ئاواتی دورە وەڵات بوو.
شەهید تەها سوور لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە شاری بانە لە دایک بووە.
لە 6 ساڵیدا چوە قوتابخانەو تا دووی ڕاهنمایی درێژەی بە خوێندن دا. هەژاری و نەداری ماڵیی باوکی، مەیدانی نەدا لە درێژەدان بە خوێندن. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕژیمی شاو هاتنە سەرکاری خومەینی و دارودەستەکەی، دوای داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان دا، هەستی بە ستەم لێکراوی گەلی کورد کرد و بە ئەرکی سەر شانی خۆی زانی کە چەکی شەرەفپارێزی کوردستان بکاتە شانی.
شەهید تەها سور لە بەهاری ساڵی 1362 دا کرا بە فەرماندەری هێزی شەهید ئارام لە ناوچەی بۆکان و سەقز و لە 26/6/1363 دا بەداوخوازی خۆی کرا بە فەرماندەری لکی شەهیدانی دەشتەتاڵ لە هێزی شەهید سەید خەلیل، دەیویست جادەی بانە سەردەشت لە دژمن بکاتە جەهەننەم. بەڕاستی لەو ماوەدا تا ڕۆژی شەهیدکرانی، ئاوری بۆ دژمن کردبۆوە.
شەهید تەها سوور ئامانجی زەربەت لێدان لە دژمن بوو، لەو ڕێگەدا بێ پەروا بوو لە مەرگ. ژیانی بۆ دژمنایەتی دژمنانی کوردستان دەویست.
شەهید تەها سوور ئەم دوو شیعرەی مامۆستا هێمنی شاعیری بە زۆری دەخوێندەوە:
بۆت نوسیوم بۆت بنوسم ئەمن چیــم
دوندی قەندیل گۆڕەپانی هەڵگورد نیم
بەرەو بەرزایی دەچم گەر چـــی وردم
خاکی بەرپێی تێــکۆشەرێکی کــوردم
بەڵێ بەڕاستی خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کورد بوو.
تەها سووری ڕووسور، لە ڕۆژی 19/ بانەمەڕ/1364 دا، لە شەڕێکی چوار سەعاتی دا لەگەڵ پاسدار و جاشە خۆفرۆشەکان، لە پشتی دارێنە لە کاتی نوێژی شەوان دابە گوللەی جاشێکی ڕوو ڕەشی خۆفرۆش پێکرا و دوای سەعاتێک، گیانی بەرزی بۆ کۆڕی شەهیدانی سورخەڵاتی خەبات هەڵفڕی.
ڕۆژی دوایی لە گۆڕستانی گوندی زەربەنێ بوو بە میوانی شەهید کەریم زەربەنیی لە گۆڕستانی پاکان و چوار قارەمانی دیکە( شەهیدان، عومەر هەڵمەت و نوریە چکۆل و جەلال سلێمانی و جەلال فاتمی)، بەبەرگی سوور خەڵاتەوە بانگ هێشتکرایە لایان.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکیان بێ
ڕێکه‌وت: 2021-05-09 09:16:50
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی