له‌سه‌رهێل 90
هه‌ینی 12 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سۆزێک بۆ جەستەیەکی سووتاو

سڵاو ئەی تیژاوی بەنزین!
سڵاو ئاگری بە کڵپەو تین!
سڵاو چەخماخەی گڕپڕژێن!
تینی گەرمای جەستە سووتێن!
دەمناسنەوە؟ دەزانن کێم؟
من بێهزادم،
هێمای گەرمی و گڕ و ئاگر
ڕۆڵەی رەنجم و خۆڕاگر!.
من بێهزادم،
کوڕِی ئاگر، نەوەی فیداکاری و هەرمان
لە تۆرەمەی باوە گوڕِگوڕِ،
وەچەی سەردارەکەی بۆکان!
تیرێژی گەرمی گەرمیان و،
هەناسە ساردەکەی کوێستان!
بە قەڵاکەی سەردار بڵێن من ئاوارەم
ئێستا میوانی شارەکەی قەڵاو منارەم!
وەک بابە گوڕِگوڕ بە گڕم
لە پێ نەکەوتوم بەگوڕِم.
بە بارستایی مرۆڤ بوون،
کۆڵی خەمی بێ بەشانم لەسەر شانە
ئەوەی وەک خۆم بێ ماف نەبێ،
هەست ناکا بەم برک و ژانە!
ئەمن کوردم، پەنابەرم!
جیا لە دەرگای پەنادەران،
پەنا و هانا بۆ کوێ بەرم؟!
ئەی جاڕنامەی مافی مرۆ!
ئەی بەڵگەی پڕ ڕیا و درۆ
لەلای ئێوە بوومە قەقناس
بوومە سەرچاوەی دەنگ و باس!
ئاخر پێم ناڵێن بۆچی،بۆ؟
ئەو ناوەتان ناوە لە خۆ؟!
نەفرەت لە ویژدانی مردووی،
سەوداگەرانی سپڵە خووی،
بازرگانی فرمێسک و خوێن
بە مردوییش لێم ناگەڕێن
زۆران، پیری ئاخر شەڕێن
شایستەی نەنگ و تف و جوێن!.
دەلێم گەڕین، ڕێگە بەردەن،
با شنەی شەماڵی کوێستانی نیشتمانی داگیر کراو، وەک سۆزی دایکی دڵ بەسۆ، فێنکایەتی بە جەستەی برژاو و هەڵپروزاوم ببەخشێ و بۆ ساتێک دەروونی وەک تەنووری پڕ لە کڵپەم ئارام بگرێ، و سووکە خەوێکی هەتا هەتایی پێڵوی چاوە پڕ لە فرمێسکەکانی چاوەڕوانیم لێک بنێ.
لەم خەوەم دا ئێستا ڕۆحی پڕوزاوم پەپوولێکی باڵ سووتاوی دەوری سۆلەی شۆلەی روخساری کیژە پێشمەرگەی چەک لەشانەو بۆ نیشتمان ئاوارەیە، چاوم لێیە مێش هەنگوینی فیداکاریم بەسەر گوڵی دارسێوی باغەکانی بۆکانەوە، ماندوو ماندوو، بە باڵە سووکە تەنکەکانی جەستەی مۆم ئاسام هەڵدەگرێ و شانەی هەرمان و نەمریمی پێ هەڵدەبەستێ.
ئاخ ! دەلێمگەڕێن با زیرەک بێ و بمدوێنی، بە گۆرانی: هۆ خاڵۆی رێبوار قەزات لە گیانم، ڕێگەم نیشان دە خەڵکی بۆکانم، وەملاوێنێ. قالە مەڕە بە سۆزی شمشاڵەکەی ڕامبژێنێ. حەسەن دەرزی بە گۆرانی وەتەن دەینێ لە ملمایە، بمچڕێ و بچریکێنێ.
ک . ح . رێبوار
٤ی جۆزەردانی ۱٤۰۰ کۆچی خۆری.


 
ڕێکه‌وت: 2021-05-25 09:27:08
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: سۆزێک بۆ جەستەیەکی سووتاو