له‌سه‌رهێل 93
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی شەهید بێهزاد مەحمودی لە هەولێر

 سەرلەبەیانی چوارشەممە، ڕێكەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٦ ی مای ٢٠٢١ی زاینی، ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی شەهیدی ڕەنج و ئاگر شەهید بێهزاد (محەممەد) مەحمودی بە ئامادەبوونی دایك وباوك و كەسوكاری و بەشێك لە دەفتەری سیاسی و سەركردایەتی و ئەندامانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، و هەروەها نوێنەری بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و جەماوەری بەهەست و دڵسۆزی هەولێر و دەوروبەر، لە گۆڕستانی كەسنەزانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە پاش وەرگرتنەوەی تەرمی كاك بێهزاد، بردرایە بەردەم بارەگای نوێنەرایەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر و لە پاش فاتیحایەك، بەرەو گۆرستانی كەسنەزان كاروانی هاورێیەتی تەرمەكە وەڕێكەوتن.
پاش ئەسپەردەكردنی تەرمی كاك بێهزادی جوانەمەرگ، بەرێز كاك كامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات، چەند وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد. بەڕێز كاك كامیل نورانی فەرد وێرای دەربرینی سوپاس و پێزانینی سازمانی خەبات و هاوڕێیان و كەس و كاری شەهید بێهزاد لە ئامادەبوان، ڕایگەیاند كە: بەداخەوە هەروەك كە دوكتۆرەكان پێشبینیان كردبوو، بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوی، شەهید بێهزاد بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كردو بە جەستە بەجێی هێشتین، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهید بێهزاد و هاوڕِێ و هاوخەباتیەكانی و سەرجەم كۆمەڵانی خەلك و هەموو تاكێكی بەهەست و ویژدان دەكەین.
لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوو گەلێك لێكدانەوە و شڕۆڤەی جیاواز بۆ ئەو هەڵوێستە هەژێنەرەی شەهید بێهزاد كراوە، جیاواز لەو هەموو پەراوێزانە، ئەوەی كە جێگەی بایەخ و سەرنجە ئەو خەم و ئازارانەیە كە وای لە شەهید بێهزاد كرد ئەو هەڵوێستە بگرێ. ئەو خەم و ئازارانەی لە نێو هەموو پەنابەرە سیاسیەكانی كوردی كوردستانی ئێران نیشتەجی لە هەرێمی كوردستان دەرد و خەمێكی هاوبەشە. شەهید بێهزاد پارچەیەك لە تابلۆیەكی گەورەتربوو، ئەو هەڵوێستەی ڕەنگدانەوەی بێ بەشی و بێ مافی سەرجەم پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بوو.
لە بەشێكی تری قسەكانی كاك كامیل دا ئاماژەی بەوە كرد كە: لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا لەسەر لایەنی بەرپرسیاریەتی لەو هەڵوێستەی كاك بێهزاد گەلێك ناوەند و ڕێكخراو ناویان هێندراوە، ئەگەر بەشێكیش لەو بەرپرسیارەتیانە لەسەر ئەو ناوەند و ڕێكخراوانەبێ، نابێ ئەوە فەرامۆش بكەین كە تاوانباری ڕاستەقینە و سەرەكی ئەو چارەنووسە خەماویە، تەنیاو تەنیا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێرانن. ئەو حكومەتەی ماوەی ٤دەیەیە بە سیاسەتە دژی گەلیەكانی وە بە سیاسەتی تەبعیز و جیاوازی، ژیانی ١٣ ملیۆن تاكی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وێران و خاپور كردووە. ئەو ڕژیمەی چارەنووسی هەموو گەنج و لاوێكی كوردی تێكشاندووە، وە بە ناچار گەنج و لاو پەڕیوەی وولاتان دەبن و ناچار دەبن و مەجبور دەبن زێد و ووڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن. هەر بۆیە ئەگەر قەراربێ لایەنێك بە بەرپرسیار بزاندرێ وە مەحكەمە و سزایەك بوونی هەبێ دەبێ ئەوە ڕژیمی ئێران بێ.
لە بەشێكی تری وتەكانی بەڕێز كاك كامیل دا ئاماژەی بەوە كرد كە: نابێ لەبیرمان بچێ ئەو خەم و ئازارانە وەك خۆیان ماون و پێویستە ڕێگا چارەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر شاهێدی ڕووداوی لەم چەشنە نەبین و خەم و گرفت و ئازارەكانی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، لانیكەم بەرەو كەمتر بچێ. ئێمە داوا لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بەو جیاوازیەیی كە داواكەمان لە ڕاست ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بێ چاوەڕوانیەو وە لەڕاست حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاوەڕوانیەوەیە، وەك بەشێك، وەك پارچەیەك لەو نەتەوە ئازاردرا و ستەم لێكراوە، داواكارین كە چیتر پەنابەرانی سیاسی بەبیانووی نەبوونی جنسیە، لەپشتی هیچ دەرگایەكی داخراوی هەرێمی كوردستان نەمێننەوە و منداڵانی پەنابەرانی سیاسی، چ لە قۆنەغەكانی خوێندن، وە چ دوای خوێند و دامەزران و تەعین بوون كێشەیان بۆ دروست نەبێ و بەبیانووی غەریبی و نەبوونی جنسیە كێشەی نیشەجێبوون وە خاوەنداریەتی و موڵكداریان نەبێ. كێشەی كاك بێهزاد و هاوچارەنووس سازەكانی كاك بێهزاد كێشەی تەنها لایەنی دارایی و بڕە هاوكاریەكی جارجارەی یوئێن نیە، بەڵكو كێشەكە، كێشەی كەرامەتی تاكی سیاسیە.
ئێمە پێویستە وەك پەنابەری سیاسی بەپێی میساق و جاڕنامە نێونەتەوەییەكان، ئەو مافانەی كە پێمان ڕەوا بیندراوە، بۆمان لەبەرچاو بگیردرێ. داوامان لە حكومەتی هەرێم هەیە هەرچەند دەزانین كە ئەوان تاكە لایەن نین كە بتوانن ئەو گرفتە جێبەجێ بكات، بەڵام هەر هەوڵێك، هەر هاوهەنگاوێك لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بەچاوی ڕێزو سوپاسەوە ئێمە لێی دەڕوانین.
وەك سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لەسەر ئە‌و كەیسە بەردەوام دەبین و لەپێناو دەستەبەربوونی مافەكانی پەنابەران.
سوپاسی هەموو لایەنێك دەكەین كە لەو پێناوەدا هاوكاریمان دەكەن. ئومێد دەكەم جارێكی تر شاهێدی ڕووداوی لەم چەشنە نەبین و هیچ ڕۆڵەیەكی كورد بۆ بیستنی دەنگ و داواكاریەكانی بیر لە ئازاردانی جەستەی خۆی نەكاتەوە، بە جێگەی ئەوه بیرو باوەڕ و هیواو كۆڵنەدان، بكەینە چەك و ئامرازی دەستمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كێشەكانمان.
لە كۆتایی وتەكانی دا كاك كامیل، سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنانەی كرد كە هاوكاریان كردوین و ڕایگەیاند كە: جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانی خۆمان بۆ هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنە سیاسیانەی لەو ماوەدا هاوخەممان بوون بكەین، بەتایبەتیش جەنابی كاك ئومێد خۆشناو پارێزگاری بەڕێزی هەولێر، هەروەها بەڕێوەبەران و كادرو دكتۆرو پزیشكانی نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و هەموو ئەو لایەنانەی كە هاوخەممان بوون. داوا دەكەم هەر كەسێك مافێكی لەلای كاك بێهزادە، گلەیی و گازندە و سوچێكی بەرامبەر كراوە، لێی خۆشبێ و گەردنی ئازاد بكات. خوای گەورەش بە ڕەحم و بەزەیی خۆیی لێی ببورێت و بەبەهەشتی بەرینی شاد بكات. ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ سیاسیانه‌ی که‌ به‌شداریان له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌خاکسپاردن و سه‌ره‌خۆشی شه‌هید بێهزاد دا کرد بریتیبوون له‌:

١. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)

٢. کومەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣. کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٤. پارتی ئازادی کوردستان (پاک)

٥. بزوتنه‌وه‌ی نوێبوونی کوردستان

٦. حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی عێراق

جێی باسە دوا نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران ڕێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ داندرا.

 
ڕێکه‌وت: 2021-05-27 11:58:58
به‌شی ( چالاکیه‌کان )





دیمانه

سیاسی