له‌سه‌رهێل 90
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سەروەری گەل شەهید برایم تاژانی

یادی سەروەران
سەروەری گەل شەهید برایم تاژانی
كاتێك كە ناوی پێشمەرگە دەبردرێ واتاو مانای لە خۆ بردوویی و لە قازانج بووردوویی دێتە دڵی ئادەمیزادەوە. كاتێك كە ناوی شەهید دەبردرێ واتاو مانای تیاچوون و شەهید بوون لە ڕێی ئامانجی ڕەوادا....
كاتێ دەوترێ پێشمەرگە، مەبەست ڕۆڵەی كوردی كەمەر بەستۆ بۆ خەبات و موبارزەیە، كاتێك دەوترێ شەهید مەبەست و مانای ئەوەیە كە سینە بە سینەی دوژمن وێستابێ و شەڕە بەردی مەرگی لەگەڵ دوژمن كردبێ و چێژی لە مەرگی خۆی كردبێ. بەڵام چەند بكرێ مەرگ بە سەر دوژمندا ببارێنێ. كاتێك دەوترێ قارەمان، مەبەست پێشمەرگەی دەست هەڵێن و لێهاتوو و چاو نەترساوە كە وەك بەور دابێتە دوژمن و وەك هەور سامی مەیدانی جەنگ داگرێ. كاتێك دەوترێ شۆڕشگێر مەبەست كەسێكە كە باوەری بە خەباتی گەل هەبێت. بڕەنجێ و شادكرێ، لە شۆڕش هەڵنەبڕێ و قازانجی شۆڕشی بوێ و لە ڕیزی فیداكاران نەچێتەدەر. كاتێك كە دەڵێن پێشمەرگەی شۆڕشگێر قارەمانی شەهید كەسێكە كە ئەو هەموو ماناو مەبەستەی تێدا هاتبێتەدی و بە ئیمان و لێهاتوی و لە خۆبردووییەوە شەهید بووبێ. كاتێك كە ناوی شەهیدی ئاوایی دەبرێ یەكە یەكەی شەهیدان لەناو كۆڕی شەهیدان سەر هەڵدێنن دەڵەی بەناوی خۆیان بانگیان دەكەی و ناویان دەبەی. لە هەرە سەربەرزەكانیان كە گەردی شەهادەت بە ئەندازەی كێلی گلگۆی بەرزە... شەهید برایم تاژانیە ئەو ڕۆڵە باڵابەرز و بە هێرش و بە هەڵمەتە. ئەو ڕۆڵە قارەمانە كە ترس و خاوی نەدەزانی و هەموو هەلێكی بەهەلی خۆی دەزانی، نە ڕامانی بوو نە دامان یەك بە هەزار بوو. لەشكری بێ ژمار بوو سینەی قەڵای بەرگری بوو لە بەری جەنگدا، وە سەری موشەكی ئارپیجی بوو لە هێرشدا. لە ناوی، دوژمن دەلەرزی بە دیمەنی دڵ و جەرگی نەتەوەیی دەتەزی.
شەهید برایم تاژانی كوڕی سەعید لە بنەماڵەیەكی جووتێر و خاوەن زەوی و زار لە ساڵی 1337ی كۆچی خۆڕی لە دێی تاژانی ناوچەی بانە لە دایك بوو.
دایك و باوكی لێی جیا بوونەوەو لە باوەشی گەرمی سۆزی مامەكانی دا گەورە بوو. بەشی خوێندنەوەو نووسینی خوێند. پاشان لە كاری كشتوكاڵ دا لەگەڵ مامەكانی ژیانی مێر منداڵی و شلكە لاوی بردەسەر. لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی خەڵكی ئێران و پێك هاتنی هێزی خەڵك، بوو بە یەكێك لە چەكدارانی پاسگای دێی تاژان و هەر لەوێوە ڕێگای پێشمەرگایەتی كوردستانی گرتەبەر.
لە ساڵی 1359 دا هاتە ڕیزی پێشمەرگە خاوەن باوەڕەكانی سازمانی خەباتەوە. شەهید برایم تاژانی ڕۆڵەیەكی لێهاتوو و چاونەترس و چالاك بوو. پێشمەرگەیەكی لە خۆبردوو و فیداكار بوو، لە زۆربەری جەنگەكانی ناوچەی بانە دا بەشداری كردووە. لە هەموو جەنگێَك دا پەڕێزی دیاربوو. لە دروێنە كردنی دڕك وداڵی دوژمنانی كوردستاندا سەر پاڵە بوو. شەهید برایم 3 جار بریندار بوو بەڵام برینداری ورەی ئەو قارەمانەی بەرزتر دەكرد. شەهید برایم تاژانی لە بانەمەڕی 1362دا كرا بە فەرماندەی لقی شەهیدانی بانە لە هێزی شەهید خەلیل، لە ڕێبەندانی 1363دا كرا بە جێگری فەرماندەی هێزی ناوبراو ماوەیەكی كەمی چەند ڕۆژی لە دەرەوەی ڕیزی پێشمەرگە خۆی دەگرت و بێ ئەو ڕیزە هەڵی نەدەكرد. لەو ماوە كەمە داو بۆ خۆبەخت كردن و زەربەت دان لە دوژمن دەڕۆیی. تیغی جەوهەردار بوو خۆی لە كالان رانەدەگرت و دەستكەوتەكانی بە پاكی هەر بۆ كۆگای خەبات بوو. برایم تاژانی قارەمانی بێ ئەمان بوو، پێشمەرگەی بە جەرگ بوو، ڕۆڵەی تۆڵە بوو، هیواو هومێدی ڕیزی خەبات بوو، ئامانجی خەبات ئاواتی بوو.
برایم تاژانی نازانی چ بوو كێ بوو، دەبێ لە هاوەڵان و خەڵكی ناوچە بپرسی كێ بوو، چۆن بوو؟
ڕێبازی خەبات دەبێ سەری قارەمانی وابكرێ بە پردەبازی سەری ئەوانەی كە بەسەر بەرزی ژیاون و بە سەربەرزی شەهید كراون. گەلی كورد ڕۆڵەی وای زۆرن كە رێی خەبات و شەهادەت بە ئاوەدانی دەهێڵنەوە. شەقامی خەبات بە خوێنی خۆیان دەر دەكێشن، گیانی خۆیان بۆ خەبات دەوێ و سەری خۆیان بۆ پردەبازی ڕێی ئازادی كوردستان داناوە. یادی قارەمانی وەك شەهید برایم تاژانی بۆ شانازی و سەربەرزییە نەك بۆ پەژارەو ژێوانی. قارەمانەكان خۆیان بۆ ئەو ڕێگە دەوێ. گەلی كوردیش بەرخی نێری بۆ قوربانی دەوێ، شەهادەتی سوور خەڵاتە شیاوی ئەوانە، لای قارەمانان مەرگی سەر جێ سووكە و زیانە. بەڵێ هەر بۆیە شەهید برایم تاژانی نەبەزی ونەتەزی درێژەی دا بە خەبات و پێی وابوو شوان تا دانیشێ مەڕی دوور دەكەوێتەوە. ڕۆڵەی كورد نابێت لە خەبات وچان بگرێت. خۆ ئەگەر سەركەوتنی گەلی كورد نەبینێ خۆسەربەرزی
خۆی وگەل بە شەهادەت دەبینێ، وچانی لە خەبات نەگرت لە ڕۆژی 10/3/1364 لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە نزیک گوندی میرەوسوو لە نێوان تاژان و ئارمردە کە سەر بە شاری بانەیە، بەدەیان كەس لە هێزی دوژمنی تێدا كوژران، بە سەربەرزی و ڕوسووری بەرگی سوورخەڵاتی شەهادەت كردەبەر و گیانی پاكی بەرەو بەهەشتی شەهیدان هەڵفڕی و تەرمی پیرۆزی چووە ناو باوەشی نیشتمانەوە.


هەزاران سڵاو لە گیانی پڕ لە شانازی شەهید برایم و هاوەڵانی...
ڕێکه‌وت: 2021-05-31 06:50:39
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی