له‌سه‌رهێل 88
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سەروەری گەل:شەهید عارف خزمەت گوزار

یادی سەروەران
سەروەری گەل:شەهید عارف خزمەت گوزار
ئەو شۆڕە لاوانە كە گوڵی تەمەنیان بە دەست ڕەشەبای داگیركەران هەڵ وەرا، ئەو قارەمانانە كە گیانیان لە پێناو خزمەت بە گەلەكەیاندا بەخت كرد، ئەو ڕۆڵە كوردانەی كە لە گیانیان بووردن و لە مافی ڕەوای گەلەكەیان نەبووردن ناوی پاك و پیرۆزیان بۆ هەمیشە لە مێژووی پڕ لە حەماسەو قارەمانەتی گەلی كورد دا دەمێنێتەوە و یادیان بۆ هەمیشە لە دڵی دانەدانەی گەلەكەمان دا تۆمار دەكرێ. ئەو گیان بەرزانەی كە لە پێناو مافی گەلی كورد دا بەخت كران ئەو خوێنە ئاڵ و گەشانەی كە بە دەستی نگریسی داگیركەرانی ئەم ئاو و خاكە، ڕژانە سەر عەرز بۆ ساتێكیش لە بیر شەرافەتمەندانی گەلەكەمان ناچێتەوە و یاد و بیرەوەیان شەو چەلەی مەجلیسانە و دڵی مردوان گەرم دادێنێ و هەناوی خائینان و خۆفرۆشان دەخا...
ئەو دەستە پیسانەی كە لە شەهیدكرانی پارێزەرانی شەرەف و كەرامەتی گەلەكەماندا بەشداریان كردوە بە دەستی بە هێزی ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان قرتاون و تۆڵەی خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهیدان لە دڵی دانەدانەی خەڵكی بە شەرەفی گەلەكەمان دا بلێسە دەستێنێت و ئاگرەكەی لە گیانی دوژمنانی گەل بەر دەبێت. هەر چەند شەهید كران و كەوتنە سەر عەرز، تەرمی پیرۆزی هەر قارەمانێكی مەیدانی خەبات و تێكۆشان داخ وكەسەرێكی گەورەیە لە سەر دڵی گەل وهەڤاڵانی، هەر لەو كاتەدا گڕو تین بە دڵی شۆڕشگێڕان دەدات و بە ڕژانی خوێنی هەر شەهیدێك حەقانییەتی زیاتری كورد و دوژمنایەتی لە بن نەهاتووی دوژمنانی گەل بۆ هەموو كەس ڕوون دەكاتەوە. لاوانی بە ئەمەگ و فیداكاری كورد كە بە دڵ و گیان هەست بە زوڵم و زۆری داگیركەران دەكەن و تامی تاڵی چەوسانەوەیان چێشتووە بەو پەڕی لە خۆبردوویی و شۆڕشەوە و لەو پێناوەدا لە هیچ چەشنە فیداكاریێك درێغی ناكەن. یادی سەروەرانی گەلەكەمان وەك یەكێك لە یادگارە بە نرخەكانی شۆڕشی ڕەوای گەلی كورد گڕ و تین بە دڵی شۆڕشگێڕان دەبەخشێت و مێژووی پڕ لە حەماسەی ئەو گەلەی پێ دەنەخشێنێت. بەڵێ ڕۆڵە قارەمانەكانی كوردستان كە لەو پەڕی هەژاری و بێ دەرەتانی لە ژێر باری ستەمی چەند قاتی داگیركەراندا ماهییەتی دوژمنانی گەلەكەمانیان بۆ دەركەوتووە هەر چەشنە ڕەنج و نارەحەتیەك لە پێناو ئامانجەكانی شۆڕشدا قەبووڵ دەكەن و بە بێ دوودڵی دێنە ڕیزەكانی شۆڕشەوە و بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجەكانی گەل تا سەرحەدی گیان بەخشین دەڕۆن و بەو پەڕی سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزیان پێشكەش بە بارەگای گەل دەكەن و دەچنە كاروانی شەهیدانی سوور خەڵاتی گەلەوە و بە خوێنی خۆیان سەنەدی حەقانییەتی شۆڕشی گەلی كورد مۆڕ دەكەن. یەكێك لە ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان كە لە پێناوی ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستاندا گیانی بەخشی، شەهید عارف خزمەتگوزار ناسراو بە عارف مەولانەیە.
شەهید عارف خزمەتگوزار كوڕی مەولان لە ساڵی 1339 ی هەتاویدا لە ئاوایی (دەرەتفێ) مەریوان لە بنەماڵەیەكی هەژار و بێ دەرەتانی ئەم كوردستانە چاوی بەدنیا هەڵێنا. شەهید عارف لە بەر هەژاری و بێ دەرەتانی بنەماڵەكەی نەیتوانی بچێتە مەدرەسە و ئەویش بە ڕیزی هەزاران لاوی بێ سەودای ئەم كوردستانە زیاد بوو. شەهید عارف كە لە بنەماڵەیەكی جوتێر و هەژار بوو بە یارمەتیدانی بنەماڵەكەی لە كاروباری وەرزدا هەر لە منداڵییەوە و لە تەمەنی 8 ساڵیدا لە كاتێكدا كە هێشتا كرچ و كاڵ بوو قۆلی بۆ كاركردن هەڵماڵی و دەستی بە كارو كاسبی كرد. شەهید عارف هەر لە منداڵییەوە تاڵی چەوساندنەوەی چێشتبوو چونكە لە سایەی داگیركەرانەوە هەر لە منداڵییەوە بۆ پەیداكردنی بژێوی بنەماڵەكەی سەرەڕای كاری وەرزێری لەگەڵ براكانی مەجبوور بوو بۆ شارە فارس نشینەكانی ئێران بچێت. دوای ڕوخانی ڕژێمی شایەتی و هاتنە سەركاری ڕژێمی ئاخوندان و هەڵایسانی شۆڕشی كوردستان شەهید عارف خزمەتگوزاریش هەر وەك باقی ڕۆڵەكانی كوردستان عیزەتی بزووت و خۆی پێڕانەگیراو لە پاییزی 1360 دا هاتە ڕیزی شۆڕشی كوردستانەوەو ئەوەی لە توانای دابوو بۆ ئەركی شۆڕش بە كاری دەهێناو درێغی نەدەكرد. عارف كورێكی قسەخۆش و لە بەردڵان بوو بە دەنگە خۆشەكەی زۆر جار مەجلیسی گەرم دادێنا. پاش ماوەیەك نێردرایە زیندانی مەركەزی سازمان و بە جوانی ئەركەكانی بەجێ گەیاند. لە بەهاری ساڵی 1368دا نەقڵی مەڵبەندی 1ی سازمانی كرا و لەو مەڵبەندەشدا وەك پێشمەرگەیەكی ئازاو فیداكار مەئمووریەتەكانی بە جێ دەگەیاند بە جۆرێك كە لە جەولەی سیاسی نیزامی پێشمەرگەكانی ئەو مەڵبەندە لەو ساڵەدا لە ناوچەی مەریوان دەوری باشی گێڕاو لە زۆربەی شەڕەكانی ئەو ساڵەدا واتە 1368 ئازایانە بەشداری كرد. بە داخێكی گرانەوە لە شەوی 20 لە سەر 21/ جۆزەردان/1369 دا لە كاتی بە جێ هێنانی مەئموورییەتی سازمانی دا مینێكی دوژمن لە پشت ئاوایی ( نیروان)ی ناوچەی بانە لە ژێر پێی دا تەقیەوە و لەگەڵ هەڤاڵێكی قارەمانی دیكەی شەهید بوون و گیانی پیرۆزیان بۆ بەهەشتی شەهیدان فڕٍی و بە جووت چوونە كاروانی شەهیدانی كوردستان.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید عارف و هەواڵانی
ڕێکه‌وت: 2021-06-12 10:37:32
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی