له‌سه‌رهێل 89
یه‌ک شه‌مه‌ 10 گه‌لاوێژ 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەڕێوەچوونی سیمینارێک بە بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حسینی

لە بنكەی سەرەكی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، سیمینارێک بە بۆنەی یانزەهەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حسینی، بەڕێوەچوو.
ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی ٢٥ی پوشپەڕ، لە بنكەی سەرەكی سازمانی خەبات، بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەركردایەتی و كادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگران، سیمینارێک لە ژێر ناوی (ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حسینی، یەكێک لە ڕێبەرانی گەلی كورد و ڕەمزی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی لە كوردستان)، بەڕێوەچوو.
ئەو سیمینارە كە لە دوو بڕگە پێک هاتبوو، بڕگەی یەكەم تایبەت كرابوو بە دوو پانێل بۆ بەڕێزان (دوكتور دڵشاد زاموا) مامۆستای زانكۆ، (سەیید كامیل نورانی فەرد)، ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران.
جێی باسە كە بەڕێز دوكتور دڵشاد زاموا، لە تەوەری باسەكەی دا لەژێر ناوی ( ڕووداوە مێژووییەكانی نیشتمان لە بەرهەمە ئەدەبیەكانی مامۆستا (پەژار) دا)، تیشكی خستە سەر لایەنی ئەدەبی ڕێبەری گەورەی گەلەكەمان، مامۆستا شێخ جەلال حسینی و باسی لە سەرەتای چۆنیەتی دەستپێكی كاری ئەدەبی بەڕێزیان کرد، هەروەها تێڕوانینە ئەدەبیەكانی و توانا و لێهاتووی ئەو زاتە.
بەڕێز زاموا، باسی لەوە كرد كە یەكەم بەرهەمی ئەدەبی كوردی مامۆستا كە بۆ پێشمەرگە نوسیبوی، لە ڕۆژنامەی كوردستانی كۆماری كوردستاندا بڵاو كرایەوە و ئەو ڕۆژنامەیەی بە هەل زانی تاوەکو هەستی نیشتمان پەروەری، کە بە هۆنراوە دەربڕِی دەکرد، بڵاوبکاتەوە...
دوكتور دڵشاد، لە درێژەی قسەكانی دا باسی لەوە كرد كە مامۆستا شێخ جەلال، لە بەرهەمە ئەدەبیەكانیدا بەشێوەیەكی بەرفراوان سودی لە ڕەمز و هێما وەرگرتووە و هەریەكە لەو ڕەمز و هێمایانەشی كە بەكاری هێناون، دەلالەت بوون لە كارەسات و بەسەرهاتی كە بەسەر گەلی كورد و كوردستان دا هاتوون.
ناوبراو لە درێژەدا هەروەها باسی لەوە كرد كە مامۆستا هەریەك لە ڕووداو شۆڕشەكانی گەلی كوردی، بە شێعر و بەرهەمی ئەدەبی وەسف كردووە و گلەیی و گازەندە و ڕەخنەكانیشی بەهەمان شێوە بە بەرهەمی ئەدەبی دەربڕیوە.
لە درێژەدا وتی، کە دیوانی مامۆستا (پەژار)، وەک دیوانەکانی، نالی و سالم و گەورە شاعیرانی کوردستان دێتەوەو گرنگە لە قوتابخانەو زانکۆکان کەڵکی لێوەرگیرێت.
پانێلی دووەمی سیمینارەكەش تایبەت كرابوو بۆ قسەو باسەكانی بەڕێز (سەیید كامیل نورانی فەرد) ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات، لە ژێر ناوی (بیرو هزر و تێڕوانینە سیاسیەكانی مامۆستا شێخ جەلال حسینی).
بەڕێز نورانی فەرد، لە پانێلەكەیدا تیشكی خستە سەر لایەنی ژیانی سیاسی و بیرو هزرە سیاسەكانی مامۆستا شێخ جەلال حسینی و باسی لەوە كرد كە مامۆستا ڕێبەرێكی كاریزما بوو، لە درێژەدا وتی كە پێویستە مامۆستا وەك ڕێبەر ناوزەد بكرێ نەك وەكو سەرۆک و سەركردە، چونكە مامۆستا خولقێنەر، ڕێنیشاندەر و ڕێبەری گەلێكی كردووە و بە لە خۆمایەدانان و پێشەنگایەتی، توانیویەتی وزە و پۆتانسێلی کۆمەڵانی خەڵک کانالیزە بکات و لە ڕێگەی تێکۆشان و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان، هیدایەت بکات.
بەڕێز نورانی فەرد، لە درێژەدا وتی كە مامۆستا ڕێبەرێكی نەتەوەیی و خەمخۆری گەلی كورد بوو بە شێوەیەكی گشتی، واتە مامۆستا ڕێبەرێكی نەتەوەیی بوو. دواتر تیشکی خستە سەر چەندین هەلوێستی گرینگی سیاسی کە لە ماوەی تێکۆشانی سیاسیدا ئەوپەڕی لێهاتوویی مامۆستای دەرخستووە و دەرئەنجامی گرینگی بە دوای خۆیدا هێناوە.
لە دوای قسە و باسەكانی هەردووک بەڕێزان، ئامادەبووان كۆڕەكەیان بە پرسیار و تێبینیەكانیان دەوڵەمەندتر كرد.
بڕگەی دووەمی سیمینارەكە تەرخان كرابوو بۆ پیشاندانی كورتە فیلمێک لەسەر مێژووی ژیاننامەی مامۆستا شێخ جەلال حسینی.


ڕێکه‌وت: 2021-07-18 10:30:19
به‌شی ( چالاکیه‌کان )





دیمانه

سیاسی