له‌سه‌رهێل 45
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی پیرۆزباییی سکرتێری گشتی بە بۆنەی چل ویەكەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران


هاونیشتمانی تێكۆشەر!

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی!

زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەرانی شۆڕشگێڕ!

سەرەتا پیرۆزبایی گەرمتان پێشكەش دەكەم بە بۆنەی چل و یەكەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات، بە ناوی سازمانی خەباتەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە سازمانی خەبات وەك هەمیشە سەنگەری تێكۆشان و بەرخودان دەبێ‌ لە بەرانبەر داگیركەران و ستەمگەران و دیكتاتۆراندا. بە پێویستی دەزانم باسێكی كورت لە سەر فەلسەفەو ئامانج و هۆی پێكهاتنی سازمانی خەبات باس بكەم دامەزرانی سازمانی خەبات لە هەلومەرجێكدا بوو كە خومەینی فەرمانی جیهاد و شەڕی دژی گەلی كورد ڕاگەیاند و كوردستان كەوتبوە بەر پەلامارو هێرشی پاسدارو هێزی چەكداری ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو. بەو پێیە یەكێك لە هۆكانی پێكهاتنی سازمانی خەبات،بە مەبەستی بەره‌نگاریكردن بەرانبەر ستەمكاری ودیكتاتۆری و خۆسەپێنیدا بوو.
سازمانی خەبات لە ناو جەماوەری كوردستان و لە سەر دەستی چەندین كەسایەتی و تێكۆشەری گەلی كوردو بە ڕێبەرایەتی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی دامەزراو پێكهاتنیشی زەرورەت و پێویستیی مێژوویی بوو. سازمانی خەبات لە ناوخۆی كوردستان و بە پشت بەستن بە جەماوەرو بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و دوور لە ڕێنوێنی بێگانەو خارجیی دامەزرا.

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران  خاوەن خەت و بەرنامەیه‌كی نەتەوەیی و نیشتمانی بووەو هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە ئەوە ڕێبازی بووە، تەنانەت ئەو چەند ساڵەی كە بە ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی كوردستانی ئێران تێكۆشاوەو بە تایبەت لەو ساڵانەی دوایشدا كە بە ناوی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران تێكۆشانی درێژە پێداوە، بەردەوام بووە لە ئەركی پیرۆزی شۆڕش و موبارزە لە پێناو هاتنە دیی ئامانجەكانی تێكڕای چین و تۆێژەكان و هەموو پێكهاتە فكری و ئایینیەكانی كوردستان.

سازمانی خەبات خاوەن ڕێبازو خەتی نەتەوەیی و نیشتمانیەو  ئامانجی سەركی هەوڵ بۆ یەكدەنگی دروست كردن و پێكەوە كاركردن و لێك گەیشتنی تێكڕای بیروباوەرو فكرەكانه‌ و له‌سه‌نگه‌ری نەهێشتنی هەستی خۆسەپاندنی فكری و ئایینی و قۆرغ كردنی دەسەڵات لە دەست چینێك و باوەڕێكی دیاریكراو دایه‌. خەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خەتێكی سەردەمیانەیەو بەربەرست دروست دەكا لە بەر دەم كەسانێك كە هەوڵ دەدەن جیاوازی مەزهەبی و ئایینی،جیاوازی چینایەتی،جیاوازی ڕەگەزی پەرە پێ‌ بدەن.

ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی جەماوەر بەرەو ئاشتەوایی و هاوكاری و هاودەنگی هان دەدات، بە شێوەیەك كە باوەڕەكان و جۆری بیركردنەوەكان نەبنە بەربەست لە حاست ئەرك و خزمەتە نیشتمانیەكاندا. سازمانی خەبات پێ‌ وایە موسڵمان و یا چەپ و غەیرە موسلمان، شیعەو سوننی، ئەهلی حەق و یەهودی و مەسیحی و بەهایی، لە كوردستاندا خاوەن بەش و هاوچارەنووسن و هەموو پێكەوە تواناكانیان بۆ خزمەتی نیشتمان و بەرەوپێشبردنی بەكار بێنن و نابێ‌ هیچ كات ڕێگە بدرێ‌ كوردستانی ئێران، وە بە شێوەی گشتی سەرانسەری ئێران لە داهاتودا بكرێتە مەیدانی جەنگی ئایینی و مەزهەبی و خۆ فەڕز كردنی ئەم باوەڕ بە سەر باوەڕێكی دیكەدا.

كارو چالاكی دڵسۆزانەو پاكی سیاسی و پێشمەرگانەی سازمانی خەبات لە ماوەی چل و یەك ساڵدا و چاوپۆشی لە قازانجی سازمانی لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە سازمانی خەبات خاون پرنسیپ و خاوەن بەرنامەیەو بە حەق بۆ خزمەتی جەماوەری كوردستان و بۆ دابین كردنی ئازادی و بەختەوەری كۆمەڵگەی كوردەواری پێكهاتوە.

شۆڕشی خاوێن وهەڵوێست و سیاسەتی دروست و سنوور دانان لە نێوان شۆڕشگێڕ و دژە شۆِرش و سنوور دیاری كردن لە نێوانی لە گەڵ دوژمن و داڕشتنی ئیستراتیژیك و بنەڕەتی لە كاری شۆڕشگێڕانە لە شوناسەكانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانە. هیچ وولاتێكی بێگانەو هیچ دەسەڵاتێك نەیتوانیوە كارێگەری هەبێ‌ لە سەر سیاسەت و تێكۆشانی سازمانی خەبات و لە پێنجی خەرمانانی ساڵی ١٩٨٠ زایینی تا ئێستا هیچ دژمنێك نەیتوانیوە كەڵك لە سازمانی خەبات بۆ زیان گەیاندن بە هیچ لایەن و هیچ پێكهاتەیەك وەرگرێ‌. ووت وێژ و دانوستان لە گەڵ ڕژیمی ئاخوندی بە خەتی سوور دەزانین كە ئەو بڕیاڕەی هەڵقوڵاوی فەلسەفەو بنەڕەتی شۆرشگێرانەیەو لە ئاكامی سیاسەت و بریاڕی دژمنە بۆ وێران كردنی كوردستان و تەفروتونا كردنی گەلی كورد، و بە شێوەێكی بەرینتر بۆ وێرانكردنی ئێران بەگشتی و لە ناوبردنی تەدریجی و قۆناغ بە قۆناغی خەڵكی ئێرانە.

باس كردنی ئەوانەی سەرەوە، شیكردنەوەو خستنە ڕووی فەلسەفەو بنەڕەت وهۆی پێكهاتنی سازمانی خەبات و ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی و شێوەی كارو هەڵسوڕان و خزمەت بە گەلی كوردو شۆرشی ڕەوا بەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی لە ئێرانە. بەو بنەماو پێناسە سەرەتاییانەی باسم كردن بوونی فەلسەفەو  ڕەسەنیەتی سازمانی خەبات وەك یەكێك لە ڕەواترین و خاوەن بەرنامەی دروستی سیاسی و هەڵقوڵاوی ئیرادەو ویستی بەشێكی بەرچاوی جەماوەری كوردستانەو هەر بۆیە كارو هەڵسوڕان بۆ چالاك كردنی زیاتر و پارێزگاری لە مەوجودیەت و مانەوەی لە مەیدانی كاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدا ئەركێكی پیرۆزەو خزمەتە بە ڕەوتی دیموكڕاسی ودابین كردنی ئازادی لە كوردستاندا.

هەروەها فیداكردنی گیانی دەیان ڕۆڵەی قارەمان و سەركردەی پێشڕەوی كوردایەتی و ئازادیخوازی سەڵماندی كە سازمانی خەبات، چه‌نده‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌کانی.

هاونیشتمانیانی هێژا!

ئامادەبوانی بەڕێز!

ڕۆژی پێنج شەممە ٤ ی خەرمانان كابینەی ئاخوند ڕەئیسی لە لایەن مەجلیسی ڕژیم متمانەی وەرگرت.هەموو دەزانین كە ئاخوند ڕەئیسی یەكێك لە ئاخوندە نزیكەكان و هاوكارەكانی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمە كە بە دیاری كردنی ناوبراو بۆ سەرۆك كۆماری ڕژیم، سێ‌ كوچكەی دەسەلات یەكیان گرت و تەواوی پێكهاتەو ئورگانەكانی ئیجرایی و قانون دانان و قەزایی لە دەست مۆرە دیارەكانی خامنەییەو تاوانبارەكان و جەللادەكانی قەتڵوعام كردنی زیندانیانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی موجاهیدین و تێكۆشەرانی كورد، ئێستا ئەهرومی دەسەڵاتیان بە دەستەو هەموو لە ژێر دەستی خامنەیی و موجتەبای كوڕیدان.

بە یەك دەست بوونی سێ‌ كوچكەی سیستم و پێكهاتەی دەسەڵات، هەلومەرج لە ئێراندا خراپتر دەبێ‌ و خەڵك زیاتر لە ڕابردوو دەكەونە بەر هێرش و سەركوت و شكەنجەو، ئیعدامی زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەران زیاتر پەرەدەستێنێ‌ و ناوەندە ئەمنیەتیەكانی ڕژیم دەست ئاوەڵە تر دەكرێن بۆ ئەوەی ژیانی ڕۆژانەو سات بە ساتی خەڵك بخەنە بەر چاودێری كردن. سەركوت و چەوساندنەوەی زیاتری جەماوەر لە بەرنامە و كارە بنەڕەتیەكانی ئەم  پێكهاتە حوكمڕانیە دیكتاتۆریەدا دەبێ‌ و سیاسەت و كار كردیان لە سەر ئەو بەراوردو بیركردنەوە دیكتاتۆرانەیان دادەڕێژن كە كوشتن و لە ناو بەردنی ئەو كەسانەی دژایەتی دەسەلات دەكەن هۆی مانەوەی دەسەلاتی دواكەوتوو دیكتاتۆریانەو هەر بۆیە هیچ سنوور و بەربەستێك لە بەردەم خۆیان نابینین بۆ تاوانكاری و لە پێناو مانەوەی دەسەڵات.

دەسەلاتداران ئەو ڕێچكە پیس و پۆخڵەی كە هەر لە سەرەتاوە خومەینی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی گرتیە بەر كە دو نمونەی ئەو سیاسەتی پاكتاوكردنی موخالفان، فەرمانی جیهاد بۆ سەر خەڵكی كوردستان و فەرمانی قەتڵو عامی زیاتر لە ٣٠٠٠٠ هەزار زیندانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ كۆچی خۆری بوو.لەم كاتە حەستەم و مێژووییەدا جەماوەری ئێران بە یەكگرتوویی و بە خەباتی یەكانگیر دەتوانن بەربەستێكی ئاسنین بن لە بەرانبەر سەركوت و چەوسانەوەو بە ناڕەزایەتی سەرانسەری دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی بڕوخێنن.  هاك كرانی دوربینەكانی زیندانی ئەوین و لێدان و شكەنجەی زیندانیان لە لایەن بەكرێگیراوانی ڕژیم، هێرشی بەكرێگیراوانی ڕژیم بۆ سەر خولەفای ڕاشیدین و خێزانی پێغەمبەری ئیسلام دژایەتی كردنی بەرنامە بۆ داڕیِژاوی دەسەلات بۆ سەر هاووڵاتیانی سوننی لە ئێران، وێران كردنی شۆێنی ژیانی بەهائیەكان لە (ایول) لە ئوستانی مازندەران و داگیركردنی موڵك و ماڵەكانیان و سەركوتی كرێكاران و جوتیاران و سەركوتی پێكهاتە نەتەوەییەكان لە ئێران و بە تایبەت نەتەوەی كوردو كوشتنی كۆڵبەران و برسی كردنی خەڵكی ئێران و دزی و فەسادی بەرپرسان و گەندەڵی و پەرەپێدانی فەسادی كۆمەڵایەتی بەرهەمی ٤٣ ساڵ دەسەلاتی ئاخوندی بووە حكومەتی ڕەئیسی زیاتر لە ڕابردوو پەرەی پێدەدا.

یەكێكی دیكە لە ئامانجە چەپەلەكانی دەسەڵاتداران، كار نەكردن و ڕیگری نەكردن بۆ بڵاو بونەوەی نەخۆشی كۆڕونا لە ئێران و بێ‌ دەربەستیان بە مردنی خەڵكی بێ‌ تاوان بووە.ئاخوندەكان نەخۆشی كۆڕۆنایان وەك هۆیەك بۆ بێ‌ دەنگ كردنی جەماوەری ئێران و كەم كردنەوەی ناڕەزایەتیەكان بەكار هێنا.بە داخەوە كۆڕۆنا تا ئێستا بۆتە هۆی مردنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دانیشتووی ئێران و دەسەڵاتداران لە سەرویانەوە خامنەیی گرینگی بە چارەسەرەكان و هێنانی واكسین لە وولاتانی دیكە نادەن و دەبێ‌ واكسینی ناوخۆیی بەرهەم بهێنن.

ڕێبەری ڕژیم لە سەرەتادا ڕایگەیاند ڕێگە بە هێنانی واكسین لە ووڵاتانی ئەمریكاو ئینگلستان نادرێ‌ و بەم دواییانەش لە بە هۆی فشاری ناوخۆیی ڕایگەیاند كە هێنانی واكسین لە وولاتانی دیكە ڕێگە پێدراوە. سیاسەت و كردەوەی دژمنانەی دەسەڵاتداران لە حاست وایرۆسی كوشەندەی كۆڕۆنا دەرخەری بی دەربەستی و دژمنكاری ئاخوندەكان بەرانبەر جەماوەری ئێرانە. سیاسەتی خارجی و دەرەوی ڕژیم هەر وەك چۆن لە ڕابردوودا پشتی بە هەرەشەو ئاژاوەگێڕی لە وولاتانی ناوچەكەو  جیهان بستبوو سەرمایەی خەڵكی ئێرانی بۆ پێكهاتنی گروپ و تاقمە ترۆریستیەكان و خەرجی مانەوەو بەردەوام بوونیان و كردەوە ترۆریستیەكانی خەرج كردوە بێگومان لە ڕۆژان و مانگەكانی داهاتوو بە بونی ئەم پێكهاتە قاتڵ و جینایەتكارەی دەسەڵات، شاهیدی كردەوەی ترۆریستی دەست و پێوەندەكانی ئەو ڕژیمەو دەست تێوەردانیان لە كاروباری ووڵاتانی ناوچەكەو شەرخوازی لە ناوچەكەدا دەبین.

 بە ناوی سازمانی خەباتەوە داوا لە هێزە سیاسەكانی كوردستانی ئێران دەكەم هاودەنگی و هاوكاریەكانمان لە سەر خەبات بۆ ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و خەبات بۆ دابین كردنی مافەكانی گەلی كورد یەك بخەین و ئەو دوو خاڵە بنەڕەتیە كە بریتیە لە ڕوخانی ڕژیم و مافەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی ئێراندا بكەینە بنەمای كاركردنمان. هەروەها داواكارم هێزو لایەنەسیاسیەكانی كوردستانی ئێران  هاوشێوەی سازمانی خەبات، هاوكاری كردن و هاوبەشی كردن لە گەڵ ئوپۆزیسیۆنی ڕژیم واتە سازمانی موجاهیدینی خولقی ئێران و شوڕای میللی مقاومەتی ئێران ڕەوتی روخانی ڕژیم خێراتر بكەین و هەروەها بۆ پێكهاتن و دامەزراندنی حكومەتی سكۆلارو دیموكڕاتیك لە ئێران تێ‌ بكۆشین.

لە گەڵ پیرۆزبایی دوبارەم بە بۆنەی ٤١ یەكەمین ساڵیدای دامەزرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران.

 سكرتێری گشتی بابەشێخ حوسەینی

 ٥ ی خەرمانانی ١٤٠٠ كۆچی خۆری
ڕێکه‌وت: 2021-08-29 17:56:10
به‌شی ( سکرتێری گشتی )





دیمانه

سیاسی