له‌سه‌رهێل 73
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
نزیكی لە ڕژیمی ئێران لاوازی و لە ناوچوونە

ژاڵە سنەیی
كاتێك لە مێژووی 43 ساڵ دەسەڵاتداری ئاخوندەكان لە ئێران دەڕوانین، بەرهەمی ئەو دەسەڵاتە بێجگە لە دواكەوتویی ،جەنگ،ترۆر،زیادبوونی فەسادی كۆمەڵایەتی و ئیداری، هەڵاوسانی ئابوری و هەژاری و مردن و لەناوچوونی خەڵك بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریە پزشكیەكان و دەیان كێشەی دیكە، هیچ خێرێك و بەرهەمێكی باشی بۆ جەماوەری ئێران نەبووە.
دیارە سەبارەت بە پێوەندیە سیاسیەكان و نزیكی لەو ڕژیمەش پێناسەو مێژووی خۆی هەیەو جێگەی بەراوردە، لە مێژووی دەسەڵاتی ئاخوندیدا هەر لایەنێكی سیاسی ئێرانی، لە حكومەتی خومەینی نزیك بوبێتەوە، تووش هەرەس و داڕمان و لە ناوچوون بووە.
ئەو لایەنە سیاسیانەی پێیان وابووە بە نزیكی لە دەسەڵاتی ئاخوندی دەتوانن درێژە بە كاری سیاسی بدەن، كەوتونە بەر بەرداشی ڕژیم و یا لە ناوچوون و یا ئاسەوارێكی ئەوتۆیان لێ‌ نەماوە. حیزبی تودەی ئێران و سازمانی چریكە فیداییەكانی ئەكسەریەت وەك دوو هێزی دیارو گەورەی سیاسی لە ئێران و لە كوردستانی ئێرانیش ئەو لایەنانەی هەوڵیاندابێ‌ لە ڕژیمی ئاخوندی نزیك ببنەوە تووش قەیران و كێشە هاتوون.
سەبارەت بە ناوچەكەو جیهان و ئەو حكومەت و دەسەڵات و حیزبانەی لە ڕژیمی ئاخوندی نزیكن، ئەو چارەنووس و هەولومەرجە سەخت و نالەبارەیان هەیە كە خەڵكی ئێران 43 ساڵە تووشی هاتوە. ووڵاتی لوبنان بە هۆی دەستێوەردانەكانی ئەو ڕژیمە بەرەو وێرانی دەچێ‌ و لە ئێستادا پێداویستیە سەرەتاییەكانی ژیان و خزمەتگوزاریەكان وەك برق و ئاو بەنزین، یا هەر نیە یا زۆر كەم بووەو نرخی خواردەمەنیەكان بە ڕادەیەك بەرزە كە خەڵكی لە ڕابردوو دەوڵەمەندی لوبنان و لە ئێستا هەژار توانای كڕینیان كەم بووە.
ووڵاتی یەمەن بە هۆی كردەوە دژمنكاریەكانی ئاخوندە دەسەڵاتدارەكانی ئێران تووش جەنگی درێژخایەن و وێرانی و گرانی و دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بووە. ووڵاتی عێراق بە هۆی هەژمونی دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران و دەستێوەردانەكانی، تا دێت بەرەو ئاڵۆزی زیاترو پەرەگرتنی جەنگی مەزهەبی و سەرهەڵدانی گرانی و بێكاری و برسیەتی و هەژاری و نەبونی خزمەتگوزاری دەبێ‌.
دیارە نمونە زۆرن كە ئەو ڕاستیە دەردەخا ڕژیمی ئاخوندی ئێران سەرچاوەی مەینەتی و بەڵایەو هەر كەس گومانی لەو ڕاستیە هەیە با بە وردی چاو لە هەلومەرجی ئەو ووڵات و دەسەڵات و حیزب و تاكانە بكات، بۆیە هەر حكومەت و دەسەڵات و هەر حیزبێك و هەر تاكێك هەوڵی نزیكی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو ڕژیمە بدات و یا بە گرینگی بزانێ‌ كە لەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرو قێزەونە نزیكە، لێیان ڕوون بێ‌، سەنەدی لە ناوچوون و یا لاواز بوونی خۆیان ئیمزا كردووە.
ڕێکه‌وت: 2021-09-02 20:55:00
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی