له‌سه‌رهێل 97
دووشه‌مه‌‌ 3 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
خەباتی نەتەوەیی كورد بە تەبایی و خۆراگری رێگە دەبڕێ

ن : بەختیار عەزیزی
رۆژی سێ شەممە رێكەوتی 16ی خەرمانانی 1400ی هەتاوی، محەمەدی پاكپوور بەرپرسی هێزی وشكانی سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی لە كاتی سەردانی بۆ بنكە سنووریەكانی هێزەكەی، هەڕەشەی لە ئەحزابی كورد لە كوردستانی ئێران كرد كە بنكە و مقەراتیان لە هەرێمی كوردستانەو داوای لە خەڵكی مەدەنی نزیك لە بنكە و بارەگاكانی ئەو هێزانە كرد كە دووركەونەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگا. دوابەدوای ئەوە رۆژی پێنج شەممە 18ی خەرمانان سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان و تۆپباران هێرشی كردە سەر ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنكەی ئەو لایەنانەی لە ناوچە سنووریەكانن كردە ئامانج.
ئەو هەڕەشە و هێرشانەی رژیم بۆ سەر هێز و لایەنە سیاسیەكان لەكاتێكدایە كە چەند حەوتوویەك لەوە پێش كردەوە تیرۆریستیەكانی دژ بەو لایەنانە لە هەرێمی كوردستان دەست پێ كردەوەو موسا باباخانی ئەندامی سەركردایەتی حدك یان لە هەوڵێر تیرۆر كرد و هەوڵێكی تیرۆریستی دیكەیان كە ئەندامێكی سازمانی خەباتی كردبووە ئامانج، پێشوەختە ئاشكرا بوو.
هەروەها رژیمی ئاخوندی بە هەموو شێوەیەك فشاری خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق بۆ ئەوەی هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران لە هەرێم دەركەن یان دەستێوەرانی سەربازی دەكەن.
ئەگەر چی ئەم جۆرە هەنگاوانەی رژیمی ئاخوندی دژ بە بزوتنەوەی كوردستانی ئێران لە مێژ ساڵە تەجروبە كراوە و ئەحزابی ئێمە هەموو جۆرە دڕندەییەكیان لەو رژیمە و هێزە تیرۆریستەكانی ئەزموون كردووە، بەڵام ئەو هەوڵ و هەنگاوە نوێیانەی رژیم لە كاتێكدایە كە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە وەزعێكی ناروون و تەموومژاوی تێپەڕدەبێ، هەر بۆیە هەوڵەكانی رژیم دەتوانێ مەترسی جیددیتر بۆ سەر بزوتنەوەوەكەمان دروست بكات.
پێش هەر شتێك پێویستە هێز و لایەنە كوردستانیەكان بە هەست كردن بە مەترسیەكانی رژیم، هەنگاوی كردەیی و خێرا بۆ كەمكردنەوەی زیان و خەسارەتەكان هەڵگرن. یەكیەتی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسیەكان وەك هەنگاوی یەكەم دەتوانێ ورە و ئیرادە بە جەماوەر و هێزی پێشمەرگە بدات. هەروەها بریاری بەجێ بۆ رابوون و هەستانەوەی خەباتی جیددی و بەرەورووبوونەوەی مەیدانی لەگەڵ رژیمی ئاخوندی و خۆراگری لە هەموو بارەكاندا دەتوانێ بزوتنەوەی كوردستانی ئێران لە بزوتنەوەیەكەوە كە تەنیا لەگەڵ هەلومەرجەكان خۆی دەگونجێنێ و لە حاڵەتی چاوەروانیدایە بۆ بزوتنەوەیەكی كاریگەر و چارەنووسساز بۆ نەتەوەكەی گۆرانی بەسەردا بێ.
ئەم ئیرادەیە پێویستی بە هەنگاوی عەمەلی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران هەیە و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لەسەر رێنوێنی كاك بابەشێخی حوسەینی سكرتێری گشتی ئامادەیە بۆ هەر هەنگاوێك كە ئاكامەكەی یەكیەتی و تەبایی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی بە دوادابێ و لە پێناو هاتنەدیی ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات ئامادەیە بە خۆراگری و مقاومەت و هەنگاوی مەیدانی و جیددی كار بۆ هەستانەوەی شۆرش و خەبات بكات و لەو پێناوەشدا ئامادەیە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هاوكاری و هەماهەنگی هەبێ.
سازمانی خەبات وەكوو هێزێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و سەنگەری یەكخستنی هێز و پوتانسیەلی تێكڕای دین و مەزهەب و بیر و بۆچوونەكانی كوردستان، بە مەبەستی سەرخستنی خەباتی نەتەوەی كورد و هاتنەدیی تێكڕای ماف و ئازادیەكانی ئەو نەتەوەیە لە ئێراندا هەموو هەموو هەوڵ و هێزی خۆی بۆ بەرەورووبوونەوەی رژیمی ئاخوندی و تا روخانی یەكجاری ئەو دەسەڵاتە دژە كوردە بێ پسانەوە و هەدادان لە مەیداندا بمینێتەوە.
ڕێکه‌وت: 2021-09-19 18:58:23
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی