له‌سه‌رهێل 95
دووشه‌مه‌‌ 3 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەلامارەكانی رژیم دووبارەكردنەوەی ئەزمونە شكستخواردوەكان!

عەلی بەهرامی
لە ئێراندا پرسی نەتەوەی جیاجیا لە ئارادایە كە یەك لەوان پرسی نەتەوەی كورد و داگیركرانی خاك و نیشتمانەكەیەتی كە یەكێك لە مەسەلە و پرسەكان لەو وەڵاتەیە تا ئێستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.
لەدوای جەنگی چاڵدیران لە ئوتی 1514ز و رێكەوتنی زەهاو لە لە 1639 كە دابەشبوونی كوردستانی بەسەر دوو بەشی سەفەوی و عوسمانی لێكەوتەوە، نەتەوەی كورد لە ئێران لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هەستی بە ژێردەستەیی، خاك داگیركراوی كردووە، هەستی جیاكاری، سیاسەتی سەركوت و پاكتاوی نژادی، زمانی، مەزهەبی و فەرهەنگیشی بە شێوەی سیستمامتیك لەسەر جێبەجێ كراوەو بەردەوام وەكوو نەتەوەیەكی نامۆ و جێی گومان هەڵسوكەوتی لەگەڵ كراوە.
بەتایبەت لە 100 ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران كار لەسەر سیستمی دەوڵەت نەتەوە دەكەن و ئێران بە یەك نەتەوە، یەك خاك و نیشتمان و یەك مەزهەب پێناسە دەكەن. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیان داوە هەموو جیاوازیە نەتەوەیی، دینی، مەزهەبی و فەرهەنگیەكانی ئەو وەڵاتە وەلا بخەن و ئەو وەڵاتە و كۆی پێكهاتەكانی لە یەك زمان و رەنگدا بتوێننەوە. لەو ماوەدا ئەم سیاسەتە نە بە جیاوازی ئیدۆلۆژی و فكری و نە بە گۆرینی دەسەڵات و حكومەتەكانیش گۆرانی بە سەردا نەهاتووە. دەسەڵاتەكان لەپێناو چەسپاندن و سەرخستنی سیاسەتە شۆونیزم و نژادپەرەستیەكەیاندا، مەزهەب و ئایین و هەموو میكانیزم و كەرەستەیەكیان بەكار هێناوە.
كوردیش لە ماوەی ئەو 100 ساڵەی باس كرا، لە بەرامبەر هەموو هێرش و پاكتاوێكی فەرهەنگی، مەزهەبی، زمانی و نژادیدا سەرسەختانە دیفاعی كردووە و لە چەندین قۆناغی جیاجیادا خەباتی سیاسی و سەربازی پێكهێناوەو دیفاعی لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی كردووە. ئەوەش یەكێك لە هۆكان بووە كە تا ئێستایشی لەگەڵ بێ دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە وێڕای سیاسەتی زەبر و زەنگ و بەرنامە و پیلانی جیاجیا كار لە سەر شوناسی نەتەوەیی كورد بكەن. بەتایبەت رژیمی ویلایەتی فەقیە بەبێ خوێندنەوە بۆ سیاسەتە شكستخواردووەكانی دەسەڵاتی شای ئێران لە كوردستان و ئیرادەی نەتەوەی كورد بۆ دیفاع و بەرگری لە هۆویەت و شوناسی خۆی، كەوتە ئەزموونكردنەوەی ئەو سیاسەتانە و بە هەڕەشە، هێڕش و پەلامار بۆ سەر كورد و خاكی كوردستان درێژەی بە سیاسەتی پاوانخوازی و رەگەزپەرەستانە دژ بە نەتەوەی كورد دا.
رژیمی ئاخوندی لە كوردستاندا، كوشتاری بە كۆمەڵ، راگواستنی گوند و دێهاتەكان، گرتن و راوەدوونانی كوردپەروەران، تیرۆری رێبەرانی ئەحزاب و چالاكانی سیاسی كورد، پروپاگەندای نێگاتیڤ دژ بە خەڵكی كوردستان و بزوتنەوەكەی، هێرشی فەرهەنگی و پاكتاوی زمانی و جیاكاری و بە هەژار هێشتنەوەی كوردستان و زۆر هەنگاوی دژمنكارانەی دیكەی لە كوردستان تەجروبە و ئەزمون كردەوە. ئەو رژیمە بە رەت كردنەوەو حاشاكردن لە بوونی پرسێك بە ناوی پرسی نەتەوەی كورد و كوردستان هەوڵی دا بە زۆری هێز بابەتەكان یەك لایی بكاتەوە. ئەگەر چی رژیم توانی بە هێز و پەلاماری سەربازی كوردستان داگیر بكاتەوە بەڵام لە دوای ئەو هەموو هەوڵ و كردەوە خراپكارانەی حكومەتی ئاخوندان لە كوردستان و بەرێوەبردنی سیاسەتی نەم بۆ پاكتاوی زمانی و فەرهەنگی و تەبعیز و جیاكاری، بە خۆراگری نەتەوەی كورد و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و فەرهەنگی خۆی رژیم دیسان تووشی شكستێكی گەورە بووەتەوە. هەر بۆیە بۆ شاردنەوەی شكستەكانی لە كوردستان بەشێوەیەكی هستریك بە میلیتاریزەكردنی زیاتری كوردستان و مۆڵدانی هێزی زۆر و بۆریش نەوەستاوەو لە هەنگاوێكی نوێدا و لە 16ی خەرمانانی 1400ی هەتاوی محەمەدی پاكپور فەرماندەی هێزی وشكانی سوپای تیرۆریستی پاسدارانی رژیم دەستی بە هەڕەشە و چاوسووركردنەوە لە ئەحزابی كوردستان كرد و داوای لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق كرد ئەو حیزب و سازمانانەی كوردستانی رۆژهەڵات كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن دەربكەن دەنا بۆ خۆیان هێرشیان دەكەنە سەر. دوای دوو رۆژ لەو قسانە شەپۆلێكی نوێی هێرش بۆ سەر بنكەی ئەحزاب دەستی پێ كرد.
وێڕای ئەو هەموو هێزەی لە كوردستان مۆڵدراوە ترسی رژیم بۆچیە و بۆ لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا هێرش دەكاتە سەر ئەحزابی كوردستانی رۆژهەڵات؟ مەگەر رژیم هەموو كات نەیدەگوت حیزب و سازمانە كوردستانیەكان بووونیان نەماوە و كەس دوایان ناكەوێ؟
لە راستیدا رژیم بەم كردەوە هێستریكانەی لەلایەك پروپاگەندە و سەمپاشیەكانی كە ساڵانێكە لەسەر خەبات و شۆرشی كورد لە كوردستانی ئێران دەیڵێ وەدرۆ دەخاتەوە، لەلایەكی دیكە لەو راستیە حاڵی بووە كە بزوتنەوەی رزگاریخوازانە و ئازادیخوازی كوردستان لە دڵی تاك بە تاكی كوردستانیاندایە و هەتا كورد خاوەنی ئەو بزوتنەوەیە بێ بە ئیرادەیەكی زیاتر و پشت ئەستوورتر دیفاع لە شوناسی نەتەوەیی خۆی دەكات. بۆیە رژیم لەم دۆخەدا تەنیا دووركەوتنەوەی ئەو بزوتنەوەیە لە سنوورەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بە چارەسەر دەزانێ‌.ئەوەش دەرخەری ئەو راستیەیە كە لە دوای 40 ساڵ شكستی دەسەڵات لە داگیركاری، هەوڵی گۆرینی دیموگرافیای كوردستان، پاكتاوی نژادی، فەرهەنگی و زمانی كورد، هێشتایش نەیتوانیوە قەبووڵی ئەو راستیە بكات كە بزوتنەوەی كوردستان لە دوور بێ یان نزیك ماڵی یەك بە یەكی كوردستانیانە و تەنیا مەرجەع و ئادرێسە كە خەڵكی كوردستان بیزانن و پشتی پێ ببەستن و هیچ دەسەڵات و سیستەمێكی سیاسیش ناتوانێ خەڵكی كوردستان و بزوتنەوە ئازادیخوازانەكەی لێكدابڕێ. هەروەها رژیمی ئێران لە هەرێمی كوردستاندا دوای كڵاوی بابردوو كەوتووە چوونكە بزوتنەوەی كوردستانی رۆژهەڵات جوێ لەوەی هۆی زیان و سەرئێشە نەبووە بۆ حكومەتی هەرێم بەڵكوو لە دڵی یەك بە یەكی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا جێگەی گرتووەو ئەم هەوڵ و تەقەلایەی دیكەیشی هاوشێوەی پیلان و هەوڵەكانی پێشووی پێش لەدایكبوون لەبار دەچێ.

ڕێکه‌وت: 2021-10-03 20:08:00
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی